Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SUN, 26 JUL 2026 15:44 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

بەشداری سیاسیی ئافره‌تان کۆمەڵگه‌ بەهێز دەكات
| KDP.info


زیــــــبا تـەهـــــــــــا

ڕۆڵی ئافره‌تان لە بوارە سیاسییەکان یەکێکە لە فاکته‌ره‌ بنەڕەتییەکان بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگه‌و دیموکراسی. له‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی ئافره‌تان پێگه‌یه‌كی به‌هێزتر و كاریگه‌رییان له‌كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه‌، ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ له‌زۆر ڕه‌هه‌نده‌وه‌ له‌پێشترن، ئه‌م بۆچوونه‌ی ده‌رئه‌نجامی ئه‌و توێژینه‌وانه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر ڕۆڵی كاریگه‌ری ئافره‌تان كراوه‌ كاتێك له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسی وڵاتدا به‌هێزن و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و پێگه‌یه‌كی تایه‌تمه‌ندن.

به‌شداری ئافره‌تان له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسی، مێژووییه‌كی پڕ سه‌خت و ناهه‌مواری تێپه‌ڕاندووه‌ و له‌هه‌ریه‌كێك له‌قۆناغه‌كان كۆمه‌ڵێك ده‌ستكه‌وت و به‌رئه‌نجامی ئه‌رێنی هه‌بووه‌‌. به‌پێی هه‌ریه‌كێك له‌بارودۆخی سیاسی وڵات ده‌ستكه‌وت و سومه‌ندییه‌كانی ئافره‌تانیش ده‌گۆڕێت، به‌ڵام به‌كۆی گشتی خه‌باتی سیاسی ئافره‌تان هه‌تا ئه‌م سه‌رده‌مه‌ش بۆته‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ پێشخستن و په‌ره‌سه‌ندنی ته‌واوی كایه‌ جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، له‌م ڕوانگه‌وه‌ ده‌توانین ئه‌و ڕاستیه‌ ببینین كه‌ ئافره‌تان ئه‌گه‌رچی له‌به‌رامبه‌ر پیاوان دره‌نگتر به‌شداری كاری سیاسیان كردووه‌، به‌ڵام به‌رهه‌م و جێده‌ستیان له‌هه‌ندێك كاتدا له‌پیاوان باشتر و له‌پێشتره‌.

بەشداریکردنی ئافره‌تان لە سیاسەت تەنها مافێکی سه‌ره‌تایی نییە، بەڵکو پێویستییەکی گرینگە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگه‌یەکی دادپەروەر و پێشکەوتوو. کاتێک ئافره‌تان دەنگیان لە بڕیاردان و بەڕێوەبردنی کاروباری گشتیدا هه‌یه‌، تەواوی کۆمەڵگه‌ سوودمەند دەبێت، هه‌روه‌ك له‌م خاڵانه‌ زیاتر ڕوون ده‌بێته‌وه‌:

1. چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی کۆمەڵگه‌: ئافره‌تان ئه‌زموونی جیاواز و بینینی تایبەتیان هەیە سەبارەت بە ڕووداو و گرفتەکانی كۆمه‌ڵگه‌. کاتێک ئافره‌تان لە پەڕلەمان، حکوومەت و دامەزراوە سیاسییەکاندا نوێنەرایەتی دەکرێن، دەنگی ئەو بەشانەی کۆمەڵگه‌ دەگەیەنن کە لەوانەیە به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان په‌راوێز خرابن. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی به‌شداری سیاسی ئافره‌تان ده‌بێته‌ میكانیزمی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و ئاریشه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌‌.

2. نه‌هێشتنی گەندەڵی و بەهێزکردنی دیموكراسی: لێکۆڵینەوەکان نیشان دەدەن کە بەشداریکردنی ئافره‌تان لە كاری ده‌وڵه‌تداریدا گەندەڵی کەم دەکاتەوە. ئافره‌تان بە شێوەیەکی گشتی خەریکی گرتنه‌به‌ری ڕێگه‌ی دادپەروەرانەن لە بڕیاردان و کارکردن، هەروەها زیاتر گرینگی دەدەن بە شەفافیەت و بەرپرسیارێتی. ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزتربوونی دامەزراوە دیموکراسییەکان و زیادکردنی متمانەی خەڵک بە حکوومەت.

3. پەرەپێدانی ئابووری: بەشداریکردنی ئافره‌تان لە سیاسەتدا بە راستەوخۆیی کاریگەری ئەرێنی لەسەر پەرەپێدانی ئابووری هەیە. کاتێک ئافره‌تان لە پێگەی بڕیارداندان، زیاتر گرنگی دەدەن بە سەرمایەگوزاری لە خوێندن و تەندروستی و پاراستنی خێزان. ئەو سیاسەتانەش کە پاڵپشتی ئافره‌تان دەکەن لە بازاری کارکردندا، وەک مۆڵەتی دایکایەتی و خزمەتگوزاریی منداڵپارێزی، هەموو ئه‌وانه‌ ده‌بنه‌ هۆی به‌هێز بوونی ئاستی ئابووری وڵات.

4. نموونەی ئەرێنی بۆ نەوەکانی داهاتوو: ئافره‌تانی سیاسەتمەدار نموونە و پێشه‌نگن بۆ كچان و ئافره‌تانی دیكه. ئەوان ده‌توانن ئه‌و وێنایه‌ بخه‌نه‌ڕوو كه‌ ئافره‌تان دەتوانن لە هه‌موو بوارێکدا سەرکەوتوو بن و ڕۆڵی گرینگیان هه‌بێت لە بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵگه‌دا. ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ ڕێنیشانده‌رێك بۆ ئه‌و ئافره‌تانه‌ی ده‌یانه‌وێت له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسیدا به‌شداری بكه‌ن.

5. چارەسەری گرفتە کۆمەڵایەتییەکان: ئافره‌تان بە شێوەیەکی سروشتی زیاتر تێگەیشتنیان هه‌یه‌ له ئه‌و به‌ربه‌ست و ڕێگرییانه‌ی كه‌ ڕووبەڕووی ئافره‌تان و پێداویستییەکانی منداڵان ده‌بنه‌وه. بەشداریکردنیان لە سیاسەتدا دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو گرفتانە بە شێوەیەکی کارا چارەسەر بکرێن و یاسا و سیاسەتەکان لەگەڵ ڕاستییەکانی ژیانی ڕۆژانەدا بگونجێنن، هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ناو دامه‌زراوه‌كاندا به‌تایبه‌ت له‌ناو په‌رله‌ماندا له‌ڕێگه‌ی دانانی یاسای گونجاو و سه‌رده‌میانه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و كێشانه‌ بدۆزنه‌وه‌ كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ ئافره‌تان به‌ده‌ستیانه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت و بۆته‌ ئاسته‌نگ بۆ پێشكه‌وتنی ئافره‌تان.

له‌ كۆتاییدا ده‌توانین ئه‌وه‌ بڵێین کاتێک هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز لە پڕۆسەی سیاسیدا بەشدار دەبن، ئەوکات کۆمەڵگه‌ لە ڕاستیدا هاوسەنگ و نوێنەرایەتیکراو دەبێت. ئەمەش واتایەکی گرینگی هەیە بۆ یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی ئاشتی و سەقامگیری، چونكه‌ به‌شداری یه‌كسانی ئافره‌تان و پیاوان له‌ سیاسه‌تدا ده‌بێته‌ هۆكاری چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی له‌كۆمه‌ڵگه‌دا، به‌م هه‌نگاوه‌ش سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگه‌ سوودمه‌ند ده‌بن.




دوایین هەواڵەکان

د.فازڵ نه‌بی: بڕیاره‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم مایه‌ی خۆشحاڵی خه‌ڵكی كوردستانن

SUNDAY, 26 JULY 2026 15:07:37

هه‌ولێر -KDP. info- بریكاری پێشووی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق و شاره‌زای ئابوری گوتی "بڕیاره‌كانی ئه‌م دواییه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر گرنگ بوون، ئاسانكارییه‌كی زۆرباشه‌ بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و ده‌بێته‌ مایەی زیاتربوونی متمانه‌ی خه‌ڵك به‌ حكوومه‌ت، كه‌ خزمه‌تی زیاتریان ده‌كات، بۆیه‌ ئه‌و بڕیارانه‌ بوونه‌ته‌ مایه‌ی خۆشحاڵی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان."

 

سەرۆک بارزانی سەرەخۆشی لە سەرۆکی سووریا دەکات

SUNDAY, 26 JULY 2026 15:07:39

ھەولێر-KDP. info-  سەرۆک بارزانی سەرەخۆشی لە سەرۆکی سووریا کرد و پرسە و هاوخەمیی خۆی بە بەڕێز ئەحمەد شەرع ڕاگەیاند کە ئەمەش دەقەکەیەتیی:

 
رەنگە لەم تەوقیتە دەنگ لەسەر تەواوکردنی کابینەی نوێی حکوومەت بدرێت

SUNDAY, 26 JULY 2026 14:07:10

به‌غدا -KDP.info- په‌رله‌مانتارێكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق ده‌ڵێ "په‌ره‌له‌مانتارانی پارتی له‌ لیژنه‌كانی په‌رله‌مان، كار له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌ یاسانه‌ دەکەن کە په‌یوه‌ندیان به‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هەیە.  به‌شێوه‌یه‌كی نافه‌رمیش ڕاگه‌یەندراوه‌ دوای چله‌ی ئیمام حوسێن ده‌نگ له‌سه‌ر ته‌واوكردنی كابینه‌ی حكوومه‌ت ده‌درێت."

 

سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان کرد

SUNDAY, 26 JULY 2026 14:07:47

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان کرد و لە دیدارەکەدا پرسی پاراستنی سامانی گشتی تاوتوێ کرا.

 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان به‌خێرهاتنى کونسوڵی گشتیی نوێی کۆریای باشوور دەکات

SUNDAY, 26 JULY 2026 11:07:14

هەولێر-KDP.info- به‌یانیى ئەمڕۆ یەکشەممە 2026/7/26، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی دەستبەکاربوونی و بۆ خۆناساندن، پێشوازیی لە بەڕێز ئیون گیوو شیم، کونسوڵی گشتیی نوێی کۆماری کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان کرد.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact