عەباس غەزالی
سروشت ئاوێنەیەکە کە دەتوانین مرۆڤایەتیی خۆمانی تێدا ببینینەوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر ژینگەمان وێران کرد ئەو کات مرۆڤایەتیش وێران دەبێت. ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە کە ڕیشەی لە ناو ڕەوشتی کەونارای کوردان دایە کەسایەتیی نەتەوەیی ئێمە لە ناوچەکەدا بەرجەستە دەکاتەوە.
کورد ئەمڕۆ وەک مرۆڤێکی ئاشتیخواز دەبینرێ کە پێکەوەژیانی لەلا پەسەندە، ئەمەش ڕیشەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کورد لەگەڵ ژینگەکەی خۆیدا بە میهرەبانی ژیاوە. بۆ وێنە، بەر لە چاخی شۆڕشی پیشەسازی کە تێیدا بابەتی ژینگە بووە پرسێکی گرینگی جیهان، لە کوردستاندا پاراستنی ژینگە بابەتێکی سەرەکی بووە. دەتوانین ئەم نموونەیە لە دەڤەری بارزاندا ببینین کە تێیدا ژینگەپارێزی لە سەدەکانی پێشووەوە بووەتە داب و نەریتێکی نەنووسراو.
ژینگەپارێزی تەنیا نیشانەی ئاکار و پاراستنی سەرچاوەکان نیە، بەڵکوو ڕەهەندی دیکەی پەیوەندیداری هەیە. بۆ نموونە، لە ڕووی نەتەوەییەوە یەکێک لە هۆکارەکانی مانەوە و نەتوانەوەی کورد و زمانی کوردی لە مێژووی کۆندا ژینگە سەختەکەی بووە بۆیە پاراستن و پیرۆزڕاگرتنی ئەو ژینگەیە جۆرێکە لە پێشمەرگایەتی لەپێناو کوردایەتیدا.
ئەمڕۆ هۆیەکانی پیسکردن و تێکدانی ژینگە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ زۆرتر بووە، بۆیە ژینگەی کوردستانیش لەبەردەم مەترسیدایە. بۆ نموونە ئاڵوودەیی دەنگ، ڕووناکایی، ڕزینی خاک، خۆڵبارین و بە بیابانبوون بابەتی ئەمڕۆی ژینگەیین کە کاریگەرییان لەسەر ئێکۆسیستەم و ژیان هەیە.
واتا ئەمڕۆ ژینگەپارێزی تەنیا ڕاونەکردن، دارنەبڕین و پیسنەکردن نیە، بەڵکوو، دەبێ بە نیگای زانستی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان بزانین چۆن ئاو و نەفت بەکار بێنین و چۆن خاک و خۆڵمان بپارێزین و دەیان کێشەی تری ژیانمان چۆن چارەسەر بکەین بە بێ ئەوەی زیان لە ژینگە و لە ژیانی نەوەکانی داهاتوو بدەین. بە تایبەتی لەم سەردەمەدا بە چاوێکی ئایندەبینانە بۆ گەشەسەندنی وڵات پێویستە گشت سەرچاوە ژینگەییەکانمان بۆ گرینگ بێت و هەروەها بەو پاراستنە ژیانی نەوەکانی داهاتوومان بپارێزرن. بەم جۆرە دەتوانین بە شێوەیەکی دادپەروەرانە حکومڕانیی ژینگەیی بە مەبەستی پەرەسەندنی پایەدار دابمەزرێنین.
هەروەها، بە هۆی ئەوەی بابەتی ژینگە وەک بابەتێکی جیهانی تەنیا لە ئەستۆی یەک وڵاتدا نیە، گرینگە هەرێمی کوردستان بە یارمەتیی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان پرسی ژینگە بە هەند دابنێ. بە تایبەتی لە ڕووی سیاسییەوە گرینگە بتوانین کوردستان بکەینە شوێنێک بۆ کۆکردنەوەی وڵاتانی ناوچەکە بە مەبەستی تاوتوێی چارەسەرکردنی قەیرانە ژینگەییەکان.
لێرەدا، سوپاسی ئەم هەنگاوەی دەزگای هەرمان بۆ ژینگەپارێزی و ڕۆشنبیری دەکەم کە بە هاوکاریی زانکۆی دهۆک بابەتی ژینگەپارێزی لە شوێنێکی زانستیدا تاوتوێ دەکەن. هیوادارم حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرئەنجامی ئەو کارە هەڵسەنگێنێ و بیخاتە ناو چەرخەی سیاسەتەکانی خۆی. بە تایبەتی گرینگە حکوومەت بە سیاسەتی فەرهەنگیی خۆی بتوانێ کەلتووری ژینگەپارێزی لە هەموو کوردستاندا بڵاو بکاتەوە. بە تایبەتی پێویستە لە ناوەندەکانی پەروەردەدا گرینگیی بە فێرکاریی ژینگەپارێزی بدات. هەروەها پێویستە نۆڕمە نەنووسراوەکانی ژینگەپارێزی بکاتە یاسای نووسراو بۆ ئەوەی کەلتوورەکە باشتر جێ بکەوێت.