هەولێر-KDP.info- لەم هەفتەیەوە، پڕۆسەی دابەشکردنی غازی ماڵان لە سنووری پارێزگای هەولێر دەچێتە قۆناغێکی نوێوە و لە ڕێگەی کارتی ئەلکترۆنییەوە ئەنجام دەدرێت. ئامانجی ئەم هەنگاوە چەسپاندنی دادپەروەری و ڕێگریکردنە لە هەر جۆرە قۆرخکاری و فێڵکردنێک لە پشکی هاووڵاتییان.
بەڕێوەبەری سووتەمەنی هەولێر ئاری کاکەشین، سەبارەت بە سیستەمی نوێی دابەشکردنی غاز گوتی، "بەمەبەستی چەسپاندنی دادپەروەری و یەکسانی، بۆ هەر خێزانێک کارتی ئەلکترۆنی دروست کراوە. لەم هەفتەیەوە دابەشکردنی غاز بەپێی بڕی بەردەست تەنیا لە ڕێگەی ئەو کارتەوە دەبێت. ئەم هەنگاوە ڕێگری دەکات لە هەر جۆرە فێڵکردنێک و گەرەنتی ئەوە دەکات غاز بەشێوەیەکی یەکسان بگاتە دەستی هەموو هاووڵاتییان.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئاری کاکەشین ئاماژەی بەوە کرد، "ئەم سیستەمە تەنیا بۆ غاز نییە، بەڵکو بۆ تەواوی سووتەمەنییەکانی دیکەش پەیڕەو دەکرێت. ئێستا زۆرینەی خەڵک لە ڕێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە کارتە ئەلکترۆنییەکانیان وەرگرتووە و لەم هەفتەیەوە کارایی دەبێت. ئەمە یەکێکە لە باشترین هەنگاوەکانی حکوومەت بۆ ئەوەی هیچ هاووڵاتییەک لە مافی خۆی بێبەش نەبێت.
بڵند ئیبراهیم