دهۆک-KDP.info- بەبۆنەی ڕۆژی جلوبەرگی کوردییەوە، د. ڤیان سلێمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەخت لەسەر گرنگیی پاراستنی کلتوور و فۆلکلۆری کوردی دەکاتەوە وەک بەشێکی دانەبڕاو لە شوناسی نەتەوەیی.
پەیوەست بە ڕۆژی جلوبەرگی کوردی، د. ڤیان سلێمان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ''تێگەیشتنی مرۆڤی کورد بۆ مێژوو، خاک و کلتوورەکەی، هۆکاری سەرەکیی خۆڕاگریی گەلەکەمان بووە لەنێو سەختییەکاندا. جلوبەرگی کوردی تەنیا پۆشاک نییە، بەڵکو وەک زمان، خاک و ئاڵا، هێمای بوون و شوناسی ئێمەیە، شانازیکردنیش بەم کلتوورە دەوڵەمەندە ئەرکی سەرشانی هەموو تاکێکی کوردە.
لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا، د. ڤیان سلێمان تیشکی خستە سەر پیرۆزیی ڕەنگی (خاک) و گوتی، ''خۆشەویستیمان بۆ ڕەسەنایەتی و زمان، لەناو پارچەکانی جلوبەرگماندا بە زیندوویی ماوەتەوە، تا ئەو ڕادەیەی ڕەنگی (خاک) بووەتە نیشانە و پۆشاکی پێشمەرگە قارەمانەکان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە هەرچەندە فشار و پەلاماری دوژمنان زۆرتر بێت، پابەندیی کورد بە ناسنامە نەتەوەییەکەیەوە بەهێزتر دەبێت.
د. ڤیان سلێمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، ''پۆشینی جلوبەرگی کوردی لەم ڕۆژەدا، نیشانەی ڕێز و خۆشەویستی و شانازیکردنە بە مێژوو و ڕەچەڵەکی کوردان. ئەم ڕۆژی ڕەسەنایەتییە لە هەموو کوردستانیان پیرۆز بێت.
ئەژین غەفار