هەولێر-KDP.info- وەزارەتی ناوخۆى حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتووە، هاووڵاتیانی ئازیز ئاگادار دەکەینەوە کە ماوەیەکە دەنگۆی ناڕاست بڵاو دەکرێتەوە کە حکوومەتی فیدراڵ/وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران  قەرەبووی ئەو هاووڵاتیانە دەکاتەوە کە بە هۆی سیاسەتەکانی رژێمی بەعس بە تایبەت لە دوای ڕێکكەوتنامەی شوومی جەزائیر لە ساڵی ١٩٧٥ ئاوارەی وڵاتانی ئێران و تورکیا و سووریا بوون و لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلەکەمان لە ١٩٩١ گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان.
	 وەزارەتی ناوخۆى حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێ: لێرەوە بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیێنین، کە سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان/ وەزارەتی ناوخۆ هەوڵی زۆری داوە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، حکوومەتی فیدراڵ بەرپرسیارێتیی خۆی بەرامبەر بەو خانەوادە بەڕێزانە جێبەجێ بکات، تا نووسینی ئەم ڕوونکردنەوەیە هیچ وەڵامێکی فەرمی لە لایەن حکوومەتی فیدڕاڵی پێمان نەدراوە و کۆی ئەو هەواڵانەی لە ئێستادا بڵاو دەکرێنەوە دوورن لە ڕاستی.
	ئاماژەى بەوەش داوە، بۆیە  ئاگاداری هاووڵاتیانی ئازیز دەکەینەوە  کە نەکەونە بەر لێشاوی پرووپاگەندەی هەڵبژاردن بۆ بەرژەوەندیی چەند کەس و لایەنێک. دڵنیاتان دەکەین کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئەرک و بەرپرسیارەتیی خۆی هەڵدەستێ و تا بەدەستهێنانی مافەکانتان بە تایبەت مافی قەرەبووکردنەوەی ئاوارە گەڕاوەکان بۆ نیشتیمان، بەردەوام دەبێت و هەر زانیاری و هەنگاوێکی فەرمی هەبێت، لە سەرچاوەی فەرمییەوە پێتان ڕادەگەیەندرێت.