هەولێر-KDP.info- بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەردانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات و وێڕای پیرۆزبایی یادی ١٥ ساڵەی دامەزراندنی، ستایشی ڕۆڵی پیشەیی و نەتەوەیی ماڵپەڕەکە دەکات.
د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە یاوەریی ئەندامانی بەش، سەردانی بارەگای ماڵپەڕی فەرمیی (KDP.info) کرد. ئەم سەردانە بە مەبەستی گەیاندنی پەیامی پیرۆزبایی بوو بە بەڕێوەبەر، ستافی نووسین، ڕۆژنامەنووسان و سەرجەم هاوکارانی ماڵپەڕ، بەبۆنەی تێپەڕبوونی (١٥) ساڵ بەسەر دامەزراندنی ئەم دامەزراوە میدیاییەدا.
لە میانی سەردانەکەدا، د. سالار عوسمان تیشکی خستە سەر پێگەی ماڵپەڕی فەرمی و گوتی، ''ئەم ماڵپەڕە وەک سەکۆیەکی میدیایی پیشەیی و ڕاستگۆ، توانیویەتی بەوپەڕی بەرپرسیاریەتییەوە خزمەت بە ڕێبازی پیرۆزی بارزانی بکات و ببێتە دەنگێکی بڕواپێکراو بۆ گەیاندنی پەیامی ڕاستەقینەی پارتی.
بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن ئاماژەی بەوەش کرد، کە ماڵپەڕی فەرمی لە ماوەی تەمەنیدا هەمیشە لە ڕیزەکانی پێشەوەی داکۆکیکردن بووە لە پرەنسیپە نەتەوەییەکان و توانیویەتی بە زمانێکی سەردەمیانە و بە متمانەیەکی زۆرەوە ڕاستییەکان بگەیەنێتە خوێنەران، هەر بۆیەش وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی و جێی باوەڕ دەمێنێتەوە.

