خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین دەڵێ، بۆ ئەوەی خانەقین لاواز بکرێت و دیمۆگرافیای سنوورەکە بگۆڕن، قەرەتەپە کراوەتە قەزا تاوەکو گرنگیی زیاتری پێ بدرێت بەھۆی ئەوەی کوردی کەمی تێدا ماوە، کە بەپێی یاسا و دەستوور ناکرێ ھیچ گۆڕانکارییەک بکرێت، بۆیە جێگری سەرۆکی پەرلەمان بەفەرمی داوای ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری بەقەزابوونی قەرەتەپەی کردووە.
ئەکبەر حەیدەرخان، بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لە سنووری پارێزگای دیالە ھەوڵ دەدرێت گۆڕانکاری لە دیمۆگرافیای ناوچە کوردستانییەکان بکرێت و ناحیەی قەرەتەپە کراوەتە قەزا، بۆیە دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، نووسراوی کردووە ئەو بڕیارە ھەڵوەشێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەم ناوچانە لە سنووری ماددەی ١٤٠ن و پێویستە تا یەکلایی نەکرێتەوە گۆڕانکاری نەکرێت لە ڕووی دیمۆگرافی و ئیداریشەوە، چونکە ھێشتا سەرژمێریی بۆ نەکراوە و ئەوەی کراوە دژی یاسا و دەستوورە.
پەیوەست بە لێکەوتەکانی ئەو بڕیارە، بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، ئەو بڕیارە زیانی ھەیە و دەیانەوێت خانەقین بچووک بکەنەوە و لە گرنگیی ئەو قەزایە کەم بکەنەوە، چونکە پێویستە خانەقین بکرێتە پارێزگا و ئەوکات قەرەتەپە بکرێتە قەزا، بەڵام ئەوان دەیانەوێت لە ڕووی ئابووری و ئیدارییەوە بچووکی بکەنەوە، بۆیە ئێمە وەکو حیزبە کوردستانییەکان بە ھەموو شێوەیەک دژ بووین، چونکە ئەوان سوورن لەسەر ئەوە و بڕیاریان داوە و بەوەکالەتیش قایمقامێکیان داناوە، بۆیە ئێمە دانی پێدا نانێین و ڕازی نابین دژایەتیی خانەقین بکرێت.
دەشڵێ، ئەوان دەیانەوێ لەجیاتی خانەقین گرنگی بە قەرەتەپە و جەلەولا بدەن بەھۆی ئەوەی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر رێژەی کورد لە قەرەتەپە و جەلەولا کەم بووەتەوە و لە خانەقینش نزیکەی ٤٠ گوند چۆڵ کراون و خەڵکێکی زۆر ئاوارە بوون بۆ ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان، کە بەھۆی ئەم دۆخەی ھەیە ناتوانن بگەڕێنەوە.
بڵند ئیبراھیم