دهۆک-KDP.info- لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کار، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، ڕەزامەندیی کۆتایی لەسەر جێبەجێکردنی ٢٨ پڕۆژەی نوێی ستراتیژی لە سنووری پارێزگاکەدا واژۆ کرد.
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند، "بە مەبەستی بەردەوامیدان بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و پێشخستنی کەرتی پیشەسازی و وەبەرهێنان، هەموو ئاسانکارییەکی یاسایی و کارگێڕیمان بۆ خاوەنکاران دابین کردووە. ئامانجی سەرەکیمان لەم هەنگاوە، خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتیان و بوژاندنەوەی بازاڕە لە ڕێگەی کەرتی تایبەت و پیشەسازییەوە."
بەپێی بڕیارەکەی پارێزگار، پڕۆژەکان بەسەر دوو کەرتی سەرەکیدا دابەش کراون:
٢٠ پڕۆژە لە کەرتی وەبەرهێنان.
٨ پڕۆژە لە کەرتی گەشەپێدانی پیشەسازی.
پارێزگاری دهۆک جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم پڕۆژانە لەسەر بنەمای ڕێنماییە نوێیەکان پەسەند کراون و ڕێکارە کارگێڕییەکانیان بۆ تەواو کراوە تا لە زووترین کاتدا بچنە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش دەبێتە پاڵپشتییەکی بەهێز بۆ ئاسایشی ئابووری و دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجانی دەڤەرەکە.