هەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی ڤایرۆسی هانتا لە هەرێم تۆمار نەکراوە، لە هەمان کاتدا جەخت دەکاتەوە کە تەواوی ڕێوشوێنەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە گیراونەتە بەر.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''ڤایرۆسی هانتا نەخۆشییەکی گواستراوەیە و لە ڕێگەی ئەو کەسانەوە دەگوازرێتەوە کە بەرکەوتنیان لەگەڵ قرتێنەرەکاندا (وەک مشک و جرج) هەیە. نیشانەکانی بریتین لە ماندوویەتی، تا، سەرئێشە، ئازاری سک و ماسولکەکان، ڕشانەوە، کۆکە و تەنگەنەفەسی. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، ڕێژەی مردن بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە لە نێوان ٢٠% بۆ ٥٠%ـدایە.
وەزیری تەندروستی دڵنیایی دا و گوتی، ''ئێمە لە وەزارەتی تەندروستی بە وردی چاودێریی ڕەوشەکە دەکەین و بە هەمەئاهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بەدواداچوونی بۆ دەکەین، خۆشبەختانە تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە.
د. سامان بەرزنجی لە کۆتاییدا ڕوونی کردەوە، ''ئامادەکاریی تەواو لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کراوە و ڕێکاری پێویست گیراوەتە بەر. داوا لە هاووڵاتییان دەکەین ڕێکارەکانی خۆپارێزی بگرنە بەر، بەتایبەتی ئەوانەی بەرکەوتنیان لەگەڵ قرتێنەرەکاندا هەیە، چونکە باشترین ڕێگا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر نەخۆشییەک، لە خۆپاراستنەوە دەست پێ دەکات.
قائید میرۆ