ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٤-٥-٢٠٢٦، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەرزەپرد و شەقامێکی ٦٠ مەتریی لە سۆران کردەوە و لە وتارێکدا ڕایگەیاند: "دڵخۆشم دیسان لەگەڵتانم و سەردانی سۆران دەکەین بۆ کردنەوەی پرۆژەیەکی تر کە ئەمە بەرزترین پردە لەسەر ئاستی ھەموو عێراق و ئێستا لە شاری سۆران دروست کراوە، ماوەیەکە پلانی بۆ داڕێژراوە و کاری تێدا دەکرێت و شکور بۆ خوا ئێستا بە ئەنجام گەیشت و ئەمڕۆ بە فەرمی ئەم پرۆژەیە دەکەینەوە و دەیخەینە خزمەتی ھەموو ھاووڵاتیانی کوردستان."
سەرۆکی حکوومەت ئەوەشی خستە ڕوو: "لەو ماوەیەی رابردوودا بینیمان کە دۆخێکی زۆر نالەبار لە کوردستان و عێراق ھەبوو، خەڵک زۆر قەلەق بوون لەوەی کە چی ڕوو دەدات؟ بەڵام ئەمانە ھیچیان نەیانھێشت کە ئێمە لە ئەنجامدانی پرۆژەکانمان بوەستین، ژیان بەردەوام دەبێت لە ھەموو ئان و ساتێکدا."
دەقی وتاری مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان:
بە ناوی خودای گەورە و میھرەبان
دڵخۆشم دیسان لەگەڵتانم و سەردانی سۆران دەکەین بۆ کردنەوەی پرۆژەیەکی تر کە ئەمە بەرزترین پردە لەسەر ئاستی ھەموو عێراق و ئێستا لە شاری سۆران دروست کراوە، ماوەیەکە پلانی بۆ داڕێژراوە و کاری تێدا دەکرێت و شکور بۆ خوا ئێستا بە ئەنجام گەیشت و ئەمڕۆ بە فەرمی ئەم پرۆژەیە دەکەینەوە و دەیخەینە خزمەتی ھەموو ھاووڵاتیانی کوردستان، بە تایبەتی دانیشتوانی شاری سۆران و دەوروبەری.
لەو ماوەیەی رابردوودا بینیمان کە دۆخێکی زۆر نالەبار لە کوردستان و عێراق ھەبوو، خەڵک زۆر قەلەق بوون لەوەی کە چی ڕوو دەدات؟ بەڵام ئەمانە ھیچیان نەیانھێشت کە ئێمە لە ئەنجامدانی پرۆژەکانمان بوەستین، ژیان بەردەوام دەبێت لە ھەموو ئان و ساتێکدا. بیرمە کاتی خۆیشی کە شەڕی داعش بوو، دیسان پرۆژەکان ھەر بەردەوام بوون. لە خۆشی و ناخۆشیدا ئێمە لە خزمەتکردن ناوەستین و ھیوادارین بەردەوام بین لەوەی کە بتوانین باشترین خزمەتگوزاری پێشکەشی ھەموو خەڵکی کوردستان بکەین لە ھەموو بوارەکاندا.
من پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و شاری سۆران و دەوروبەری دەکەم بۆ ئەم پرۆژە گرنگە، کە ئەمە قۆناغێکە و قۆناغەکانی تریشی بەدوادا دێت بۆ تەواوکردنی ئەم پرۆژەیە کە دووساید و بەیەکەوەبەستنی ڕێگەکانە. پرۆژەی گەورەتریشمان لەبەر دەستە بۆ ئەوەی پێشکەشی خەڵکی ئەم دەڤەرەی بکەین.
دەستخۆشیی لە (کاڤین گرووپ) دەکەم بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە کە بەشێوەیەکی زۆر جوان و ڕێکوپێک دروستیان کردووە.
وەکوو ھەرجار دیسان دووپاتی دەکەمەوە کە ئەوەی منی زیاتر دڵخۆش کردووە ئەمەیە کە توانای ناوخۆیی وایکردووە ئێمە بتوانین پرۆژەی وا جوان و ڕێکوپێک جێبەجێ بکەین لەسەر ئاستی کوردستان لە ھەموو ناوچەکاندا.
جارێکی تر دەستخۆشی لە جێبەجێکارانی ئەم پرۆژەیە دەکەم، دەستخۆشی لە بەڕێوەبەران و بەرپرسانی ناوچەکە دەکەم و دەستخۆشیی لە خەڵکی کوردستان دەکەم بۆ پاڵپشتییان، بۆ پشتیوانییان، بۆ متمانەبەخشینیان بە ئێمە بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر لە خزمەتی ئەواندا بین.
بابەتێکی تر ھەبوو حەزم دەکرد عەرزی ئێوەی بەڕێز بکەم، بەداخەوە لەم ماوەیەی رابردوو بینیمان کە ھەندێک ڕووداوی نەخوازراو و ناخۆش ڕوویان دا، بە تایبەتی لەم دواییە ئۆتۆمبێلێک بە سێ سەرنشین گەنج و منداڵەوە کەوتنە ناو ڕووبار و خنکان. ئەمە چەند حاڵەتێکە کە لەم دەڤەرە ڕوودەدات و ئەمە جێی نیگەرانییە. بەڕاستی دڵمان دێشێ کە دەبینین کەسانێک ئازیزانی خۆیان لە دەست دەدەن. جێی خۆیەتی من دەستخۆشیی لە ھێزەکانی بەرگریی شارستانی بکەم بۆ ماندووبوونیان، بۆ شەونخوونییان، بۆ بەدواداچوون و گەڕان بۆ دۆزینەوەی تەرمەکان کە بەڕاستی زۆر زۆر خۆیان ماندوو کرد، سوپاسیان دەکەم و دەستخۆشییان لێ دەکەم، سەرخۆشی لە کەسوکاری قوربانییان دەکەم. داواش لە ھەموو خەڵکی کوردستان دەکەم کە ڕێنماییەکان جێبەجێ بکەن، ھەم ڕێنمایی ھاتوچۆ و ھەم ئەو ڕێنماییانەی کە پێشکەشی خەڵکی کوردستان دەکرێن لەوەی کە خۆیان بە دوور بگرن لەو ناوچانەی کە گونجاو نین بۆ سەیران یان دەچنە سەر لێواری ڕووبار کە جێی مەترسین. ئەمانە ھەمووی بۆ سەلامەتی و تەندروستیی خۆتانە، داواکارم پابەندی ڕێنماییەکانی حکوومەت بن و دڵنیا بن کە حکوومەت ھەموو ئاسانکارییەک دەکات بۆ ئەوەی ئێوە لە خۆشیدا بن و بەختەوەر بن.
ئەمڕۆ یەکەم ھەنگاوی پێکھێنانی حکوومەتی فیدرالی لە بەغداش دەست پێدەکات، ئێمە تەمەننای سەرکەوتن بۆ بەڕێز عەلی زەیدی دەخوازین، ھیوادارین سەرکەوتوو بێت لە پێکھێنانی حکوومەتی خۆی و ئێمەش پاڵپشت دەبین بۆ ئەوەی حکوومەتێکی فیدرال دروست بکرێ و مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکرێن. بەشداریی ئێمە لە حکوومەت و لە پەرلەمان بۆ ئەوەیە کە داکۆکیی لە ھەموو مافەکانی خەڵکی کوردستان و مافەکانی خەڵکی عێراق و جێبەجێکردنی دەستوور بکەین وەکوو خۆی.
بەشداریی ئێمە بەشدارییەکی کارا دەبێت و ھەوڵ دەدەین کە پەیوەندییەکانمان لەوپەڕی باشی و لە ئاستێکی بەرزدا بن. ھیوادارم ئەمە ڕێخۆشکەر بێت بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین لە ھەرێمی کوردستانیش پەرلەمان کارا بکەینەوە و دواتر ھەنگاوەکانی تریش دەست پێ بکەین بۆ پێکھێنانی حکوومەت و بکەوینەوە خزمەتی خەڵکی کوردستان جارێکی تر.
من زیاتر لەوە کاتی ئێوە ناگرم، دەستخۆشیی لە ھەموو لایەکتان دەکەم، سوپاسی ئامادەبوونتان دەکەم، ھەر سەرکەوتوو بن، کوردستانیشمان ھەر ئاوەدان بێت.