هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ ڕایدەگەیەنێت، بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت پڕۆژەی ستراتیژیی هێڵی سێیەمی ئاوی دوکان بۆ سلێمانی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە بە تەواوبوونی، کێشەی ئاوی سلێمانی بۆ ٣٠ ساڵی داهاتوو بنبڕ دەکات.
ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی هێڵی سێیەمی ئاوی دوکان-سلێمانی دەست پێ کردووە. ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە گرنگترین پڕۆژەکانی ژێرخانی ئاو و ئامانج لێی چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەی کەمئاوییە لە پارێزگای سلێمانی.
ئەندازیار ئاری ئەحمەد گوتیشی، ''پڕۆژەکە بە گوژمەی ٤٢٣ ملیار دینار لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکوومەت جێبەجێ دەکرێت. ئێستا کار لەسەر دانانی کەمپ، دیزاین و دیاریکردنی ڕێڕەوی بۆرییەکان دەکرێت و لە ماوەیەکی کورتدا کارەکان بە فەرمی دەست پێ دەکەن.
ئەم هەنگاوەی حکوومەت لە چوارچێوەی ستراتیژیی پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و سوودوەرگرتن لە ئاوی سەرزەویدایە، کە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراوە.
بڵند ئیبراهیم