هەولێر-KDP.info- بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی ژینگەیی و پاک ڕاگرتنی سیمای پایتەخت، لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵمەتێکی فراوانی یەک مانگەی لەژێر دروشمی پاراستنی ژینگە دەستپێکردووە.
پەیوەست بەو هەڵمەتێکی فراوانەش د. زانا مەلا خالید، بەرپرسی لقی دووی پارتی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "وەک لقی دوو، هەڵمەتێکی یەک مانگەییمان ڕاگەیاندووە کە تێیدا ژمارەیەک تیمی خۆبەخش لەناو پارک و شوێنە گشتییەکانی هەولێردا بڵاوەیان پێ کراوە. ئەرکی ئەم تیمانە ڕێنماییکردنی هاووڵاتیان و گەشتیارانە بۆ ئەوەی پاشماوەکانیان کۆبکەنەوە و ژینگەی شارەکە بپارێزن."
بەرپرسی لقی دوو ئاماژەی بەوەش کرد، تەنها لە مەیداندا نین، بەڵکو لە ڕێگەی پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیای سەرجەم ئۆرگانەکانی لقی دووەوە، بەردەوام ڕێنمایی و پەیامی هۆشیاریی ژینگەیی بڵاو دەکەنەوە، بەتایبەت جەختکردنەوە لەسەر کلتووری فڕێنەدان و کۆکردنەوەی پاشماوەکان لە شوێنی دیاریکراودا.
د. زانا مەلا خالید جەختی لەوەش کردەوە، ""ئێمە وەک پارتی، هەمیشە ژینگەپارێز بووین. لە جەنابی سەرۆک بارزانییەوە تا دوا ئەنداممان، پابەندین بەو ڕێبازەی کە هەر لە سەرەتاوە گرنگییەکی زۆری بە ژینگە داوە. هەولێر شارێکی جوانە و بە هاوکاریی هاووڵاتیان و پاک ڕاگرتنی، جوانتر دەبێت."
قائید میرۆ