زاخۆ-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٤-٥-٢٠٢٦، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی خولی ٣٠ی پێگەیاندنی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازیی ٢ لە زاخۆ، چەند پەیامێکی گرنگی سەربازی و سیاسی ئاراستەی ناوخۆ و عێراق و جیھان کرد.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە وتارەکەیدا جەختی لە ناسنامەی نیشتمانیی ھێزی پێشمەرگە کردەوە و ڕایگەیاند: "پێشمەرگە مەترسی نییە بۆ سەر ھیچ لایەک، بەڵکو پارێزەری ھەموو عێراق و ھەرێمی کوردستانە." ئاماژەی بەوەش کرد کە پێشمەرگە قوربانی گەورەی بۆ گەل داوە و مێژوویەکی پڕ لە شانازی ھەیە، بەتایبەت کاتێک بە ڕابەرایەتی سەرۆک بارزانی توانییان گەورەترین ڕێکخراوی تیرۆریستی کە "داعش" بوو، تێکبشکێنن.
نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی ڕوونی ئاراستەی بەغدا کرد و دووپاتی کردەوە کە "بەھێزی ھەرێمی کوردستان، واتە بەھێزی عێراق." گوتیشی: "ھەرێمی کوردستان بەشێکی گرنگی عێراقە و داھاتووی ھەموومان پێکەوەیە؛ سەرکەوتن و شکستمان پێکەوەیە." بەمەش جەختی لە پێویستیی ھەماھەنگی و ھاوکاریی نێوان ھەولێر و بەغدا کردەوە بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات.
سەرۆکی ھەرێم ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم گەنجە دەرچووانەی ئەمڕۆ پلەی میلازمیان وەرگرت، چاوەڕوانن بچنە ناو "ھێزێکی نیشتمانیی یەکگرتوو." ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ بەردەوامی پرۆسەی یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا.
لە پەیامێکی ڕاستەوخۆدا بۆ ٣٥٩ ئەفسەرە دەرچووەکە، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئێوە خزمەتی خەڵکی کوردستان دەکەن و گەلی کورد شانازیتان پێوە دەکات." ھەروەھا دەستخۆشی لە بنەماڵەکانیان کرد و ڕایگەیاند: "ئێمە و بنەماڵەکانتان شانازیتان پێوە دەکەین کە ڕۆڵەکانتان بۆ پاراستنی نیشتمان پێگەیاندووە."
ئەم مەراسیمە کە تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی باڵا و کونسوڵی وڵاتان ئامادەی بوون، بە نمایشی سەربازیی دەرچووان و پێدانی بڕوانامە بە یەکەمەکانی خولی ٣٠ کۆتایی ھات.
