ڕۆژی ١٧ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، لە کاتی سەردانێکیدا بۆ گەڕەکی شادی لە شاری ھەولێر، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێرییە بۆ سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند: سێ مانگ، وەک قۆناغێکی ئەزموونی بۆ ئەم پڕۆژەیە، (گەڕەکی شادی) ھەڵبژێردرا، بۆ ئەوەی بزانین تا چەند پڕۆژەکە سەرکەوتوو دەبێت، ئەمڕۆ سەردانی چەند ماڵ و خاوەنکارم کرد و زۆر ڕازی بوون لەوەی کارەبای نیشتمانی ٢٤ کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە.

لە ماوەی دوو دەیەی ڕابوردوودا، ھەرێمی کوردستان پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە لە بواری پەرەپێدانی کەرتی کارەبادا بەئامانجی دابینکردنی کارەبای بەردەوام بە نرخ و کواڵیتی گونجاو، لە ڕێگەی وەبەرھێنانێکی زۆر لەو کەرتەدا لە لایەن کەرتی گشتی و تایبەتی، وەزارەتی کارەبا توانیویەتی ژمارەیەکی زۆر وێستگەی بەرھەمھێنانی کارەبا دروست بکات و ھێل و تۆڕەکانی گواستنەوە و دابەشکردن زیاد و فراوان بکات و سیستەمی کۆنترۆڵ و گەیاندنی پێشکەوتوو و سیستەمی پێوەری زیرەک دابنێت. لە ماوەی ساڵی ڕابردووشدا لە رێگەی پرۆژەی ڕووناکی توانراوە زیاتر لە دوو ملیۆن ھاووڵاتی ھەرێمی کوردستان کارەبای بەردەوامیان بۆ دابینبکرێ، بەپێی پلانی وەزارەت لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ دا کارەبای بەردەوام دەگەیەنرێتە ھەموو شارو شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان. لە ئەنجامی جێبەجێکردنی پرۆژەی کارەبای ٢٤ کاتژمێری زیاتر لە ٢٠٠٠ مۆلیدی دیزڵ کوژێنراونەتەوە، ئەمەش ھاوکاری گەورەی پاکبوونەوەی ژینگەی کوردستان دەکات.
وەک بەشێک لە پلانی ستراتیژیی وەزارەتی کارەبا، پشتگیری کەرتی تایبەت کراوە تا لە بواری بەرھەمھێنانی وزەی کارەبادا بەشداری بەھێزکردنی ژێرخانی کارەبا بکەن لە ڕێگەی دەستەبەرکردنی ھەموو ئەو ھاوکاری و پشتگیرییانەی یاسای وەبەرھێنانی ساڵی ٢٠٠٦ بۆ پرۆژە گەورە و ستراتیژییەکانی بواری بەرھەمھێنان بۆ وەبەرھێنەرانی دابینکردوە. وەبەرھێنانی کەرتی گشتی کە مەبەست ئەو بڕە پارەیەیە کە ساڵانە حکوومەتی ھەرێم بۆ پرۆژەکانی وەزاەتی کارەبای دابینکردوە، لە بوارەکانی فراوانکردن و پاراستنی ھێل و تۆڕەکانی گواستنەوە و دابەشکردن و کۆنترۆڵ و گەیاندن و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکانی ئەندازایاران و تەکنیککاران و فەرمانبەرانی وەزارەت خەرجکراوە. لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٠٣ دا توانای بەرھەمھێنانی کارەبا لە ھەرێم لە ٢٠٠ میگاوات تێندەپەڕی، ئەم ئاستی بەرھەمھێنانە لە ساڵی ٢٠٢٥ دا گەشتۆتە زیاتر لە ٨,٠٠٠ مێگاوات، واتە زیادبوون بە ڕێژەی %٤٠٠٠ کە دەکاتە چل ھێندەی تێکرای وەبەرھێنانی ساڵی ٢٠٠٣. بەھەمانشێوە تۆڕو ھێلەکانی گواستنەوە و دابەشکردن بە شیوەیەکی بەرچاو فراوانکراون.
سەرەڕای ئەم پەرەپێدان و گەشەکردنە زۆرەی توانای بەرھەمھێنان و پێشخستنی ژێرخانی گواستنەوە و دابەشکردن، نەتوانراوە کارەبای بەردەوام بۆ ھاووڵاتییان دابینبکرێ و خەڵک ناچار بوون پەنا بۆ موەلیدەی کەرتی تایبەت بەرن بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشیاییەی کەمی کارەبا دروستیکردوە. ھۆکارێکی سەرەکی ئەم کێشەیەش کەمی نرخی کارەبا و نەبوونی بڕی پێویستی سووتەمەنی بوە بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا کە زۆربەیان وێستگەی غازین. ھەوڵەکان بۆ زیادکردنی بڕی غازی پێویست بەردەوامە.
ھەرچەندە لە ماوەی کابینەکانی تری حکوومەتدا نرخی کارەبا چەند جارێک زیادکرا، بەڵام ئەم زیادکردنە بە بڕو ئاستی پێویست نەبوون و نەبوونە ھۆی ئەوەی ھاوبەشانی کارەبا شێوازی بەکارھێنانی کارەبا بگۆڕن و ئاست و بڕی بە فیڕۆدان کەمبکرێتەوە.
بەشێک لەو کارەبایەی دابەشدەکرێت یان لە ھێڵەکانی گواستنەوەو دابەشکردن و وێستگەکانی گۆڕینی ڤۆڵتییە ون دەبێت یان بەشێک لە ھاوڵاتییان بە شێوەی نایاسایی کارەبا بەکاردەھێنن.
ھەرچەندە وەزارەتی کارەبا بەرپرسیارە لە دابینکردنی کارەبا بۆ ھاووڵاتییان و کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و بازرگانی و حکوومی، بەڵام، ھەروەک لە ڕاپۆرتی مانگانەی کۆنترۆڵی کارەبای ھەریمدا ئاماژەی پێدراوە، جگە لە وەزارەتی کارەبا و ھاووڵاتییان، بەرپرسیارێتی بەردەوامی و پاراستن و دەستپێوەگرتن و کەمکرنەوەی بەفێڕۆدانی کارەبا دەکەوێتە ئەستۆی چەندین وەزارەت و دەستە و دامەزراوەی تریش. ئەرکی دابینکردنی سووتەمنی بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنان (ئەوانەی بە غاز و نەوتی ڕەش و گازۆیل کاردەکەن)، دەکەوێتە ئەستۆی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، ئەمە جگە لەوەی ئەم وەزارەتە ئەرکی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ گەرمکردن و خواردن ئامادەکردنی دەکەوێتە ئەستۆ بۆ ئەوەی کارەبا بۆ ئەو مەبەستانە بەکارنەھێنرێت، بەھەمان شێوە، وەزارەتەکانی شارەوانی و بازرگانی و پیشەسازی و پلاندانان و پەروەردە و ئەوقاف، ھەریەکەیان لە بواری خۆیدا ئەرکی گرنگی دەکەوێتە ئەستۆ.
لەم دایەگرامەی خوارەوەدا سەرچاوەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا و وێسگەکانی گۆڕینی ڤۆڵتییە و ھێلە سەرەکییەکانی گواستنەوەی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان خراونەتەڕوو. وەک دەبینرێت ھەرێمی کوردستان لە رێگەی ھێڵێکی ٦٦ کەیڤی بە کۆماری ئیسلامی ئێران و ھێڵێکی ١٥٤ کەیڤی بە تورکیاوە بەستراوەتەوە و ھەر سێ پارێزگای سلێمانی و ھەولێر و دھۆک لە ڕێگەی ھێلی ١٣٢ کەیڤی بەیەکەوە بەستراونەتەوە. تۆڕی کارەبای ھەرێم بە تۆڕی کارەبای عێراقیشەوە بەستراوەتەوە.

سەرچاوە: وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان
لە ھەرێمی کوردستاندا چەندین وێستگەی بەرھەمھێنانی کارەبا ھەیە (خشتەی١). ھەموو وێستگە غازییەکان لە لایەن کەرتی تایبەت دانراون و بەمەش وەزارەتی کارەبا بۆ یەکەمجار لە عێراقدا وەبەرھێنانی کەرتی تایبەتی خستە خزمەت بەرھەمھێنانی وزەی کارەبا و دواتر وەزارەتی کارەبای عێراق بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ھەرێمی کوردستان کەوتە ھاندانی کەرتی تایبەت بۆ وەبەرھێنان لە بەرھەمھێنانی وزەی کارەبا. خشتەی ١، ھەموو وێستگەکانی بەرھەمھێنانی وزەی کارەبا دەخاتەڕوو. ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم خشتەیەدا نەبوونی ویستگەی بەرھەمھێنانی کارەبایە بە وزەی خۆر و با، لە کاتێکدا بەرھەمھێنانی کارەبا لە ڕێگەی ئەم دوو جۆر وزە نوێبوەوە لە جیھاندا ساڵ لە دوای ساڵ زیاد دەکات و پێویستە ھەرێمی کوردستان زۆر بە جدی ھاندان و پشتگیریی پێویست پێشکەش بە وەبەرھێنەرانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بکات تا وەبەرھێنان لە بەرھەمھێنانی کارەبا لە ڕێگەی وزە نوێبوەکانەوە بکەن. بۆ ئەمەش دەشێت شێوازی ھاوبەشێتی کەرتی گشتی و تایەبت (Public Private Partnership-PPP) بکرێتە مۆدێلیکی کارکردنی ھاوبەش بۆ دامەزراندنی چەندین وێستگەی بەرھەمھێنانی کارەبا لە وزەی خۆر خۆر و وزەی با. لە ھەمانکاتدا پێویستە وەزارەتی کارەبا ھاندان و پشتگیری پێویست پێشکەشی ھاوڵاتییان بکات بۆ دانانی بۆیلەری وزەی خۆر و بەرھەمھێنانی کارەبا لە وزەی خۆر و وزەی با.
خشتەی ١، زانیاری دەربارەی وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان.


ھۆڵی ئیشپێکردن و کۆنتڕۆڵ/سەنتەری کۆنتڕۆڵی کارەبای ھەرێم
(Operation and Control Hall/KRCC)
خشتەی ٢ پیشانی دەدات کە، ھەرچەندە ھەرێمی کوردستان توانای بەرھەمھێنانی نزیکەی ٨١٢٥ مێگاوات کارەبای ھەیە، بەڵام وێستگەکانی غازی بەھۆی کەمی غاز و وێستگەکانی ھایرۆپاوەر بە ھۆی کەمی ئاو، ناتوانن ھەموو توانای بەرھەمێنانیان بخرێتە گەر. لەبەر ئەم ھۆکارانە لە ساڵی ٢٠٢٤ دا بە تێکڕا نزیکەی ٤,٠٠٠ مێگاوات کارەبا بەرھەمھێنراوە، واتە نزیکەی نیوەی توانای بەرھەمھێنانی ئەو وێستگانە.
کۆمپانیای (داناگاز) کە لە ساڵی ٢٠٠٧ ەوە خەریکی پەرەپێدانی کێڵگەی غازی کۆرمۆرە و توانیویەتی ٥٢٥ ملیۆن پێ سێجا بەرھەم بھێنێت و کۆمپانیای (کار)یش نزیکەی ١٣٠ ملیۆن پێ سێجا بەرھەمدەینێت بۆ کارپیکردنی ویستگەی کارەبای خورمەلە. چاوەڕێدەکرێت کۆمپانیای داناگاز بڕی ٢٥٠ ملیۆن پێ سێجای تر زیاد بکات. بە پێی وتەی بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنان لە وەزارەتی کارەبا کە ڕۆژی ٢٤ تمووز ٢٠٢٥ لە سایتی (KDP.info) بلاوکراوەتەوە، ئەم بڕە غازە کە چاوەڕێدەکرێت مانگی ئازاری ساڵی داھاتوو ئامادەبێت، دەتوانێت بڕی ١٥٠٠ مێگاوات کارەبای پێبەرھەمبھێنرێ. بێگومان ھێشتا ھەرێم پێوستی بە غازی زیاتر دەبێت.
خشتەی ٢، بڕی بەرھەمھێانی کارەبا لە ساڵی ٢٠٢٤ دا

خشتەی ٣، بەرھەمھێنانی کارەبا لە ساڵی ٢٠٢٤ بە پێی ناوچەی جوگرافی

ئەو گرێبەستانەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم لە ١٩ ئایاری ٢٠٢٥ لە واشنتۆن لە گەل دوو کۆمپانیای ئەمەریکی (Western Zagros) و (HKN) ئیمزای کردوە، یەکجار گرنگن بۆ زیادکردنی بڕی غازی سروشتی و خستنەگەڕی ئەو وێستگانەی پێویستیان بە غاز ھەیە. دوای تەواوبوونی ئەم پرۆژانە، دەشێت ھاوکاری وێستگە غازییەکانی ناوچەکانی تری عێراقیش بکرێ لە ڕووی دابیکردنی غازی سروشتییەوە یان ناردنی ئەو برە کارەبایەی لە ھەرێم زیادە بۆ ناوچەکانی تری عێراق.

خشتەی ٤ تێکرای بڕی کارەبای بەکارھاتوو بۆ ھەر ھاوڵاتییەکی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٤ بەراورد کراوە لەگەڵ چەند وڵاتێکدا. وەک دیارە بڕی بەکارھێنانی کارەبا لەلایەن ھاوڵاتییەکی ھەرێمەوە کەمتر بوە لە بڕی کارەبای بەکارھاتوو لە لایەن ھاوڵاتییەکی ئێران و تورکیا و زیاترە لە ھاوڵاتییەکی وڵاتەکانی تری ناو خشتەکە. لە ھەمان خشتەدا بڕی کارەبای وونبوو لە تۆڕەکانی کارەبادا پیشاندراوە. ( https://data.worldbank.org). بە پێی سەرچاوەکانی وەزارەتی کارەبا، زیاتر لە %٤٠ ی کارەبای بەرھەمھاتوو لەم ڕێگەیەوە بە فیڕۆ دەڕوات و بە پێی داتاکانی بانکی نێودەوڵەتی ئەم ڕێژەیە لە عێراقدا گەشتۆتە %٥٩. بێگومان دابینکردنی کارەبای بەردەوام و بەستنی پێوەری زیرەک دەبنە ھۆی کەمکردنەوەی ئەم بڕە ونبوەی کارەبا.
دەبێت ئاماژە بەوەش بدەین کە بەپێی داتاکانی وەزارەتی کارەبا ھەموو ئەو بڕە کارەبایەی بەرھەمھاتوە (٤,٠٠٠) مێگاوات نەدراوە بە ھاووڵاتیان، بەڵکو بڕی ١,٣٢٧ مێگاوات دراوە بە موسڵ و کەرکووک و دیالە. بەمەش بڕی ئەو کارەبایەی تاکێکی ھەرێم بەکاریھێناوە کەمترە لەو بڕەی لە خشتەکەدا خراوەتەڕوو. خۆ ئەگەر ئەو بڕە کارەبایەی دراوە بە کەرتی پیشەسازی قورسی وەک کارگەکانی چیمەنتۆ و ئاسن کە لە ساڵی ٢٠٢٤ دا بڕەکەی ٣٣٥ مێگاوات بوە لەو بڕە کارەبایەی بەرھەمھاتوە دەربکەین، ئەوا ئەو بڕە کارەبایەی ھاوڵاتییەکی ھەرێم بەکاریھێناوە لە ساڵی ٢٠٢٤ کەمتریش دەبێتەوە. ئەگەر ڕێژەی ونبوون لە تۆڕەکانی کارەبادا دوای جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕووناکی بۆ لایەنی کەم %٢٠ کەمبێتەوە، ئەوا بە ھەمان بڕی بەرھەمھێنان، ھاوڵاتییەکی ھەرێم بڕی ٤,٣١٢ کیلۆ وات سەعات کارەبای بەردەکەوێت. ئەمەش زیاترە لەو بڕەی ھاوڵاتییەکی ھاوڵاتیانی ناو خشتەکە بەکاریدەھێنن.
خشتەی ٤، تێکرای کارەبای بەکارھاتوو لە لایەن ھاوڵاتییەک لە ساڵی ٢٠٢٤ لە حەوت وڵاتدا.

پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئایا داخوازی ھەرێمی کوردستان بۆ کارەبا و لەوەش گرنگتر بەرزترین داخوازی یان خواست چەندە. لەبەر ئەوەی ھەرێم نەیتوانیوە کارەبای بەردەوام بدات، پێوانی داخوازی یان خواستی ڕاستەقینە لە ڕووی تەکنیکییەوە ئاسان نییە و پێویستە وەزارەتی کارەبا بتوانێت کارەبای بەردەوام لە چوار وەرزەکەی ساڵدا بداتە ھاوڵاتییان تا تێکڕای خواست و بەرزترین خواستی ڕاستەقینە بزانرێت.
لە خشتەی ٥ دا، ئامێرە گرنگەکانی کارەبا بۆ خێزانێکی ٥ سەر خێزانی خراوەتەڕوو لەگەڵ بڕی کارەبای پێویست کە ئەو ئامێرانە بەکاریدەھێنن. تێکڕای پێویستی ئەو ئامێرانە بە ٧٨٥ کیلۆوات سەعات خەمڵێنراون لە مانگێکدا. ئەو داتایەی تا ئێستا لە پێدانی کارەبای بەردەوام بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن ھاوڵاتی پرۆژەی ڕووناکی بەدەستھاتوە، ئەوە دەردەخەن کە بڕی تێکڕای بەکارھێنانی کارەبا لە لایەن ھاوبەشێکەوە بریتییە لە ٧٣٠کیلۆوات سەعات.
ئەگەر ئێمە تێکرای بەکارھێنان لە لایەن ھاوبەشێکی کارەباوە کەمێک لەو دوو بڕەش زیاتر دابنێین کە ٨٠٠کیلۆوات سەعاتە و ژمارەی ھاوبەشانی کارەبا بە دوو ملیۆن ھاوبەش دابنێین، ئەوا ھەرێمی کوردستان بە شێوەی تێکڕا پێویستی بە ٢,٢٢٢ مێگاوات کارەبا ھەیە. بە پێی خشتەی کارەبای بەرھەمھاتوو و بەکارھاتوو ی وەزارەتی کارەبا، لە ساڵی ٢٠٢٤ دا تێکرای بڕی کارەبا بۆ کەرتی پیشەسازی بریتی بوە لە ٣٣٥ مێگاوات. ئەگەر ئەم بڕەش بخەینە سەر تێکرای خواستی ماڵان، ئەوا تێکڕای کارەبای پێویست دەبێتە ٢,٥٥٧ مێگاوات. لە ناو ئامێرە کارەباییەکاندا بڕێک وزەی کارەبا وون دەبێت و ڕێژەی وونبوون بە پاوەر فاکتەر ناسراوە. ئەگەر پاوەر فاکتەر لە سیستەمی کارەبای ھەرێم بە %٨٥ گریمانە بکەین و ئەو بڕە کارەبایەی لە ناو تۆڕەکانی کارەبادا وون دەبێت بۆ ئەم بڕە تێکڕایە زیاد بکەین، ئەوا دەتوانین مەزندەی بڕی کارەبای پێویست بە تێکڕایی بدۆزینەوە کە دەکاتە ٣,٧٦٠ مێگاوات (کەی ڤی ئەی).. لێرەدا وا گریمانە کراوە کە لە دوای تەواوبوونی پرۆژەی ڕووناکی ڕێژەی ونبوون بۆ %٢٠ دادەبەزێت. بۆ ئەوەی لە کاتی بەزترین بار (Peak Load) کێشەی کەمی کارەبا دروست نەبێت، پێویستە بەرزترین خواست بۆ کارەبا بزانین. بۆ ئەمەش پێویستە لۆود فاکتەر (Load Factor) بەکاربھێنین کە بریتییە لە ڕێژەی نێوان تێکرای بڕی خواست بۆ بەرزترین بڕی خواست.
خشتەی داتاکانی وەزارەتی کارەبا ئەوە دەردەخەن کە تێکڕای بڕی کارەبای بەکارھاتوو لە ساڵی ٢٠٢٤ دا بریتی بوە لە ٣٩٩٣ مێگاوات (ھەرچەندە ئەمە تێکرای خواست نییە چونکە نەتوانراوە کارەبای بەردەوام بدرێتە ھاوڵاتییان) و بەرزترین خواست بریتی بوە لە ٧,٤١٨ مێگاوات. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە لۆود فاکتەر %٥٣ بوە. لە سیستەمی کارەبای کوردستاندا کە خاوەن پیشەسازی قورس نین، لە باشترین دۆخدا لۆود فاکتەر لە %٥٠ تێناپەڕێ و رەنگە لەوە کەمتریش بێت. ئەگەر لۆود فاکتەر بە %٥٠ دابنێین، ئەوا بەرزترین خواستی کارەبا دەگاتە ٥,٦٤٠ مێگاوات. کەواتە دوای زیادکردنی ١,٥٠٠ مێگاوات لە ساڵی داھاتوودا، پرۆژەی ڕووناکی دەتوانێت ٢٤ کاتژمێر کارەبا بۆ ھاوڵاتیان دابین بکات. بڕیارە بەرپرسانی پرۆژەی ڕووناکی داتای پێویست لەسەر کارەبای ئەو دوو ملیۆن ھاوڵاتییە بڵاوبکەنەوە کە تا ئێستا کارەبای بەردەوامیان بۆ دابینکراوە.

دانانی بەردی بناخەی وێستگەی کارەبای خەبات لە لایەن نێچیروان بارزانییەوە
خشتەی ٥، تێکرای پێویستی ھاوبەشێکی کارەبا لە مانگێکدا

لەبەر ڕۆشنایی ئەو زانیارییانە دەشێت تێکڕای خواست و بەرزترین خواست بۆ کارەبا لە تەنیا مەزەندەکردنی تیۆرییەوە بۆ پێوانی واقیعیتر بگۆڕرێن. ئەگەر رێژەی ونبوون لەو ڕێژەیەی گریمانەمان بۆ کردوە (%٢٠) کەمتریش بێتەوە، ئەوا بڕی تێکرا و بەرزترین کارەبای، واتە ئەو بڕەی پێویستە بەرھەمبھێنرێت، کەمتر دەبێتەوە.
توێژینەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠٢٢ ئەنجامدراوە ئەوە پیشاندەدات کە تێکرای نرخی یەک ئەمپیر کارەبای موەلیدە بریتی بوە لە ١١,٠٠٠ دینار و ھەر ھاوبەشێکی کارەباش بە شێوەی تێکرا بری ٤ ئەمپێر کارەبای ڕاکێشاوە. (Electric generators in the private sector, Kurdistan Region of Iraq, ٢٠٢١, Kurdistan Region Statistics Office).. بریکاری پێشووی وەزارەتی کارەبا لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ کەناڵی (KNN) ووتی کە تێکرای نرخی یەک ئەمپێر کارەبای موەلیدە بە ١٥,٠٠٠ دینار دەخەمڵێنرێت. داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی ئەو دەردەخەن کە لە ساڵی ٢٠٢٤ دا تێکڕای نرخی یەک ئەمپێر کارەبای موەلیدە ١٣,٠٠٠دینار بوە. ئێمە بۆ بەرواردکردنی ئەو بڕە پارەیەی ھاوبەشانی کارەبا ئێستا دەیدەن لەگەڵ ئەو بڕەی بەر لە پرۆژەی ڕووناکی دەیاندا، تێکڕای نرخی یەک ئەمپێر کارەبای موەلیدە لە ساڵی ٢٠٢٤ دا بە ١٤,٠٠٠ دینار دەخەمڵێنین.
لە خشتەی ٦ دا بەراوردی تێچووی ٤٠٠ و ٨٠٠ و ١٠٠٠ و ١٢٠٠ کیلۆوات سەعات کراوە لە نێوان نرخی نوێ و نرخی کۆن.
بۆ ڕوونکردنەوەی زانیاری ناو خشتەکە، وردەکاری شیکردنەوەی ڕیزی یەکەمی خشتەکە دەخەینەڕووو.
تێچووی ٤٠٠ کیلۆوات سەعات بە نرخی نوێ = ٤٠٠ x ٧٢ = ٢٨,٨٠٠
تێچووی ٤٠٠ کیلۆوات سەعات بە نرخی کۆن = ٤٠٠ x ١٨ = ٧,٢٠٠
تێچووی ڕاستەقینەی ٤٠٠ کیلۆوات سەعات = ٤٠٠ x ١٣٠ = ٥٢,٠٠٠
تێچووی کارەبای موەلیدە (٣ ئەمپێر) = ٣ x ١٤,٠٠٠ = ٤٢,٠٠٠
جیاوازی تێچووی کارەبا پێش و دوای پرۆژەی رووناکی بریتییە لە ٢٠,٤٠٠دینار.
واتە ئەو ھاوبەشەی کە بڕی ٤٠٠ کیلۆت سەعات بەکاردەھێنیت ، بڕی ٢٠,٢٠٠دینار قازانج دەکات لە کاتێکدا تێچووی ڕاستەقینەی ھەمان بڕی کارەبا دەکاتە ٥٢,٠٠٠ دینار. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە بۆ ھەمان بڕی کارەبا حکومەت بڕی ٢٣,٢٠٠ دینار ھاوکاری ئەو ھاوبەشە دەکات. نرخی تێچووی ڕاستەقینەی یەک کیلۆوات سەعات (١٣٠ دینار) لە لایەن وەزارەتی کارەباوە خەمڵێنراوە.
ھەروەک لە خشتەکەدا دیارە ئەگەر ھاوبەشێکی کارەبا لە مانگێکدا ٨٠٠ کیلۆوات سەعات کارەبا بەکاربھێنێت، ٥٠٠ دینار کەمتر دەدات لەو پارەیەی کە پێشتر دەیدا بۆ ھەمان بڕو پارەی موەلیدە، لە کاتێکدا کارەبای بەردەوامی دەبێت، جگە لەوەی کە پێشتر کارەبای تۆڕی ھەرێم پچرپچڕ و نەشیدەتوانی لەو برە ئەمپێرە کارەبایەی خاوەن موەلیدە دیاریکردوە زیاتر بەکاربھێنی و ڤۆڵتییەکەشی نزم و ناجێگیر بوو. لە ئەنجامی پرۆژەی ڕووناکیدا چیتر پێوسیتی بە موەلیدە نامێنی و ھەزاران موەلیدە لادەبرێن. بەمەش زینگەی شارەکەی یان گەڕەکەکەی پاکتر و تەندروستتر دەبێت.
خشتەی ٦، بەراوردی تێچووی کارەبا لە پێش پرۆژەی ڕووناکی و دوای پڕۆژەکە

داتاکانی وەزارەتی کارەبا ئەو پیشاندەدەن کە بەرزترین خواست بۆ کارەبا لە مانگەکانی زستاندایە و ئەم بڕەش بە گوێرەی بەرزی و نزمی لە پلەی گەرمادا گۆڕانی بەسەردا دێت. ھۆکاری سەرەکیش ئەوەیە کە ھاوڵاتییان کارەبا بۆ گەرمکردنی ماڵ و شوێنەکان بەکاردەھێنن چونکە ئامێری گەرمکردن (ھیتەر) ھەرزانە و نەوت گرانە. بۆیە پێویستە حکومەت بە جدی ھەوڵی چارەسەکردنی ئەم کێشەیە بدات لە ڕێگەی دابینکردنی نەوت بە نرخی گونجا و یان ھاوکاری و ھاندانی ھاوڵاتیان تا لە ڕێگەی سوود وەرگرتن لە وزەی خۆر جێگرەوە بۆ بەکارھێنانی کارەبای تۆڕی ھەرێم بۆ گەرمکردن بدۆزنەوە.