ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازیی لە بەرپرسی نوێی نووسینگەی کونسوڵگەریی ژاپۆن کرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پشتیوانی خۆی بۆ سەرخستنی ئەرکەکانی لە پۆستە نوێیەکەیدا دەربڕی.
ئەمڕۆ شەممە ١٠ـی ئایاری ٢٠٢٥، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ھیتۆشی ئیشیزوکا بەرپرسی نوێی نووسینگەی کونسوڵگەریی ژاپۆن لە ھەولێر کرد.
سەرۆکی حکوومەت، وێڕای پیرۆزبایی دەستبەرکاربوون و دەربڕینی پشتیوانیی بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی، سوپاسی حکوومەتی ژاپۆن و بە تایبەتیش ئاژانسی ھاریکاری نێودەوڵەتی ژاپۆن "جایکا"ـی کرد کە چەندین پڕۆژەی گرنگ لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات.
ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا بەرپرسی نوێی نووسینگەی کونسوڵگەریی ژاپۆن لە ھەولێر، خواستی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دووپات کردەوە.
