ھەولێر-KDP.info- سوپاسالاری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ چاکسازی و یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە بەڵێنی خۆی جێبەجێکرد، ئێستا لە ھەرێمی کوردستان یەک ھێزی پێشمەرگە ھەیە و لەژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە."
فەریق جەمال ئیمینکی، سوپاسالاری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو بەڵێنەی بۆ یەکخستن و چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دابووی، ١٠٠%جێبەجێی کردووە، ١١ فیرقە لە چوارچێوەی دوو دەڤەر دروست کراون، ئەوانیش دەڤەری یەک و دەڤەری دوو، ئێستا ھیچ ھێزێک لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە نەماوە و لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدان، ئەوەش بەھاوکاری ھێزەکانی ھاوپەیمانان بوو، بۆیە ئەو خاڵانەی بۆ چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دانرابوو سەرجەمیان جێبەجێ کراون."
فەریق جەمال ئیمینکی گوتیشی "ئێستا ھەرێمی کوردستان یەک ھێزی پێشمەرگەی ڕێکخراوی بە یەک سیستەم و یەک نیزام هەیە و وەزارەتی پێشمەرگە سەرپەرشتی دەکات، ئەوەش ئەو چاکسازییانەن ھاوپەیمانان داوایان کردبوو، ئێستا لیواکان سەر بە فیرقەکانن، ئەو فیرقانەش سەر بە ھەردوو دەڤەری یەک و دوون."
دەشڵێت "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان هەنگاوێکی گرنگی ناوە، ڕێکخستنی باش کراوە و ھاوپەیمانانیش ھاوکار بوونە، ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە سەرپەرشتی سەرجەم ھێزەکانی پێشمەرگە لە ھەرێمی کوردستان دەکات."
بڵند ئیبراھیم