ھەولێر-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق ڕایدەگەیەنێت، داعش تاوەکو ئێستا مەترسییە بۆ سەر عێراق و عێراقیش بەتەنیا ناتوانێ رووبەڕووی مەترسییەکانی داعش ببێتەوە و پێویستی بە ھەرێمی کوردستان و وڵاتان و ھاوپەیمانانیش ھەیە.
لیوا فایەق ئەنوەر مزووری، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، داعش لە عێراق چالاکییەکانی بەردەوامن و لە ھەر کوێیەک دەرفەت ببینن، چالاکی و کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن و عێراقیش ئەوەی دەیکات بەپێی توانای خۆیەتی، بۆیە پێویستە وڵاتانیش ھاوکار بن بۆ ئەوەی بتواندرێت ڕێگە نەدرێت داعش لە چالاکی و کردەوەکانی خۆی بەردەوام بێت، لەبەر ئەوەی دوای نەمانی داعش لە عێراق تاوەکو ئێستاش ھەر مەترسییە و پێویستە ئەو مەترسییەش لەبەرچاو بگرین.
مزووری، ھەروەھا ئەوەشی خستە ڕوو، زۆر گرنگە ھەماھەنگی و ھاوکاری لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق ھەبێت، چونکە لەو شوێنانەی ھەماھەنگی ھەیە، داعش ھیچ چالاکییەکی نییە و ئەگەر ھەماھەنگی نەبێت ناوچەکان مەترسیدارن و چالاکییان زۆر دەبێت و دەبێتە پەناگەیەک بۆ داعش بۆ ئەنجامدانی کردەوە، بەڵام ھەبوونی دوو لیوای ھاوبەش کەمە بۆ ئەو ناوچانە، لەبەر ئەوەی بۆشایی ئەمنی لە نێوان ھێزی پێشمەرگە وسوپای عێراق ٥٠٠ کیلۆمەتر دەبێت، ئەوەش بە دوو لیوا ئەستەمە بتواندرێت کۆنترۆڵ بکرێت، کە تاوەکو ئێستاش ھیچ باسێک نییە ھێزی زیاتری ھاوبەش دروست بکرێت، چونکە لە سنووری ئیران تا سنووری سووریا دەست پێدەکات و ناوچەکانیش زۆر عاسێن بۆ ئەوەی بتوانردێت کۆنترۆڵ بکرێت.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، ھاوپەیمانانیش تاوەکو ئێستا لە ھاوکاریکردنی عێراق لە ڕووی ئەمنییەوە بەردەوامن و ھاوکارییەکانیشیان لەئێستادا زیاتر لە ڕووی ھەواڵگری و ئاسمانییە، چونکە داعش مەترسییەکانی بەردەوامن و عێراقیش بەتەنیا ناتوانێت ڕووبەرووی ئەو مەترسیانە ببێتەوە، بۆیە پێویستی بە ھەرێمی کوردستان و وڵاتان و ھاوپەیمانانیش ھەیە، بۆ ئەوەی بتوانێت ڕێگری لە مەترسییەکانی داعش بکات.
بڵند ئیبراھیم