هەولێر-KDP.info- بە مەبەستی پتەوکردنی هەمەئاهەنگییەکان و کەمکردنەوەی دیاردە نەخوازراوەکان، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی هەولێر کۆنفرانسێکی هاوبەشیان ئەنجام دا.
لە چوارچێوەی کار و چالاکییە بەردەوامەکان بۆ خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵگە، ئەمڕۆ کۆنفرانسێکی گرنگ بە ئامادەبوونی عەمید کامل بەرزنجی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر و پۆلێک لە ئەفسەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکە لەگەڵ نوێنەرانی ئەوقاف بەڕێوەچوو، تێیدا تیشک خرایە سەر گرنگیی هەمەئاهەنگیی نێوان ئەفسەرانی پۆلیس و مامۆستایانی ئاینی.
لە کۆنفرانسەکەدا جەخت لەسەر ڕۆڵی گرنگ و بەرچاوی مامۆستایانی ئاینی کرایەوە لە ڕێگەی وتارەکانی ڕۆژی هەینییەوە، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان، ڕێگریکردن لە تاوان و پاراستنی ئارامیی کۆمەڵگە هەیە.

هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر داڕشتنی پلانێکی گونجاو کرد بۆ ئەوەی پەیامە ئەمنی و ڕێنماییە یاساییەکان لە ڕێگەی مینبەری مزگەوتەکانەوە بگەنە سەرجەم چین و توێژەکان. پۆلیس و ئەوقاف هاوڕا بوون کە ئەم پێکەوەکارکردنە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی شیرازەی کۆمەڵایەتی.
ئەم کۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دێت بۆ فراوانکردنی ئاسۆی پەیوەندییەکان لەگەڵ ناوەندە کاریگەرەکان، بە مەبەستی دابینکردنی ژینگەیەکی ئارامتر بۆ پایتەخت.
