دکتۆر سامان سۆرانی 
	لە ناو ئەو گۆڕانکارییە سیاسی و ئاسایشییە خێرایەی، کە عێراق و ناوچەکە بە خۆیەوە دەیبینێ، پارتی دیموکراتی کوردستان لە مامەڵەکردنی لەگەڵ ئالنگارییەکان وەکوو ھێزێکی سیاسی خاوەن دیدێکی ھاوسەنگ و ستراتیژێکی ڕوون دەرکەوتووە.
	پارتی دیموکراتی کوردستان توانیویەتی لە نێو قەیرانە ناوخۆییەکان و ململانێ ھەرێمییەکان لەڕێگەی پەیڕەوکردنی دیپلۆماسییەتێکی ھێمن و کاریگەر لەسەر بنەمای دیالۆگ و کرانەوە و ھاوسەنگی بەرژەوەندییەکان پێگەی خۆی وەکوو ئەکتەرێکی سەرەکی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی بچەسپێنێت. 
	لە ساڵی ١٩٤٦ پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرکردایەتی نەمر مستەفا بارزانی دامەزرا، ھەر لەو کاتەوە ھەڵگری پەیامی خەبات بووە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کوردستان لە چوارچێوەی دادپەروەری و ئازادی و دیموکراسی، ھەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە پارتی پرەنسیپی چارەسەری ئاشتیانە و دیالۆگی لەگەڵ ھەموو لایەنەکان پەیڕەو کردووە و بڕوای تەواوی بەوە ھەیە، کە سەقامگیری کوردستان و عێراق تەنھا لەڕێگەی لێکتێگەیشتن و ھەماھەنگی بەدی دێت، نە لەڕێگەی ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوە. 
	ئەم ڕێبازە ئاشتیخوازانە و دیپلۆماسییە بەدرێژایی چەندین دەیەیە پەرەی سەندووەو لەساڵانی ڕابردوودا بۆتە بەردی بناغەی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەتایبەتی لەژێر سەرکردایەتی سەرۆک و مەرجەع، مەسعود بارزانی، کە توانیویەتی ھەرێمی کوردستان لە ناوچەیەکی پڕ لە ململانێ بکات بە مۆدێلێکی سەرکەوتوو بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانە و سەقامگیری.  
	لە دوای ساڵی ٢٠٠٣، ھەرێمی کوردستان و عێراق ڕووبەڕووی ئالنگارییەکی یەک لە دوای یەک بوونەوە، لەوانە تیرۆر، ناکۆکی سیاسی، قەیرانی ئابووری و دەستێوەردانی ھەرێمی، لەگەڵ ئەوەشدا پارتی توانی لە ڕێگەی ئامرازی دیپلۆماسی پتەوەوە قەیرانەکان بگۆڕێت بۆ دەرفەت، بۆ نموونە لە کاتی شەڕ دژ بە داعش (٢٠١٤-٢٠١٧)، پارتی بە ڕێبەرایەتی سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی گرنگی ھەبوو لە ڕێکخستنی ھەوڵە نێودەوڵەتییەکان و پشتیوانیکردنی ھێزەکانی پێشمەرگە و بەرز ڕاگرتنی وێنەی ئەرێنی کوردستان وەکوو ھاوپەیمان و ھاوبەشێکی باوەڕپێکراو لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دواجار ئەفسانەی داعش تێکشکێنرا، پارتی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا سیاسەتی دیالۆگی بەردەوامی گرتەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان و گەڕان بەدوای چارەسەرێکدا، کە مافەکانی ھەرێم بپارێزێت و پشتیوانی لە یەکڕیزیی دەستووری عێراق بکرێت. 
	لەسەر ئاستی ھەرێمی، پارتی پەرۆشی دروستکردنی پەیوەندییەکی ھاوسەنگ بوو لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی وەکوو تورکیا، ئێران و سوریا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ھاوبەش و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتانە، ئەمەش یارمەتیدەر بووە بۆ بەھێزکردنی سەقامگیری سنوورەکان و کرانەوەی ئابووری.
	پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پاڵپشتیکردنی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان دەزانێت فاکتەری نێودەوڵەتی چەند گرینگە، بۆیە کاری لەسەر فراوانکردنی تۆڕی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێم لەگەڵ وڵاتانی زلھێز و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە، پێشوازیکردنی پارتی لە شاندی دیپلۆماسی ڕۆژئاوایی و ڕۆژھەڵاتی و عەرەبی لە ھەولێر بۆتە ھۆکاری ئەوەی ھەولێر ببێت بە ناوەندێکی سیاسی گرنگی ناوچەکە. 
	لە ھەمان کاتدا پارتی ھاندەری وەبەرھێنی بیانی بووە، بە تایبەتی لە بوارەکانی وزە و ژێرخان و بەشدارییەکی کارای کردووە لە کۆنفرانس و کۆڕ و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان و دیالۆگە ھەرێمییەکان، کە بابەتی ئاسایش و پەرەپێدانیان مەبەستە. 
	بەم ڕێبازەی پارتی سەرکەوتوو بووە لە گەیاندنی وێنەیەکی ئەرێنی سەبارەت بە کوردستان وەکوو ھەرێمێکی ئارام و سەقامگیر و کراوە بەڕووی جیھان. 
	لە پشت ئەم سەرکەوتنەوە مەزنەوە شێوازێکی سەرکردایەتی ژیر و حەکیمانە بوونی ھەیە، کە پابەندبوون بە ڕێباز و نەرمی لە تاکتیکی سیاسی تێکەڵ دەکات، پارتی بە ڕابەرایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی و ھاوکاری ھەردوو جێگرەکانی، بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی لە سەرۆکایەتی ھەرێم و مەسروور بارزانی وەکوو سەرۆکی حکوومەت توانای بەڕێوەبردنی کێشە ئاڵۆزەکانی بە ژیرییەکی بەرز و لۆژیکێکی سەردەمییانە نیشانداوە.
	ئەم سەرکردایەتییە بەھێزە دیپلۆماسییەتی کردۆتە ئامرازێک بۆ بەدیھێنانی سەقامگیریی ناوخۆیی و ھاوسەنگی لە نێوان ھێزە سیاسییەکان و بەھێزکردنی پێگەی کوردستان لەچوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا. 
	لە کۆتاییدا، ئەو دیپلۆماسییەتەی پارتی دێموکراتی کوردستان پەیڕەوی دەکات تەنھا ئامرازێکی سیاسی نییە، بەڵکو فەلسەفەیەکی گشتگیرە، کە لە مێژوویەکی دوورو درێژی خەبات و ئەزموونەوە سەرچاوەی گرتووە. 
	دیپلۆماسییەتێکە، کە شارەزایە لە ھونەری ھاوسەنگی پرەنسیپ و بەرژەوەندییەکان، باوەڕی بە دیالۆگ ھەیە نەوەک ڕووبەڕووبوونەوە، باوەڕی بە ھاوبەشی ھەیە نەوەک پەراوێزخستن. 
	پارتی بەردەوام دەبێت لە پتەوکردنی ڕێبازی بارزانی وەکوو مۆدێلی دیپلۆماسی سەرکەوتوو لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و یەک ئامانج لەبەرچاو دەگرێت ئەویش خزمەتکردنی کوردستان و بەھێزکردنی سەقامگیری و پێکەوەژیانی ئاشتیانەیە لە عێراق و ناوچەکە.
	 بۆیە ئەم جارەش پارتی سەرکەوتوو دەبێت لە ھەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی عێراق و دەبێت بە حزبی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگدەر.