ههولێر-KDP.info- مەلامستەفا بازرانی ئەمڕۆ چوارشەممە پەیامێکی تایبەتی ئاراستەی تەواوی دامەزراوە حکوومییەکان، لایەنە ژینگەیی و ئەمنییەکان، لێژنە کۆمەڵایەتییەکان، ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، گەشتیاران و هاووڵاتییان كرد.
لە پەیامەكەدا مەلامستەفا بارزانی پڕ بە دڵ دەستخۆشی لە هەموو لایەك كرد کە توانیویانە بە باشترین شێوە ئەرکی خۆیان لە پاراستنی سروشت و و ژینگەدۆستی ڕاپەڕێنن.
ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەكەی مەلامستەفا بارزانییە:
هاتنی وەرزی بەهار و نوێبوونەوەی سروشتی جوانی ئەمساڵی وڵاتە ڕەنگینەکەمان، ڕەوش و خەمڵێکی بێوێنەی داوەتە دەشت و چیا و کانیاو و سروشتی ناوازەی دەڤەرە پیرۆزەکەمان، کە ئەمەش لە سایەی لوتف و بەخشندەیی پەروەردگاری مەزنە کە بەسەر نیشتمانەکەماندا ڕژاندوویەتی و لەلایەکی تر شوکرگوزاریی خەڵکەکەمان بەرامبەر ئەم نیعمەتە ئیلاهییە و پابەندبوونیانە بە باوەڕی پیرۆزی بارزان کە ئەویش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە جەنابی سەرۆک بارزانی لە وتەیەکدا سەبارەت بە ڕێبازی بارزان فەرموویەتی (ژینگەدۆستی یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی ڕێبازی بارزان)، بۆیە بە پێویستی دەزانم لە ناخی دڵمەوە سوپاسی هەستکردنتان بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر پاراستنی ژینگە و سروشتی جوانی وڵاتەکەمان بکەم.
ئەو باوەڕ و هەستەتان لە جێبەجێکردنی ئەم پەیامە پیرۆزەی ڕێبازی بارزان بۆ پاک ڕاگرتنی سیمای جوانی ژینگەکەمان، بەرز دەنرخێنم و پڕ بە دڵ دەستخۆشی و پێزانینی خۆم ئاراستەی تەواوی ژینگەپارێزان لە دامەزراوە ژینگەییەکان، پێشمەرگە قارەمانەکان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە لە کارمەندانی حکوومی لە قایمقامییەت، شارەوانییەکان، لێژنە کۆمەڵایەتییەکان، دەزگا ئەمنییەکان و ڕێکخراوە ناحکوومییەکان دەکەم. هەروەها سوپاسی گەشتیاران و هاووڵاتییانی ئازیز دەکەم کە توانیویانە بە باشترین شێوە ئەرکی خۆیان لە پاراستنی سروشتی ناوچەکە و بڵاوکردنەوەی کولتووری پیرۆز و شارستانیی ژینگەدۆستی ڕاپەڕێنن.
لە کۆتاییدا، دووبارە ڕێز و پێزانینی بێپایانم بۆ هەموولایەکتان هەیە، هیوادارم هەمیشە لە سایەی جەنابی سەرۆک بارزانی، بە ئاشتی و تەبایی و ئارامی ژیان بەسەر ببەن و هەموولایەک پێکەوە بەردەوام بین لە پاراستن و برەودان بە کولتووری پیرۆزی ژینگەپارێزی.
کوردستان هەمیشە ئاوەدان بێت.
مەلامستەفا بارزانی
6ی ئایاری 2026