ھەولێر-KDP.info- سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پشتیوانیی پارێزگای ھەڵەبجە کرد و ڕایگەیاند، "بە شانازییەوە خۆم بە ئەندامی ئەنجوومەنی پشتیوانی پارێزگای ھەڵەبجە دەزانم".
ڕۆژی شەممە ٥ی تەمموزی ٢٠٢٥ لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پشتیوانیی پارێزگای ھەڵەبجە کرد.
لە سەرەتای دیدارەکەدا شاندی میوان بەناوی خەڵکی ھەڵەبجە سوپاس و پێزانینیان بۆ ڕۆڵی سەرۆک بارزانی ھەبوو لە ھەوڵەکانی بۆ بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە و ئەو خزمەتگوزارییانەی کە پێشتر پێشکەش بە ھەڵەبجە کراون، ھەروەھا سوپاسی سەرۆکایەتیی ھەرێم و حکوومەتی ھەرێم و پەرلەمان و نوێنەرانی ھەرێمی کوردستانیان لە بەغدا کرد کە پێکەوە ھەوڵی جدییان دا بۆ سەرخستنی بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە، ھەروەھا داوایان کرد سەرۆک بارزانی بەردەوام بێت لە پاڵپشتییەکانی خۆی بۆ ھەڵەبجە و خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ دەڤەری ھەڵەبجە لەڕێی دامەزراوەکانی ھەرێم.
لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی بەگەرمی بەخێرھاتنی شاندی میوانی کرد و وێڕای ئاماژەدان بە مێژوو و قوربانیدانی ھەڵەبجە ڕایگەیاند، بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە تەنیا بابەتێکی مەعنەوی و لەپێناو گەیاندنی خزمەتگوزاریی زیاترە و بە قوربانیدان و گەورەیی ھەڵەبجە بەراورد ناکرێ، ھەروەھا ئەوەشی خستەڕوو کە بە شانازییەوە خۆی بە ئەندامێکی ئەنجوومەنی پشتیوانیی پارێزگای ھەڵەبجە دەزانێ و ئەرکی دامەزراوەکانی ھەرێمیشە ئەوەی لە توانایاندا بێت بۆ خزمەتگوزاریی ھەڵەبجە ئەنجامی بدەن.
ھەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی لەبارەی بارودۆخی سیاسی و پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ بەرچاوڕوونیی پێویستی خستەڕوو.