هەولێر-KDP.info- بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، یەکەم ژمارەی گۆڤاری (٢+٢=١) کە گۆڤارێکی سیاسی، ڕۆشنبیری و ستراتیژییە، بڵاو بکرێتەوە. گۆڤارەکە بە دیدگایەکی نوێوە کار لەسەر کۆکردنەوەی تواناکانی نەتەوەی کورد و چەسپاندنی ئاشتی لەسەر بنەمای ڕێبازی بارزانی دەکات.
غازی عادل گەردی، سەرنووسەری گۆڤاری (٢+٢=١) لە سەروتاری یەکەم ژمارەدا ڕایگەیاندووە، ''٢+٢=١ تەنیا هاوکێشەیەکی ماتماتیکی نییە، بەڵکو دیدگایەکی سیاسی و مێژووییە. کاتێک کورد یەکدەگرێت، دەبێتە هێزێکی بێوێنە لە خزمەت ئاشتی، کەرامەت و مافەکانی گەلاندا.
ئەم گۆڤارە وەک تاقیگەیەکی بیرۆکەکان وەسف کراوە کە ئامانجیەتی پرسی کورد وەک بابەتێکی نێودەوڵەتی و هەرێمی بخاتە ڕوو. کار دەکات بۆ تێپەڕاندنی سنووری پارت و جیاوازییە ئایدۆلۆژییەکان، گەیشتن بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە بەبێ دەستبەرداربوون لە ناسنامە و مافە بنەڕەتییەکان، هەروەها گەیاندنی دەنگی ڕۆشنبیرانی کورد بە دامەزراوە و دیپلۆماتکارانی جیهان بە زمانێکی سەردەمیانە.
سەرنووسەری گۆڤارەکە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوان تێکۆشان و هەڵوێستەکانیان بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییە مێژووییەکان تەرخان دەکەن و دەڵێت، ''ئێمە پێگەیشتووین و لە خزمەت ئەو ڕێگەیەدا دەبین کە باوەڕمان پێیەتی، کە ئەویش ڕێگەی کوردایەتی و ڕێبازی بارزانییە.
ئەژین غەفار