ئەورووپا-KDP.info- لقی ٦ی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی ساڵڕۆژی ٤٧ەمین ساڵەی کۆچی دوایی بارزانی نەمر مەڕاسیمێکی سازکرد.
ئێوارەی دوێنێ ڕێککەوتی ١ی ٣ی ٢٠٢٦، کۆڕێکی ماتەمینی بەسەرپەرشتی سەرھەد غەفووری بەرپرسی لقی ٦ی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ یادی ٤٧ەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی نەمر بەڕێوەچوو.
لە مەڕاسیمەکەدا کە چەندین کەسایەتی سیاسی لە ھەر چوار پارچەی کوردستان و بەرپرسی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە ئەورووپا و ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و ئەندام و لایەنگرانی پارتیمان و کوردستانیانی ئەڵمانیا لە شاری ڕاتینگن ی ئەم وڵاتە سازکرا.
لە مەڕاسیمەکەدا بە سروودی ئەی ڕەقیب و دەقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی بارزانی نەمر و کاکە ئیدریسی ھەمیشە لەیاد و سەرجەم شەھیدانی کوردستان دەستی پێکرد و سەرھەد غەفووری بەرپرسی لقی ٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان وتەیەکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد کە تیایدا وێڕای بەخێرھاتنی سەرجەم ئامادەبووان و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و کۆمەڵەی کەلتووری و جەماوەری و کۆنفدڕاسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و یەکێتی ئافرەتان و پیاو ماقوڵانی ھەر چوار پارچەی کوردستانی کرد و تیشکی خستەسەر خەبات و قوربانیدانی بارزانی نەمر لەسەرجەم قۆناغەکانی شۆڕش.

بەرپرسی لقی ٦ گوتی: ئەمڕۆ یادی ٤٧ ساڵەی کۆچی دوایی مرۆڤێکی مەزن و جەنەڕاڵێکی ماندوونەناس و شۆڕشگێڕ و ڕابەرێکی بێھاوتا دەکەینەوە. ڕابەرێک ڕەوایی و سەرکردایەتیکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ھاوچەرخی نەتەوەی کوردی لە مێژووی گەلەکەی و ڕەوایەتی مافەکانی لە خەباتی پێشمەرگایەتی بێ پسانەوە وەرگرتووە. ئێمە کە یادی کۆچی دوایی ئەم ڕابەرە مەزنە دەکەینەوە پابەندبوونی خۆمان بە ڕێبازەکەی دووپات دەکەینەوە و بڕوای تەواومان بەوە ھەیە کە ڕێنیشاندەر و پێشەوامانە لە خەباتی ڕەوای نەتەوەکەماندا و پابەندبوونی خۆمان بە بنەما نەگۆڕەکانییەوە دووپات دەکەینەوە کە بریتین لە بڕوابوونی بێ چەندووچوون بە مافی ڕەوای نەتەوەیی کورد و دامەزراندنی قەوارەی سیاسی سەربەخۆیی و دابینکردنی ئازادی سیاسی و سەرفرازی نیشتیمانی و دیموکراتی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی. بنەماکانی دیکەی ڕێبازی بارزانی نەمر بریتین لە: چەسپاندن و پاراستنی پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی لە کوردستان.

لە کۆتاییدا بەرپرسی لقی ٦ی ئەورووپا تیشکی خستەسەر ئەوەی کە کوردستان پتر لە جاران پێویستی بەیەکگرتن و یەک ھەڵوێستی ھەیە و لە یەک نزیکبوونەوە و دانوستاندن بەردی بناغەی لە یەک تێگەیشتن و بەھێزی کوردستانە نموونەش بۆ ئەمە بانگھێشتکردنی مەزڵوم عەبدیە لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ کۆنگرەی ئاسایشی میونشن بێگومان لەژێر ڕۆشنایی و رێنمایی سەرۆکی و مەرجەعی ھێژامان مەسعود بارزانی بۆ یەکخستن و بەھێزکردنی کورد و کوردستان بێگومان ئەمجۆرە ڕووداوە سیاسییانە بەرھەمی قوربانیدان و ڕێنیشاندانی بارزانی نەمرن کە لە پێشوو و ئێستادا پەیڕەو دەکرێن.
ئاری حاجی