سێوسێنان-KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی (سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەڕین) ڕایدەگەیەنێت، نەیاران خەیاڵیان خاوە، چۆن لە ڕابردوو بە کیمیاباران نەیانتوانی بمانوەستێنن، ئێستاش بە درۆن و فشاری ئابووری ناتوانن ئیرادەی گەلی کوردستان بشکێنن.
ئەمڕۆ، عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای (سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەڕین)، بەیاوەریی شاندێکی باڵا، سەردانی ناحیەی سێوسێنانی کرد و تاجەگوڵینەی وەفای لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدانی کیمیابارانی ناوچەکە دانا.
عەلی حوسێن لە وتەیەکدا بۆ ئامادەبووان گوتی، ''ناوچەی قەرەداغ و سێوسێنان مەکۆیەکی گرنگی شۆڕش و لانەی پێشمەرگە بوون، بۆیە ڕژێمی پێشوو بە دڕندانەترین شێوە و بە چەکی کیمیایی هێرشی کردنە سەر. ئێستاش نەیارانی کوردستان کە ئارامی و ئاوەدانیی هەرێم دڵتەنگی کردوون، لە ڕێگەی درۆن و دەستخستنە بینەقاقای ئابووریی هەرێم و برسیكردنی خەڵک، دەیانەوێت ڕێگری لە خۆشگوزەرانیی کوردستان بکەن، بەڵام خۆڕاگریی گەلەکەمان لە پیلانەکانی ئەوان بەهێزترە.
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستن جەختی کردەوە کە پارتی لە ڕێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بێ جیاوازی درێغی ناکات لە خزمەتکردنی گوند و شارۆچکەکان. هاوکات گوێبیستی داواکاریی هاووڵاتییانی ناوچەکە بوو و بەڵێنی بەدواداچوون و جێبەجێکردنی پێدان.


بەرهەم شێخ عزەدین