هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت، دوای ئەلیکترۆنیکردنی مووچە، گرفتی نۆرەگرتنی خانەنشینان بە تەواوی چارەسەر بووە و ئومێدەوارن لەگەڵ بەغدا کێشەی دواکەوتنی مووچەش بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت.
سادق عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''پێشتر بەداخەوە خانەنشینان لە بانکەکاندا مووچەیان وەردەگرت و بەهۆی نۆرەی درێژەوە تووشی گرفتی زۆر دەبوون، تەنانەت قوربانیش هەبوو، بەڵام ئێستا دوای ئەوەی مووچەکانیان کرا بە ئەلیکترۆنی و لە ڕێگەی ئامێرەکانی (ATM)ـەوە مووچە وەردەگرن، ئەو گرفتە ناخۆشە چارەسەر بووە و ئەمەش مایەی دەستخۆشی و دڵخۆشییە.
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان لە کۆتاییی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بە کێشە ماوەکانیش کرد و گوتی، ''هەندێک گرفتی خانەنشینان هێشتا ماون، وەک دواکەوتنی مووچە کە پێویستە بکرێتە مانگانە و دڵنیایی هەبێت لە دابەشکردنی. ئێستا بەشێکی زۆری کارەکان بەرەو پێش چوونە، هەرچەندە هێشتا بەشێکی کەم ماون مووچەکانیان ببێتە ئەلیکترۆنی کە ئومێدەوارین ئەوانیش بە زوویی چارەسەر بکرێن.
بڵند ئیبراهیم