Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
MON, 6 MAY 2024 03:53 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

پەروێز ڕەحیم: بۆ گرنگیی ڕێککەوتنی کاتیی بەغدا و هەولێر وا باشترە چاوەڕێی هەنگاوەکانی داهاتووی بەغدا بین
| KDP.info


هەولێر-KDP.info- مامۆستایەکی زانکۆ دەربارەی ڕێککەوتنی کاتیی هەرێمی کوردستان و بەغدا سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت دەڵێت، لە پرسی دانوستان و ڕێککەوتندا هیچ لایەنێک ناتوانێت هەموو ویست و داواکارییەکانی بسەپێنێت، بەڵکوو پرۆسەیەکی دوولایەنەیە.

پەیوەست بە ڕێککەوتنی کاتیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، د. پەروێز ڕەحیم قادر، دکتۆرا لە ئاسایشی نەتەوەیی و مامۆستای کۆلێژی زانستە سیاسییەکان- زانکۆی سەلاحەددین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ڕاستیدا ئەم ڕێککەوتنە کاتییە و تەنانەت شتێکی نوێ نییە، بەم واتایە کە بە هەندێ گۆڕانکارییەوە، ئەم ڕێککەوتنە درێژکراوەی ڕێککەوتنەکانی دیکەیە کە لە ئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا لە کابینە جیاجیاکان دەستی پێ کردووە و درێژەی هەبووە، بەڵام بڕیاری دادگەی فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان (هەرچەندە تاکلایەنە و دوور لە پرەنسیپە فیدراڵی و دەقە دەستوورییەکان بوو، دەشتوانین بڵێین لەژێر کاریگەریی هاوکێشە سیاسییەکانی پاش هەڵبژاردنی ١٠ی ١٠ی ٢٠٢١ ئەم بڕیارە دەرکرا) و پاشان بڕیاری دەستەی ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، وای کرد کە هەم هەرێمی کوردستان و هەم بەغدا جگە لە ڕێککەوتن هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی واقعی و دەستوورییان نەمێنێت.''

گوتیشی: ''لە لایەکی ترەوە، بڕیاری دەستەی ناوبژیوانیی پاریس دانی ناوە بە هەموو پرۆسەکانی دیکەی ڕابردوودا کە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە گیرابوونە بەر، جگە لە فرۆشتنی نەوت کە بەپێی بڕیارەکە دەبێت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بێت. لەم چواچێوەیەدا ئێستا ئەم ڕێککەوتنە باشترین دەرفەتە بۆ هەڵسەنگاندنی ویست و ئیرادە و نیەتی حکوومەتی فیدراڵی و بەتایبەتی لایەنە سیاسییە شیعە و سوننە بەشداربووەکانی کابینەی سوودانی کە لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی نووسراو لەگەڵ دوولایەنی سەرەکیی هەرێمی کوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) پێک هاتووە، کە ئایا پابەندی بەڵێنە نووسراوەکانیان بۆ پێکهێنانی کابینە و بەتایبەتی پاش ئەم ڕێککەوتنە دەبن، یان نا؟ جگە لەمانەش، دەرچوونی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی کە بەپێی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ مافی هەرێم و پارێزگا نەبەستراوەکان بە هەرێمی سەبارەت بە بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەکان ڕەچاو کردبێت، لەپاڵ جێبەجێکردنی بەرنامەکانی کابینەی سوودانی دەتوانێت بەشێک لە کێشەکان چارەسەر بکات.''

د. پەروێز ڕەحیم دەشڵێت: "بۆیە من جگە لە ڕەهەندە ئەرێنی و نەرێنییە داراییەکانی، لە ڕووی سیاسییەوە وەکوو دەرفەتێکی دەیبینم کە هەم ڕای گشتیی هەرێمی کوردستان و هەم ڕای گشتیی عێراق لەوە دڵنیا و ئاگادار ببنەوە کە ئایا مەبەستی عێراق بچووککردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و وەستاندن و لێدانە لە پێشکەوتنەکانی بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق لە هەموو ڕووە ئاسایشی و خزمەتگوزاری و کەرتە ژێرخانییەکان و ...هتدەوە، یاخود وەکوو خۆیان دەڵێن گوشارەکان بۆ ئەوەیە کە عێراق زیان نەکات لە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەژێر نرخی ڕۆژی بازاڕە جیهانییەکان!''

ئاماژەی بەوەش دا: ''ڕەهەندێکی دیکەی ئەو پرسە دەگەڕێتەوە بۆ خودی بابەتی دانوستاندن و ڕێککەوتن کە بەداخەوە بە مەبەستی تایبەت و بەهۆی ململانێی سیاسییەوە خراپ کەڵکی لێ وەرگیرا، یاخود بە ڕوانگەیەکی ئیجابی تر دەتوانین بڵێین کە بەوردی خوێندنەوەی بۆ نەکرا، چونکە لە پرسی دانوستان و پاشان ڕێککەوتن هیچ لایەنێک ناتوانێت هەموو ویست و داواکارییەکانی بسەپێنێت، بەڵکوو پرۆسەیەکی دوولایەنەیە کە هەردوو لایەن لە هەندێ داواکاری و خاڵ لە بەرژەوەندیی لایەنی بەرامبەر بە مەبەستی گەیشتنە ڕێککەوتن دەست هەڵدەگرن، بەم پێیەش هیج لایەنێک بە ڕەهایی دۆڕاو و براوە نییە، بەڵکوو هاوکێشەیەکی سیاسی و دانوستاندن و ڕێککەوتنێکی تەندروست و جێگیر و بەردەوامە کە "براوە-براوە" بێت.''

ئەم مامۆستایەی زانکۆ زیاتر دەڵێت: "ئەم بابەتەش بۆ هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی ڕاستە. لە لایەکی تریشەوە، تاوەکوو ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتیی گەلی کوردستان پاشەکشەی لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان نەکردووە و ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە کە ناکرێت بە پاساوی دەستەبەری دارایی و ئابووری پاشەکشە لە مافەکانی کورد لە عێراق بکرێت، هەم مافە دەستوورییەکان دەبێت پارێزراو بێت و هەم شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەکوو کیانێکی دەستووری لە عێراق و بەپێی یاسای بودجە دەبێت دەستەبەر بکرێت، بۆیە ناکرێت بە پاساوی پاراستن و دەستەبەری یەکێکیان ئەوەی تر پشتگوێ بخرێت، چونکە ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاشەکشە لە مافێکی دەستووری بکات ئەوە هیج گەرەنتییەک نییە کە حکوومەتی فیدراڵی قۆناغ بە قۆناغ بە میکانیزمی جۆراوجۆری سیاسی و دارایی و تەنانەت یاسایی مافەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان پێشێل نەکات و پشتگوێیان نەخات.''

لە کۆتاییشدا گوتی: ''دەتوانین بڵێین کە ئەگەر عێراق پابەند نەبێت بە ڕێککەوتنەکەوە، ئەوە هەم لەسەر ئاستی نێودەڵەتی و هەم ناوخۆی کوردستان و عێراق زیان دەکات، بەڵکوو بەپێچەوانەوە دەبێتە دەرفەتێک بۆ هەرێمی کوردستان، بۆیە وا باشترە کە لەم قۆناغەدا چاوەڕێی هەنگاوەکانی داهاتووی بەغدا بین.''

 

فایزە کۆیی


 




دوایین هەواڵەکان

پشتیوان سادق: لە ئاییندەی گەشی كوردستان دڵنیاین

SUNDAY, 05 MAY 2024 22:05:27

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ یەكشەممە 5/5/2024 لە كۆبوونەوەیەكدا بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێر باسی لەو ئاڵنگارییانە كرد كە كوردستان ڕووبەڕووی بووەتەوە و وێڕای ئەوەش گوتی: پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەن قەزییە و داکۆکیکاری مافە ڕەواکانی گەلی کوردستانە و بە هەموو توانایەک هەوڵ بۆ خزمەت و پارێزگاری لە دەستکەوتە بەدیهاتووەکان دەکات.

 
بێشکچی بۆ KDP: كورد دەتوانێت ململانێی زلهێزەكان بۆ بەرژەوەندیی دۆزی خۆی بقۆزێتەوە

SUNDAY, 05 MAY 2024 21:05:15

ھەولێر-KDP.info- ئیسماعیل بێشکچی، نووسەر و بیرمەندی گەورە و دۆستی گەلی کورد كە توانا و ئەزموونی بەشێكی تەمەنی لەپێناو مافەكانی گەلی كورددا خەرج كردووە و لەو پێناوەشدا تووشی ئەشكەنجە و دەردەسەریی زۆر بووەتەوە، لە نوێترین هەڤپەیڤینیدا باسی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی دەكات لەم دۆخەی ئێستا كوردستانی تێ كەوتووە و دەشڵێت، گرنگە کورد لە هەموو کاتێکدا و لە هەموو شوێنێکدا پێگەی کوردستانیی بوونی خۆی بپارێزێت.

 
لە ناوچە کوردستانییەکان حەوت نەخۆشخانەی گشتی دروست دەکرێن

SUNDAY, 05 MAY 2024 19:05:42

بەغدا-KDP.inf- سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، چەند نەخۆشخانەیەکی گشتی لە ناوچە کوردستانییەکان چوونەتە بواری جێبەجێکردن. دەشڵێت: لە مەخموور و شێخان و ناوچەی دیکەش نەخۆشخانەی گشتی دروست دەکرێن.

 
عەلی حوسێن: پارتی داوای ڕاستکردنەوەی ھەڵەکانی کردووە نەک دواخستنی ھەڵبژاردن

SUNDAY, 05 MAY 2024 19:05:33

سلێمانی -KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای (سلێمانی _ھەڵەبجە) رایگەیاند: پارتی دیموکراتی کوردستان داوای دواخستنی ھەڵبژاردنی نەکردووە و داوای ڕاستکردنەوەی ئەو ھەڵانەی کردووە پەیوەسستن بە ھەڵبژاردنەوە.

 
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گەیشتە تاران

SUNDAY, 05 MAY 2024 19:05:02

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گەیشتە تاران
تاران-KDP.info-  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمیی گەیشتە تاران.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و لەلایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە پێشوازی لێکرا.
 



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact