ھەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا سەرەخۆشی لە خانەوادەی خوالێخۆشبوو بەھمەن حسێن و حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان دەکات.
ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:
بۆ کۆچی دواییی خوالێخۆشبوو بەھمەن حسێن، بەرپرسی ئەنجومەنی گشتیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکار و ھاوڕێیانی بەڕێزی و حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان دەکەم، ھاوسۆز و ھاوخەمیانم. لە خوای مەزن داواکارم گیانی بخاتە بەر بەزەیی و میھرەبانیی خۆی و ئارامی و دڵنەوایی بە ھەمووان ببەخشێت.
خوالێخۆشبوو بەھمەن حسێن کە ھەر دوای تەواوکردنی زانکۆ لە تافی لاوێتییەوە، لە ڕۆژگاری سەختی خەباتدا، پەیوەندیی بە ڕیزەکانی شۆڕش و پێشمەرگەوە کرد، دڵسۆزانە و بە بیر و باوەڕێکی پتەو، خزمەتی گەل و نیشتمانەکەی کردووە. گیانی شاد و یادی ھەمیشە بە خێر بێت.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢٥/٥/١٦