ھەولێر-KDP. info- بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە (٥٩)ەمین ساڵیادی دەرچوونی ڕۆژنامەی (التآخی) پەیامێکی پیرۆزبایی راگەیاند کە ئەمە دەقەکەیەتیی:
بەڕێزان/ سەرنووسەر و ستافی بەڕێوەبردن و کادیرانی ماڵپەڕی ڕۆژنامەی (التآخی)
لە یادی (٥٩)ەمین ساڵەی تەمەنی پڕ لە سەروەری و داهێنانی ڕۆژنامەی (التآخی)دا، پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوەی ھێژا و خوێنەران و ئاشنایانی ڕۆژنامەکە دەکەین.
ئەم ڕۆژنامەیە، کە بە بڕیار و ڕێنوێنی (بارزانیی نەمر) دەرچوو، یەکێکە لەو دەسکەوتە گرنگانەی بواری میدیایی بۆ خزمەتگەیاندن بە بواری ڕاگەیاندن بەگشتی و سەنگەرێکی پتەوی داکۆکیکردن بوو لە مافە ڕەواکانی گەلەکەمان و بڵاوکردنەوەی زمانی برایەتی و پێکەوەژیان.
ئەمڕۆ ئەم دەزگا ڕەسەنە لە فۆرمێکی نوێی ئەلیکترۆنیدا بەردەوامە، ئەرکێکی
مێژوویی لەسەر شانە، ئەویش پاراستنی ئەو متمانە گەورەیە و گەیاندنی ڕاستییەکانە بەوپەڕی پیشەییبوونەوە.
هیوادارین ڕۆژنامەی (التآخی) وەک هەمیشە وەک چرایەکی گەشی ڕاگەیاندنی کوردی بمێنێتەوە و لەگەڵ تەکنەلۆژیای سەردەمدا، پەیامە
پیرۆزەکەی بە گڕوتینێکی زیاترەوە بگەیەنێتە جیهان.
بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٩ی نیسانی ٢٠٢٦