لەیلا عەبدلجەبار
کاتێک جیهان یادی ٨ی مارس دەکاتەوە، مێژووی پڕ لە قوربانی و تێکۆشانی ئافرەتان بۆ وەدەستهێنانی ماف و دادپەروەری بەرز ڕادەگرێت. بۆ ئێمەی کورد، ئەم یادە تەنیا بۆنەیەکی جیهانی نییە، بەڵکو تێکهەڵکێشە لەگەڵ خەباتێکی نەتەوەیی کە تێیدا یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان (ی.ئـ.ک) وەک قوتابخانەیەکی پێشەنگ، توانی ئیرادەی ژنی کورد وەک بەشێکی دانەبڕاو لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی جیهانی بباتە قۆناغێکی نوێوە.
ئەگەر ٨ی مارس یادکردنەوەی قوربانیانی کارگەی ڕستن و چنین بێت لە نیویۆرک، ئەوا مێژووی خەباتی ئافرەتانی ناو ڕیزەکانی پارتی و (ی.ئـ.ک)، گێڕانەوەی قارەمانێتی ئەو ژنانەیە کە لە یەک کاتدا بۆ ئازادیی خاک و مافە مرۆییەکان تێکۆشاون. پارتی دیموکراتی کوردستان بە دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە، ڕاستییەکی مێژوویی چەسپاند، کە کوردستان ناتوانێت بەرەو ئایندەیەکی پڕشنگدار هەنگاو بنێت ئەگەر ئافرەت وەک هاوبەشێکی ڕاستەقینە لە گۆڕەپاندا ئامادەیی نەبێت.
یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان تەنیا ڕێکخراوێکی پیشەیی نەبووە، بەڵکو زانکۆیەکی مەعریفی بووە بۆ شکاندنی ئەو بەربەستە کلاسیکییانەی کە دەیانویست ئافرەت لە پەراوێزی مێژوودا بهێڵنەوە. ئەو سوپایە لە ئافرەتی لێهاتوو کە ئەمڕۆ لە پەرلەمان، حکوومەت و ناوەندە ئەکادیمییەکاندا خاوەن بڕیارن، بەرهەمی ئەو باوەڕە پتەوەیە کە پارتی لە ڕێگەی (ی.ئـ.ک)ـەوە لە پێگەیاندنی کادیر و سەرکردەدا چاندوویەتی.
ئەمڕۆ ئامادەیی ئافرەتی کورد لە کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکاندا، سەلمێنەری ئەوەیە کە خەباتی ئێمە هاوتەریبە لەگەڵ خەباتی ئافرەتانی جیهان. پارتی وەک هێزێکی نوێخواز، توانی وێنەی ئافرەت لە قوربانییەکەوە بگۆڕێت بۆ بڕیاردەرێکی کارا. ئێستا جیهان بە ڕێزەوە دەڕوانێتە ئیرادەی ژنی کورد، چونکە توانیویەتی لە یەک کاتدا داکۆکی لە شوناسی نەتەوەیی و شوناسی مرۆیی خۆی بکات.
لە یادی ٨ی مارسدا، سڵاو بۆ ئەو ژنانەی لە جیهاندا بۆ مافەکانیان جەنگان، و هەزاران سڵاو بۆ ئەو ئافرەتە تێکۆشەرانەی کوردستان کە لە ژێر ئاڵای یەکێتیی ئافرەتاندا، مێژوویەکیان نووسییەوە پڕ لە شانازی. ئەم کاروانە، کاروانی شکۆ و یەکسانییە و تا گەیشتن بە سەرکەوتنی کۆتایی، هەرگیز ڕانەوەستێت.