دوسلدۆرف-KDP.info- لە شاری دوسلدۆرفی وڵاتی ئەڵمانیا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتییەکانی دیاسپۆرا، کۆنفرانسی فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو.
کۆنفرانسەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان و مارشی نەتەوەیی (ئەی ڕەقیب) دەستی پێکرد. لە وتەی دەستپێکدا، خاتوو شیرین زەکی، سەرۆکی فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی، تیشکی خستە سەر ڕۆڵی مێژوویی و کاریگەری ژنانی کورد لە دەرەوەی وڵات و جەختی لەسەر پێویستی یەکگرتوویی و بەردەوامی تێکۆشانی کۆمەڵایەتی و سیاسی کردەوە.
سەرۆکی فیدراسیۆن لە وتارەکەیدا سوپاسی تایبەتی ئاراستەی شیفا بارزانی کرد بۆ پشتگیرییە بەردەوامەکانی بۆ دۆزی ژنان، هەروەها ڕۆڵی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بەرز نرخاند لە گەیاندنی دەنگی کورد بە ناوەندە جیهانییەکان.
لە بەشێکی تری کۆنفرانسەکەدا، ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری گشتی، بەڕێزان (خوناف حاجۆ، کارینا وەزیرێ و نەجلا چامڵیبێل) دیدگای خۆیان بۆ داهاتووی کارەکانی فیدراسیۆن خستە ڕوو. تیشک خرایە سەر گرنگی کارکردن لە بوارەکانی، دیپلۆماسی و لۆبی بۆ ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلی کورد لە پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییەکان و بەکارهێنانی ئامرازە نوێیەکانی میدیا بۆ گەیاندنی چالاکییەکانی ژنان و بەهێزکردنی پێگەی ژن لە خێزان و کۆمەڵگەدا.
هاوکات لە کەشێکی دیموکراسیانەدا، دەرگای دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی نوێی بەڕێوەبەری کۆمیتەی ئەڵمانیا لە دوسلدۆرف کرایەوە. دوای کۆکردنەوەی دەنگەکان، ئەندامانی نوێی کۆمیتەکە ناسێنران و ئەرکی بەڕێوەبردنی چالاکییەکانی داهاتووی فیدراسیۆنیان لە ئەڵمانیا پێسپێردرا.
کۆنفرانسەکە بە کەشێکی پڕ لە جۆش و خرۆش و بە چەند بڕگەیەکی هونەری و میوزیکی لەلایەن گۆرانیبێژ (خاتوو جانێ) کۆتایی بە کارەکانی هێنا، کە نیشانەی زیندوێتی و هێزی کۆمەڵایەتی ژنی کورد بوو لە دیاسپۆرا.
