هەولێر-KDP.info- بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکارانەوە، لە مەراسیمێکی شایستەدا ڕێز لە ئەرک و ماندووبوونی ١٠٠ کرێکاری سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر گیرا.
ئەمڕۆ شەممە ٢٠٢٦/٥/٢، لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، مەراسیمێکی ڕێزلێنان بۆ کرێکارانی خزمەتگوزاری بەڕێوەچوو.
لە مەراسیمەکەدا، پارێزگاری هەولێر وێڕای پیرۆزبایی لە کرێکاران، تیشکی خستە سەر ڕۆڵی گرنگ و کاریگەری ئەوان لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و پاک ڕاگرتنی سیمای شار و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە هاووڵاتییان. ئومێد خۆشناو جەختی کردەوە کە کرێکاران چینێکی کارا و دڵسۆزی کۆمەڵگەن و شایستەی هەموو ڕێز و پشتیوانییەکی حکوومەتن.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، لە پای ئەو ئەرک و ماندووبوونەی لە کارەکانیاندا کێشاویانە، لەلایەن پارێزگاری هەولێر و ئامادەبووانەوە خەڵاتی ڕێزلێنان بەسەر (١٠٠) کرێکاری شارەوانیدا دابەش کرا.
