هەولێر-KDP.info- بەبۆنەی ١٥ ساڵەی دامەزراندنی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامێکی دەستخۆشی و پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەر و ستافی ماڵپەڕ دەکات و جەخت لەسەر پاڵپشتیی بەردەوامی خۆی بۆ گەشەپێدانی ئەم دەزگایە دەکاتەوە.
دەقی بروسکەی پیرۆزباییەکەی مەکتەبی سیاسیی:
بەڕێزان/ بەڕێوەبەر و ستافی بەڕێوەبردن و کادیرانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان
لە ساڵیادی دامەزراندنی ماڵپەڕی فەرمیی پارتیمان، پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوەی هێژا و نووسەر و خوێنەرانی ماڵپەڕە ئازیزەکەتان دەکەین و، هیوای بەردەوامی و سەرکەوتن و پێشڤەچوونی زیاترتان بۆ دەخوازین.
دامەزراندنی ماڵپەڕی (KDP.info) جیا لەوەی ڕاسپاردەیەکی کۆنگرەی سیانزەی پارتیمان بوو، هەنگاوێکی گرنگ و پێویستیش بوو لە بواری ڕاگەیاندن و میدیای نوێدا، لەو ماوەیەی تەمەنیدا ئەو دیجیتاڵ میدیایە توانیویەتی ڕۆڵی شیاوی خۆی ببینێ و، ڕاستگۆیانە و دڵسۆزانە لە ئاست پەیام و بەرپرسیاریەتیی قوناغەکە دا بێت، ئەمەش مایەی شانازی و دەستخۆشییە.
لەم یادەدا وێڕای پیرۆزبایی گەرممان، پاڵپشتی بەردەواممان بۆ پێشخستن و سەرخستنی ماڵپەڕەکەتان بە تەواوی پلاتفۆڕمەکانییەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دووپات دەکەینەوە و، چاوەڕوانی کار و بەخششی زیاترتان لێدەکەین.
بە هیوای بەردەوامی و خزمەتی زیاتر.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
١ـی ئاداری ٢٠٢٦