ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەمساڵ ساڵێکی زۆر باراناوی و باش بووە بۆ گلدانەوەی ئاو و لە کۆی ٢٥ بەنداو زۆربەیان سەرڕێژ بوون، جەختیش دەکاتەوە کە سیاسەتی حکوومەت بایەخدانە بە ئاوی سەرزەوی و دروستکردنی بەنداوی نوێ.
ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''ئەمساڵ لە کۆی ٢٥ بەنداوی گەورە و بچووک لە ھەرێمی کوردستان، زۆربەیان سەرڕێژ بوون، تەنھا بەنداوەکانی (دوکان، دەربەندیخان و گۆمەسپان) ماون کە ئەوانیش بڕێکی زۆر و باش ئاویان تێدا گلدراوەتەوە و دەربەندیخانیش نزیکە لە سەرڕێژبوون.
خانی ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەو ئاوەی گلدراوەتەوە سوودێکی زۆری بۆ کەرتەکانی کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، گەشتوگوزار و دابینکردنی ئاوی خواردنەوە دەبێت. گوتیشی، ''سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کە گرنگیی تەواو بە ئاوی سەرزەوی بدات، بۆیە پلانمان ھەیە بۆ دروستکردنی بەنداوی نوێ و ھەر کاتێک دۆخی دارایی گونجاو بێت، دەست بە جێبەجێکردنیان دەکەین، چونکە ئامادەکاریی تەواومان بۆ ئەو مەبەستە کردووە.
بڵند ئیبراھیم