ھەولێر-KDP.info- ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ڕایگەیاند کە ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی پڕۆژەی ستراتیژیی پشتێنەی سەوزایی هەولێر تەواو کراون. ئەم پڕۆژەیە کە بە فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت، ئامانجی پاراستنی ژینگە و گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵییە لە دەوروبەری پایتەخت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئێستادا کارکردن لە قۆناغی یەکەمدا کە دەکەوێتە پشت شەقامی 150 مەتری (لە نێوان ڕێگەی پیرمام و بەحرکە)، لە قۆناغی کۆتایی دایە. گرنگترین خاڵەکانی ئەم قۆناغە بریتین لە چاندنی 500 هەزار داری زەیتوون و بەکارهێنانی بەرهەمەکان بۆ پیشەسازیی خۆراک و بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوونی ناوخۆیی.
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوە کرد کە لە قۆناغی دووەمدا جەخت لەسەر چاندنی داری فستەق دەکرێتەوە. ئەم هەنگاوە وەک وەرچەرخانێکی ئابووری دەبینرێت، چونکە هەولێر دەخاتە سەر نەخشەی بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی فستەق لە ناوچەکەدا و سەرچاوەیەکی نوێی داهات و هەلی کار یش بۆ کەرتی کشتوکاڵ دابین دەکات.
پارێزگاری هەولێر گوتیشی، "ئەم پڕۆژە ژینگەیی و ئابوورییە لە 8 قۆناغی جیاواز پێکدێت و تەواوی چواردەوری پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە. بەردی بناغەی ئەم پڕۆژەیەش لە ڕێکەوتی 2025/10/30 لەلایەن بەڕێز مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دانرا وەکو بەشێک لە پلانی حکوومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی لە هەولێری پایتەخت و هەرێمی کوردستان.
بڵند ئیبراهیم