هەژێن لوقمان
مێژووی گەلان پڕن لەو وێستگانەی کە تێیدا تاکەکان دەبنە سیمبول، بەڵام کەم و دەگمەنن ئەو کەسایەتییانەی کە مێژوو لە ڕەوتی ئاسایی خۆی دەوەستێنن و دەبنە قوتابخانە.
شەهید لەیلا قاسم بۆ ئێمە تەنها ناوێکی ناو لاپەڕەکان یان تێکۆشەرێکی ئاسایی نییە، ئەو گوزارشت دەکات لە ناسنامەی ڕاستەقینەی ئافرەتی کورد و ئەو ڕێبازەی کە نەوە لە دوای نەوە، هۆشیاریی نەتەوەیی و مرۆیی لێ هەڵدەقوڵێت.
کاتێک باس لە لەیلا قاسم دەکەین وەک قوتابخانەیەک، باس لەو وانانە دەکەین کە تێیدا ئازایەتی و زانست تێکەڵ کراون. ئەو وەک کچە خوێندکارێکی زانکۆ نیشانی دا کە زانستی ڕاستەقینە ئەوەیە کە مرۆڤ بەرامبەر ستەم بێدەنگ نەبێت. ئەم قوتابخانەیە فێری کردین کە ئافرەتی کورد دەتوانێت پێشەنگی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بێت.
ئەو بە هەڵوێستەکانی پێی وتین کە ئافرەتانی کورد لە شۆڕشدا تەنها پاڵپشت نییە، بەڵکو خودی شۆڕشە و ڕۆڵیان لە پیاوان کەمتر نییە، لەیلا ئەو دیوارە کۆنەپەرستییەی ڕوخاند کە خەباتی تەنها لە ڕەگەزێکی دیاریکراودا قەتیس دەکرد.
یەکێک لە قووڵترین پەیامەکانی ئەم قوتابخانەیە ئەوەیە کە ئێمە بۆ کوردستان، پێش ئەوەی ڕەگەزمان دیاری بکرێت، پێشمەرگەیەکین، ئەمە فەلسەفەیەکە بۆ تێگەیشتن لە ئازادی، کە تێیدا نیشتیمان دەبێتە خاڵی کۆکەرەوەی هەمووان بێ جیاوازی.
لەیلا قاسم نموونەی هەرە باڵای کەسایەتیی شۆڕشگێڕی خاوەن "پڕەنسیپ بوو ،کاتێک ڕژێم پێشنیازی کرد کە لەیلا قاسم زانیاریەکانی شۆڕش و زانیاری هاوڕێ تێکۆشەرەکانی بدرکێنێت و لە بەرامبەردا ئازاد بکرێت بەڵام هاوڕێکانی لە سێدارە بدرێن، لەیلا لەم کاتەدا بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە مێژوویەکی تری نووسییەوە، ئەو نیشانی دا کە پاراستنی پیرۆزییەکانی شۆڕش و دڵسۆزی بۆ هاوسەنگەران، لە خودی ژیانی تاکەکەسی گەورەترە، کاتێک بە جلی کوردییەوە و سەربەرزانە بەرەو پەتی سێدارە هەنگاوی نا، پەیامێکی سیاسیی مێژوویی بە دوژمن گەیاند، کە ناپاکی لە شۆڕش و هاوسەنگەرانمان لە فەرهەنگی ئێمەدا بوونی نییە، ئەم هەڵوێستە نیشانی دا کە سێدارە ناتوانێت کۆتایی بە فیکرێک بهێنێت کە ئامادەیە بۆ مەرگ لە پێناو شکۆی نیشتیماندا .
ساڵیادی شەهیدبوونی لەیلا قاسم تەنها بۆ یادی ڕابردوو نییە، بەڵکو بەردەوامی باوەڕ و ئیرادە و ئازایەتی ئەوە لە نەوە بە نەوەی ئێمەدا، ئەو بە خوێنی خۆی بۆ هەموو جیهانی سەلماند کە ئافرەتی کورد خاوەن ئیرادەیەکی پۆڵایینە، وایکرد کە سێدارە لە جیاتی ئەوەی ببێتە کۆتایی، ببێتە سەرەتایەک بۆ هەزاران کچی تر کە بە هەمان بوێرییەوە لە مەیدانی خەباتدا بن، ئەو وانەیەی ئەو بە نەوەکانی داهاتووی وتەوە تا هەتایە لە ویژدانی نەتەوەکەماندا دەمێنێتەوە، ژیان گەر بە سەربەرزی نەبێت، مەرگێکی پڕ لە شکۆ هەزاران جار شەرەفمەندترە.