سۆران-KDP.info- لە درێژەی هەوڵە یەک لەدوای یەکەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆ بڕیارێکی دەرکرد بە سزادانی ئەو شۆفێرانەی لە پەنجەرەی ئۆتۆمبێلەکانیانەوە زبڵ و خاشاک فڕێ دەدەن، سزاکەش تۆمارکردنی پێبژاردەی داراییە بە بڕی ٤٠ هەزار دینار.
لەبارەی ئەو بڕیارەوە، شۆفێرانی ئیدارەی سۆران، لەڕێی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پاڵپشتی خۆیان بۆ ئەو بڕیارە دووپات کردەوە و شۆفێرێکیش دەڵێت، "ئەو بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆ وا دەکات، شۆفێران بەر لە فڕێدانی پاشماوە لە پەنجەرەی ئۆتۆمبێلەکانیەوە، دووجار بیر بکەنەوە و پابەند بن بە پاراستنی ژینگە"
ئاڵا تاهیر، دانیشتووی سۆرانە و وەک شۆفێرێک پاڵپشتی خۆی دەربڕی بۆ ئەو بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆ. ئاڵا، دڵخۆشی خۆی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند و گووتی، بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ هەنگاوێکی کردەییە بۆ پابەندکردنی شۆفێران بە پاراستنی ژینگە. بەداخەوە زۆرێك لە شۆفێران یان هاووڵاتییان پابەند نابن بە خاوێن ڕاگرتنی ژینگە. ئەمەش وا دەکات پێشێلی مافی ئەوانی دی و ژینگەش بکرێت.
دەشڵێت، فڕێدانی پاشماوە و زبڵ لە شوێنە گشتییەکان بە تایبەتی لە پەنجەرەی ئۆتۆمبێلەکانەوە، نەک زیانێکی زۆر بەر ژینگە دەگەیەنێت، بەڵکو وادەکات هاوسەنگی و تەرکیزی هاووڵاتیانی تریش تێک بچێت لەکاتی شۆفێری کردن. بۆیە وەک شۆفێرێک، پاڵپشتی لەو بڕیارە دەکەم و بێگومان دەرکردنی بریارێکی وا بە پێویست و پەسند دەزانم.
هاوکات، ئیفلاح لەشکری، هاوڵاتیێکی تری سۆرانە و وەک شۆفێرێک پشتگیری خۆی بۆ بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ دووپات کردەوە. ئەو هاووڵاتییە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "بەبڕوای من، بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ بە سزدانی سەرپێچیکاران، بە بڕی ٤٠ هەزار دینار بۆ ئەو شۆفێرانەی زبڵ لە ئۆتۆمبێلەکانیانەوە فڕێ دەدەن، دەبێتە هۆی ئەوەی شۆفێر پێش ئەوەی هەر شتێک فڕێ بدات لە پەنجەرەی ئۆتۆمبێلەکەیەوە، دووجار بیر بکاتەوە. ئەو کارمەندانەی شەقامەکان پاک دەکەنەوە، ئەرکێکی قورس جێبەجێ دەکەن، فڕێدانی زبڵ لە ئۆتۆمبێلەوە بێڕێزی و کەمتەرخەمییە بەرانبەر ماندووبوونی ئەوان. ئەم بڕیارە پاراستنی شکۆی ژینگەی کوردستانە و هیوادارم بە تەواوی بەسەر هەموواندا جێبەجێ بکرێت. خۆشم وەک شۆفێر و هاووڵاتییەک، بە تەواوی پشتگیری ئەم بڕیارە دەکەم.
ئەو هاووڵاتییە، لە درێژەی لێدوانەکەی، زیاتر ڕوونی کردەوە و گووتی، ئەم بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆ هەنگاوێکی هەنووکەیی و گرنگە، چونکە پاراستنی ژینگە تەنها ئەرکێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو بەشێکە نیشاندانی ئاستی ڕۆشنبیریی کۆمەڵگە.
فڕێدانی پاشماوە لە پەنجەرەی ئۆتۆمبێلەوە نەک هەر سیمای شار و شەقامەکان تێکدەدات، بەڵکو زۆرجار دەبێتە هۆی بێزارکردنی شۆفێرانی تر و تەنانەت دروستبوونی مەترسی هاتوچۆش (بۆ نموونە فڕێدانی بوتڵی ئاو یان جگەرە). بەداخەوە هەندێک کەس تا سزای دارایی نەبێت، پابەندی ڕێنماییە ژینگەییەکان نابن.
لەلایێکی تر، زەهرا محەممەد، هاووڵاتیێکی دیکەی شارەکە، پێی وایە ئەو بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆ کاریگەری لەسەر بەرزکردنەوەی ئینتیما و خۆشویستنی خاک بەجێدەهێڵێت. ئەو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، خوشەویستی وڵات لە سەروی هەموو شتێکەوەیە، کاتێك ئەم خۆشەویستییە کامل دەبێت کە رێزی لێ بگیرێ و بە جوانی بیهێڵینەوە. بێگومان ئەمەش بە پاك ڕاگرتنی سیمای جوان و ڕێگری کردن دەبێت لە پیسکردنی.
زەهرا لەڕێی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، نیگەرانی خۆی دەربڕی و گووتی، کاتێك دەبینین ئەو ژینگە پاکەی کوردستان بە شێوەیەکی نابەرپرسیارانە پیس دەکرێت لەلایەن شۆفێران و هاووڵاتییانەوە، هەستێکی ناخۆش و دیمەنێکی ناشرین دروست دەکەن. هەر بۆیە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ سزادانی ئەو شۆفێرانەی زبڵ لە پەنجەرەکانەوە فڕێ دەدەن و ڕێز لە ژینگە ناگرن کاریگەری زۆری دەبێت تا شۆفێران زیاتر پابەند بن بە خاوێن ڕاگرتنی ژینگە و جوان هێشتنەوەی نیشتمان.
ئەژین غەفار