ھەولێر-KDP.info- وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، خشتەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی پێشمەرگە واژۆ کراون و ئەوەش وەک هاندانێکە بۆ بەردەوامبوونیان لە پاراستنی خاکی کوردستان و دڵنیاییش دەداتە ئەو ئەفسەرانەی ناویان لەم لیستەدا نییە کە بەم زووانە پلەکانی ئەوانیش بەرز دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 11ی ئایاری 2026، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە، خشتەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرە قارەمانەکانی وەزارەتی پێشمەرگە رادەگەیەنین."
وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کرد، لە سەرەتای دەستبەکاربوونیانەوە وەک تیمێکی یەکگرتوو هەوڵێکی زۆریان داوە تاوەکو ئەم پرۆسەیە لە کات و ساتی یاسایی خۆیدا جێگیر بکەن. گوتیشی، "بڕوای تەواومان وایە کە پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران، دەبێتە وزەیەکی نوێ و پاڵنەرێکی بەهێز بۆ ئەوەی بە ورەیەکی بەرزترەوە، وەک قەڵایەکی پۆڵایین لە پارێزگاریکردن لە خاک و شکۆی گەلی کوردستان بەردەوام بن."
سەبارەت بەو ئەفسەرانەی کە ناویان لەم خشتانەدا نییە، شۆڕش ئیسماعیل دڵنیایی پێدان و گوتی، "دڵنیایی بەو ئەفسەرانە دەدەین کە ناویان لە خشتەکانی دیکەدایە، بە زووترین کات شایستەی پلەبەرزکردنەوەکانیان دەگەڕێتەوە وەزارەتی پێشمەرگە."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، وەزیری پێشمەرگە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە کرد و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیی بۆ خواستن.