ھەولێر-KDP.info- لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بایەخدان بە چین و توێژە جیاوازەکان، کەرتی چاودێری کۆمەڵایەتی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەخۆوە دەبینێت. یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی وردەکاری ئەو دەستکەوتانە دەخاتە ڕوو.
یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، ئاماژەی بەوە کرد کە لەم کابینەیەدا هەنگاوی کردەیی نراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی کەمئەندامان و مووچەی ١٣,٠٠٠ کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت کە پێشتر ڕاگیرابوو، گەڕێندراوەتەوە، لیژنە پزیشکییەکان پشکنینیان بۆ ١٣,٠٠٠ کەسی نوێ ئەنجامداوە و ناوەکانیان ڕەوانەی بەغدا کراوە بۆ دابینکردنی مووچە، لەگەڵ تۆمارکردنی ١٣,٠٠٠ ناوی تر بۆ قۆناغی داهاتووی پشکنین.
بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی گوتیشی، "لە کاتێکدا پێشتر سنووری پارێزگای هەولێر تەنها ٥ سەنتەری ئۆتیزمی تێدابوو، ئێستا ژمارەی سەنتەرەکان بۆ ٢٠ سەنتەر بەرزبووەتەوە و ئەم سەنتەرانە ڕۆژانە ڕاهێنان و خزمەتگوزاری پێشکەش بە ٨٥٠ منداڵی تووشبوو بە ئۆتیزم دەکەن، کە ئەمەش بارسوکییەکی گەورەیە بۆ سەر شانی خێزانەکانیان.
سەبارەت بە چاودێری بەساڵاچووان، یوسف چاوشین ڕایگەیاند کە ژمارەی خانەکان لە ٣ خانەوە بۆ ٦ خانەی سەردەمیانە زیادی کردووە، بە هاوکاری دەزگا خێرخوازییەکان، خانەی نوێ لە دهۆک، هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کراونەتەوە و لە ئێستادا ١٩٠ بەساڵاچوو لە ژینگەیەکی لەبار و شایستەدا، بەردەوام خزمەتگوزارییە تەندروستی و کۆمەڵایەتییەکانیان پێشکەش دەکرێت.
ئەم هەنگاوانەی کابینەی نۆیەم سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە خزمەتکردنی مرۆڤ و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ چینە کەمتواناکان، لە ئەولەویەتی کارەکانی حکوومەتدایە.
ئەژین غەفار