هەولێر-KDP.info- وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ پاراستنی سامانی ماسی لە وەرزی زاوزێدا، بڕیاری قەدەغەکردنی ڕاوەماسی لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەرکرد و ڕێکاری توندیش بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.
بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری، وادەی قەدەغەکردنەکە بەم شێوەیە دەبێت:
دەستپێکردنی قەدەغە: ١٥ـی ئاداری ٢٠٢٦.
کۆتاییهاتنی قەدەغە: ١٥ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦.
ئاساییبوونەوەی ڕاوکردن: ١٦ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦.
وەزارەت هۆشداری دەدات کە بەکارهێنانی ڕێگەکانی وەک (کارەبا، ژەهر، تەقەمەنی و تۆڕی کون ورد) لە هیچ کاتێکدا ڕێپێدراو نییە، چونکە زیانی کوشندە بە ژینگەی ئاوی و سامانی ماسی دەگەیەنن.
ئەم بڕیارە ئاراستەی سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم کراوە و لە ڕێگەی پۆلیسی دارستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە چاودێرییەکی توند دەخرێتە سەر سەرجەم ڕووبار و دەریاچەکان بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە سەرپێچییەک.