ھەولێر-KDP.info- سەرپەرشتیاری پڕۆژەی نوێکردنەوەی سیاسەتی دابینکردنی ئاو و ئاوەڕۆ لە ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حکوومەتی ھەرێم بە ھەماھەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی یونیسێف، پڕۆژەیەکی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوھەوا و مۆدێرنکردنی سیستەمی ئاو دەستپێدەکات، کە ئامانجی گواستنەوەی کەرتی ئاوە لە قۆناغی کلاسیکییەوە بۆ دیجیتاڵی.
ئەندازیار ڤەگێر ئەحمەد، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "پڕۆژەکە لە ڕێکەوتی ٥ / ١٢ / ٢٠٢٥ دەستیپێکردووە و تاوەکو ٣١ / ٥ / ٢٠٢٦ بەردەوام دەبێت. تێچووی خەمڵێنراوی پڕۆژەکە ٧٨,٦٠٠,٠٠٠ دینارە و لەلایەن یونیسێف و بە ھاوکاری کۆمپانیای (VNG International)ی ھۆڵەندی و وەزارەتەکانی شارەوانی و پلاندانان جێبەجێ دەکرێت."
ڤەگێر ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد کە سیاسەتی ئێستای ئاو ھی ساڵی ٢٠١٠یە و پێویستی بە گۆڕانکاری ھەیە، چونکە فراوانبوونی شار و گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەکان فشاری زۆریان خستووەتە سەر تۆڕەکان و گۆڕانی کەشوھەوا و کەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوی مەترسییەکی جددییە.
سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە ڕوونیکردەوە کە پرۆسەکە تەنھا نووسینەوەی پلان نییە، بەڵکو گەڕانێکی مەیدانییە بۆ ١٥٠٠ خێزان لە ھەر سێ پارێزگای ھەولێر، سلێمانی و دھۆک. لەم پڕۆژەیەدا نوێترین تەکنەلۆژیای جیھانی وەکو سیستەمی زانیاریی جوگرافی (GIS) و ئەپڵیکەیشنی (KoboToolbox) بۆ کۆکردنەوەی داتا و نەخشەسازی دیجیتاڵی بەکاردەھێنرێن.
لە کۆتاییدا، ڤەگێر ئەحمەد جەختی کردەوە کە ئەم ڕیفۆرمە جگە لە بەھێزکردنی ژێرخان، دەبێتە ھۆی پاراستنی مافی ژنان و منداڵان لە دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاک و بەرزکردنەوەی ئاستی تەندروستیی گشتی لە ڕێگەی چاودێرییەکی بەردەوامی دیجیتاڵییەوە.
بڵند ئیبراھیم