ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە شاندێکی بزووتنەوەی سادقون کرد. لە دیدارەکەدا جەخت لە بنیاتنان و بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا کرایەوە بۆ خزمەتی گشتی و پاراستنی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان.
ئەمڕۆ، دووشەممە ڕێکەوتی ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، شاندێکی باڵای بزووتنەوەی سادقون بە سەرۆکایەتی بەڕێز (د. نعیم العبودی) سەردانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە پیرمام کرد و، لە لایەن بەڕێز فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی پێشوازییان لێکرا.
لەدیدارەکەدا، کە ھۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی کارگێر و، ھەڤاڵان زەعیم عەلی و نەوزاد ھادی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و دکتۆر ئومێد سەباح ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ئامادەیبوون، جەخت لە بنیاتنان و بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا کرایەوە بۆ خزمەتی گشتی و پاراستنی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا گۆڕانکاریی و ئاڵنگاریەکانی قۆناغەکە خرانە بەر باس و، ھەماھەنگی و گفتوگۆی بەردەوامی نێوان لایەنە سیاسییەکان بە زەرورەت زانرا لە پێناو حکومڕانییەکی باش و سەقامگیریی عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکان، ھەروەھا جەخت لە پاراستنی بنەماکانی بنیاتنانەوەی عێراقی نوێکرایەوە بە بەشداری سەرجەم پێکھاتەکان کە ئەمەش لە بەرژەوەندی وڵات و پێکھاتەکان و ھاووڵاتیان و چەسپاندنی پێکەوەژیان و دیموکراسییەت دایە.
لە کۆتاییدا، ھەردوولا تەئکیدیان لە بەردەوامی و بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان کردەوە و بڕیاردرا کە دیدار و کۆبوونەوە و سەردانەکان بەردەوامبن.

