سلێمانی-KDP.info- ناوەندی سلێمانیی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تەندروستی و ژینگەیی، هەڵمەتێکی بەرفراوانی نیشتمانیی لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەڕێوەبرد.
گرنگترین چالاکییەکانی هەڵمەتەکەش بریتی بوو لە دابەشکردنی سەدان ئاگانامە و ڕێنمایی ژینگەیی بەسەر هاووڵاتیان و گەشتیاراندا، بە مەبەستی چاندنی تۆوی بەرپرسیارێتی بەرامبەر سروشت و لەگەڵ ئەوەشدا ستافی ناوەندی سلێمانی بە شێوەیەکی مەیدانی بەشێکی زۆر لە سەیرانگاکانی سنوورەکەیان لە پاشماوە و خاشاک پاککردەوە.
ناوەندی سلێمانیی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە پاراستنی پاکوخاوێنی ژینگە گەورەترین پێوەری نیشتمانپەروەری و دڵسۆزییە بۆ خاک، چونکە پاراستنی سروشت پاراستنی شکۆ و جوانیی نیشتمان و دابینکردنی ژیانێکی تەندروستە بۆ نەوەکانی داهاتوو. خاوێن ڕاگرتنی سەیرانگاکان ڕەنگدانەوەی ئاستی هۆشیاریی گەلێکی زیندووە کە خاکەکەی وەک ماڵی خۆی دەبینێت.
