سۆران-KDP.info- لە چوارچێوەی ھەوڵە بەردەوامەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار، ماستەرپلانی گەشتیاریی بێخاڵ کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژەکە ھەلی کاری فراوان دەڕەخسێنێت و ئامانج لێی گۆڕینی سۆرانە بۆ پایتەختێکی گەشتیاریی گرنگ لە ناوچەکەدا.
ھەژار حەکیم، بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد: "لە ئێستادا کارکردن لەسەر پڕۆژەکە بەردەوامە، یەکێک لە گرنگترین بەشەکانی ئەم ماستەرپلانە بریتییە لە دروستکردنی چەندین پۆند، ھاوکات پڕۆژەی تەلەفریکی ناو گەلی عەلی بەگ کە بڕیارە درێژ بێتەوە بۆ سەر چیای برادۆست و لەوێشەوە بۆ بێخاڵ و شنگلبانە، پاشان بە تەلەفریکی کۆڕەکەوە دەبەسترێتەوە."
سەبارەت بەو زەوی و موڵکانەی دەکەونە ناو سنووری پڕۆژەکە، ھەژار حەکیم ئاماژەی بەوە کرد، لیژنەیەکی تایبەت ھەڵسەنگاندن بۆ موڵکەکان دەکات و خاوەنەکانیان بەپێی پێویست قەرەبوو دەکرێنەوە. جەختیشی کردەوە کە ھیچ ھاووڵاتییەک زیانمەند نابێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە، ئەو موڵکانەی دەکەونە چوارچێوەی ماستەرپلانەکە دووبارە دەدرێنەوە بە خاوەنەکانیان بۆ ئەوەی تێیدا ببنە خاوەنکاری خۆیان و ھەلی کاریان بۆ بڕەخسێت.
بەشە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە:
• دیزاینکردنەوەی سەردەمیانە: بۆ تاڤگەکانی بێخاڵ و گەلی عەلی بەگ.
• تەلەفریک: دروستکردنی ھێڵی تەلەفریک بۆ بەستنەوەی ناوچە شاخاوییەکان.
• پۆند و تاڤگەی دەستکرد: بۆ جوانکاری و گلدانەوەی ئاو.
• خزمەتگوزارییەکان: دروستکردنی چەندین شوێنی پشوودان و کافتریای مۆدێرن بە درێژایی ھێڵی تەلەفریکەکان.
ئەم پڕۆژەیە بەپێی ستانداردە جیھانییەکان جێبەجێ دەکرێت و بە شێوەیەک دیزاین کراوە کە لە ھەموو وەرزەکانی ساڵدا گەشتیاران ڕووی تێ بکەن. ئەمەش بووژانەوەی گەورە لە ناوچەکە دروست دەکات، بەتایبەت کە ساڵانە زیاتر لە ٢.٥ ملیۆن گەشتیار سەردانی ئیدارەی سۆران دەکەن.
ھەژار حەکیم گووتیشی: "ئامانجی ئەم پڕۆژەیەی کابینەی نۆیەم، وەک ڕێزدار سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی پێداوە، ئەوەیە سۆران بکرێتە پایتەختێکی گەشتیاری، بەجۆرێک نەک تەنیا لەسەر ئاستی عێراق، بەڵکو لەسەر ئاستی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش ببێتە قیبلەی گەشتیاران."
لە کۆتاییدا بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سۆران باسی لە دوو جۆر ھەلی کار کرد کە پڕۆژەکە دەیڕەخسێنێت:
١. ھەلی کاری کاتی: لە کاتی جێبەجێکردن و قۆناغەکانی بنیادنانی پڕۆژەکەدا.
٢. ھەلی کاری بەردەوام: دوای تەواوبوون و کردنەوەی پڕۆژەکە، کە تێیدا گەنجانی ناوچەکە دەتوانن سوودمەند بن و کار و پیشەی تایبەت بە خۆیان ھەبێت.
ئەم ھەنگاوە بەشێکە لە پلانی حکوومەت بۆ ھەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داھات و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە تەنیا کەرتی نەوت و گاز، لە ڕێگەی وەبەرھێنان لە سەروەتە سروشتی و گەشتیارییەکانی کوردستاندا.
ئەژین غەفار