ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٤ـی ئایاری ٢٠٢٦، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەوەین پەرلەمان کارابکرێتەوە و حکوومەت پێکبھێنرێت.
مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەدوای کردنەوەی پڕۆژەی دووسایدی ٤٠ مەتری سۆران، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، جەختی لەسەر پێویستیی کاراکردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت کردەوە و ڕایگەیاند، "ھەمیشە لەگەڵ ئەوەدا بووین کە دامەزراوەکانی حکوومەت و پەرلەمان کارا بن و بەشێوەیەکی بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ بیروڕاکانی خەڵکی کوردستان بکەن."
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەشکرد، ھەڵبژاردن بۆ ئەوە کراوە تا خەڵک متمانە بە لایەنەکان بدەن و ئەوانیش بە ئەمەکدارییەوە بەرپرسیارەتییەکەیان لە ئەستۆ بگرن، گوتیشی، "لە ڕۆژی یەکەمەوە پشتیوانیی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکھێنانی خێرای حکوومەت بووین، چونکە ئەمە لە خزمەتی خەڵکی کوردستان و خودی لایەنە سیاسییەکانیشدایە."
لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ، مەسروور بارزانی جەختی لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی دەستوور کردەوە و ڕایگەیاند، "داوا دەکەین دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل نەکرێن و خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەکی یەکسان لە سەرانسەری عێراق دابین بکرێن. ھەروەھا پێویستە بەرنامەیەکی تۆکمە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانە دابنرێت کە لە ئارادان."