Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 14 MAR 2026 22:28 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

''نەوەكانی داهاتووش دەبێ مسته‌فا بارزانی بكەن بە ئاوێنەیەك بۆ دروستكردنی دواڕۆژ''
| KDP.info


هه‌ولێر-KDP.info- مرۆڤه‌ مه‌زن و ڕابه‌ره‌ وه‌رچه‌رخێنه‌ره‌كان هه‌رگیز ناچنه‌ دووتوێی مانا باوه‌كانی مردنه‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌وان به‌ تۆماره‌كانی ژیان و خه‌باتیان، به‌ دیرۆكی هه‌ڵوێست و ده‌سكه‌وته‌كانیان تاهه‌تایه‌ ده‌بنه‌ چیرۆك و داستانه‌ زیندووه‌كانی مێژوو، ده‌بنه‌ ئه‌و كه‌سایه‌تی و سه‌ركرده‌ ناودارانه‌ی كه‌ پاشناوی نه‌مریی هه‌ڵبگرن. به‌ گه‌واهیی نه‌ته‌وه‌كه‌ی و بگره‌ دۆست و دوژمنانیش، مسته‌فا بارزانی، له‌و هاكێشه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دایه‌، چونكه‌ ئه‌و مرۆڤه‌ مه‌زنه‌ توانیویه‌تی له‌ ئه‌نجامی خه‌باتی بۆ پاراستن و ئامانجی سه‌رفرازی بۆ گه‌له‌كه‌ی ببێته‌ سیمبولێكی دره‌وشاوه‌ی‌ ئازادیخوازیی له‌ مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌ی و جیهانیشدا. ئه‌و ڕابه‌رێكی نموونه‌یی بوو كه‌ سه‌ده‌یه‌ك له‌ مێژووی گه‌له‌كه‌ی و ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌بێ ناو و خه‌باتی ئه‌و هیچ ماناو تێگه‌یشتنێك نابه‌خشێ. ئه‌و له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی رابردوو هاته‌ ئه‌م دنیایه‌وه ‌و یه‌كه‌م قۆناغه‌كانی ته‌مه‌نیشی به‌ ئازار و زیندان ده‌ست پێكرد. پرۆفیسۆری رووسی (میدڤیدكا) دەڵێ، بارزانی زادەی سەدەیە، سەدەی بیستەم، چونكە لەگەڵ دەسپێكی سەدە لەدایكبووە، ئەو مرۆڤێكی بێ وێنەیە، كەسایەتییەكە هەموو ژیانی پێشكەشی سەدە كرد. 

قاره‌مانی سه‌ده‌یه‌ك

(بارزانی نەمر) یەكێكە لە ڕابەرە گەورە و ناسراوەكانی كورد و كوردستان و بەهۆی ئەو خەباتە جیاكار و نموونەییەی لە پێناو ئازادی و سه‌ربه‌ستی دا بە درێژایی زیاتر لە نیوسەدە ئەنجامیدا و ڕۆڵێكی وەرچەرخێنەری لەمێژوودا تۆماركرد، چەندی زەمەن دەگۆڕێ و بەرەوپێش دەڕوات ویستگە و قۆناغ و ئاكام و ئاراستەكانی ئەو مێژووە مۆرك و ڕەنگدانەوەیان بەسەر واقیع و قۆناغە تازەكاندا پرشنگدەدات، ئەمەش گرنگی شێواز و ڕەوتی تێكۆشانی (بارزانیی نەمر)ه‌ وەك ڕابەرێكی مێژوویی. ئێستا دەبینین لە پشت زیاتر لە نیو سەدە خەباتیدا ناو و فیكر و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانیەكانی (بارزانی نه‌مر) ئامادەییەكی كارای لە ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسی و نەتەوەیی لە كوردستاندا هەیە و بووەتە پێداویستیەك بۆ سه‌لماندن و داكۆكی كردن لە ناسنامەی نەتەوایەتی و چارەسەری كێشەی ڕەوای ئەم گەلە. 

ڕۆڵ و كاریگەریی بیر و خەباتی (بارزانیی نەمر) لە كوردستان و لە نێو هاوكێشە و لەسەر شانۆی سیاسی ناوچەكە و جیهان هێزێكی كاریگەره‌، چۆن هەوڵی ناساندن و پاراستنی دۆز و مافی گەلەكەی داوە و تەحەدای هەموو فشار و پەلامار و ململانێیەكانی زلهێزان و وڵاتانی دژ بە كورد و پیلانگێڕ لە پێناو بەرژەوەندییە تەماعكارییەكانیانی كردووە، ئەم واقیعە لە سەدەی ڕابردوودا هەر چەندە كاریگەری خراپ و ڕێگریی زۆری لەبەردەم پێشكەوتنی دۆزی كوردستاندا هەبوو بێ، بەڵام هاوكات بە لێزانی و خەباتی بەهێزی (بارزانیی نەمر) نەهێڵدراوە داگیركەران و دوژمن و نەیاران بە گشت پیلان و مەرامە ناڕەواكانیان لەسەر حیسابی كورد و دۆزەكەی بگەن و هەر ئەم تێكۆشان و خۆڕاگری و بەرپەرچدانەوەیەی ئەم ڕابەرە لەگەڵ ئەو هەلومەرجە بەردەوامەدا لە سەدەی بیستەم، وا یكرد ئەم گەلە دەیان هەوراز و نشێو ببڕێ و كۆڵنەدەرانە بە خەبات و قوربانیدانی خۆی بگاتە ڕاپەڕین و دەسكەوتەكانی نێو قەوارەی ئەمڕۆی كە لە هەرێمی كوردستاندا بەرقەرارە. 

بارزانی، رێبازه‌

ئەم ڕابەرە مەزنە دوای خۆی نەك تەنیا ئەزموونێكی پاك و به‌هێزی سه‌ركردایه‌تییكردن و كلتوورێكی ته‌ندروستی بۆ خزمەتكردنی گەل و خاكی كوردستان جێهێشتووە، بەڵكو (بارزانیی نەمر) توانیویه‌تی ببێتە ئاوێنەی بوون و مانەوەی گەل و نیشتمانەكەی و ئەو سیمبولە مەزنەی كە مێژوو بە شوناس و رۆشنكەرەوه‌ی ئاسۆی سەرفرازی نەتەوەیەك گوزارشتی لێبكات. نەك هەر لە قۆناغەكانی ڕزگاریی نەتەوەیی، بەڵكو دوای (سەربەخۆیی) گەلەكەشی هێشتا بیروباوەڕ و خواست و ئامانجی ئەو وەك قوتابخانەیەك بۆ پەروەردەی فیكری و هەڵوێست و ئاراستەی دروستی ئەركەكان نەخش و ڕێنماییەكی كارا دەگێڕێ‌ و بۆ هەمیشە نەوەكانی گەلەكەی، وەكو مەرجەعێك، بە پەیڕەوكردن و گەڕانەوە بۆ بیر و باوەڕ و رێبازی تێكۆشان و ئاكارەكانی ئەو، چالاكترین وانە و گوڕوتین فەراهەم دەكەن و لێرەوەیە دەتوانن بە شاڕێگەی كاروانی تەندروستی ژیان و پارێزراوی قەوارەی سیاسی و نیشتمانی و پەرەسەندنی بەردەوامی كۆمەڵگەدا هەنگاوی تۆكمە بهاوێژن، هه‌روه‌ك مارتن ڤان برۆنسن ده‌ڵێ، نەوەكانی داهاتووش دەبێ بارزانی بكەن بە ئاوێنەیەك بۆ دروستكردنی دواڕۆژ.  

بارزانی نامرێ

بارزانی ژیانی نەتەوەیەکی ژیانده‌وە، مانای بە بوون و مانەوەی بەخشی، کاروانی سەرکەوتنی بۆ خستەڕێ و ئاسۆی چارەنوسی نیشاندا. بۆیه‌شه‌ بارزانی نه‌مردووه‌ و نامرێ، بارزانی نە کۆچی بووە مەرگ و نە لەدایکبونیشی بۆ تەمەنێکی دیاریکراو بوو .. بارزانی هەبوویەکی جاویدانی و مێژوویەکی بێ کۆتاییه‌، تا وادەی بەجەستە کۆچکردنی، سەرکردە و ڕابەرێک بوو، وەلێ ئێستا رێبازێکه‌.. بیروباوەڕ و ئەدگار و ئامانجی ئه‌و‌، چیای ئازادی و خۆری سەرخۆبوونە، دادگای ئەرک و مافە، تەرازووی دابەشکردنی ژیانە بە یەکسانی.. چۆن دوێنێ، ناوی ئه‌و، خەباتی ئه‌و، ڕابەرایەتی ئه‌و، بوون و بەرخودان و خواستی نەتەوەکەمانی تیا کۆببوەوە، ئەمڕۆش هه‌ر له‌ ناو و مێژووی خه‌باتی ئه‌و گه‌وره‌ ڕابه‌ر‌ه‌دا گه‌له‌كه‌مان پێناسەی خۆی دەبینێ و به‌ شاڕێگەی ڕاستدا درێژە بە کاروانی ڕوو لە سەرکەوتنی دەدات. 

ئەی سەرکردە و ڕابەر، لە زیندوڕاگرتنی رێبازی تۆدایە نەتەوەیەک ناکەوێ و زەمانەتی پێشکەوتنی وەردەگرێ.. ، تۆ و كورد ، تۆ و كوردستان بێ‌ یەكتری شوناسێكی ون و مێژوویەكی نادیارن. مێژووت گەش و ڕێبازت ئاوا، ئەی بارزانی نەمر و مەزن، لێره‌وه‌ له‌گه‌ڵ (هه‌ژار) ده‌یڵێینه‌وه‌:

 

بارزانی هه‌ر هه‌ی وه‌كو بووی

هه‌ر ده‌شمێنی و نه‌مردووی

 

ماڵپه‌ڕی KDP- قاره‌مان مه‌هدی




دوایین هەواڵەکان

سەرۆکی حکوومەت و نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمەریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا

SATURDAY, 14 MARCH 2026 21:03:00

هەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و تۆم باڕاک، نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمەریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد و بە توندی ھێرشەکانی سەر ھەرێمی کوردستان و باڵیۆزخانەی ئەمەریکایان لە بەغدا شەرمەزار کرد.

دهۆک بە خەڵاتی کۆرپەکان یادی بارزانی و ڕاپەڕین دەکاتەوە

SATURDAY, 14 MARCH 2026 21:03:41

دهۆک-KDP.info-​لە هەنگاوێکی مرۆیی و نەتەوەییدا کە تێیدا مێژوو و نەوەی نوێ یەکتریان گرتەوە، شاری دهۆک یادی لەدایکبوونی بارزانیی نەمر و ساڵڕۆژی ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی بە کۆمەڵێک چالاکیی جیاواز بەرز ڕاگرت، کە تێیدا دەستپێشخەرییەکی تایبەت بۆ خەڵاتکردنی ئەو منداڵانە ئەنجامدرا کە لەم ڕۆژە مێژووییەدا لەدایکبوون.

 
مستەفا بارزانی مەشخەڵە دانەمرکاوەکەی ئیرادەی کورد

SATURDAY, 14 MARCH 2026 21:03:05

سەگڤان هالۆ

 
بارزانی نەمر ناسنامەی نەتەوەیی و ڕێبەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان

SATURDAY, 14 MARCH 2026 20:03:32

شێخ ستار عەواڵانی

 
ڕاگەیەندراوێک لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە

SATURDAY, 14 MARCH 2026 17:03:46

ھەولێر-KDP. info-  سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات کە ئەمڕۆ کرایە سەر کونسوڵخانەی گشتیی دەوڵەتی ئیمارات لە هەولێر.



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact