هەولێر-KDP.info- فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاندراوێکی توندی سەبارەت بە هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی گشتیی دەوڵەتی ئیمارات لە هەولێر بڵاوکردەوە و داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات سنوورێک بۆ گرووپە لەیاسادەرچووەکان دابنێت.
دەقی ڕاگەیاندراوەکە:
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە ناڕەوایانە دەکات کە دەکرێنە سەر هاووڵاتیان، دامەزراوە مەدەنییەکان و نێردە دیپلۆماسییەکان. ئەم کردەوانە بە تەواوی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەریی خاکن.
بەداخەوە، شەوی ڕابردوو کونسوڵخانەی گشتیی دەوڵەتی ئیمارات لە هەولێر کرایە ئامانج، بەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە. ئەم پەلامارانە لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان هیچ کات بەشێک نەبووە لە ململانێ و شەڕەکان، بەڵکو هەمیشە وەک لایەنگر و پارێزەری ئاشتی، سەقامگیری و پێکەوەژیان لە ناوچەکەدا ماوەتەوە.
دووپاتی دەکەینەوە، کە پێویستە حکوومەتی عێراق بەرپرسیارێتیی پاراستنی سەروەریی وڵات بگرێتە ئەستۆ و ڕێگریی جیدی بکات لەو دەستە و گرووپە توندڕەو و لەیاسادەرچووانەی ناوخۆی عێراق، کە بەبێ هیچ بیانوویەک و بە بەردەوامی هەرێمی کوردستان و نێردە دیپلۆماسییەکان بە ئامانج دەگرن.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان
١٠ی ئاداری ٢٠٢٦