Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
MON, 6 MAY 2024 15:01 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

''پێکهاتەکان لەنێو کایەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندا''
| KDP.info


دهۆک-KDP.info- زاراوەی ''پێکهاتە''، یان ''کەمینە''، چەندین بۆچوونی لەسەر هەیە و چەندین پێناسەی جۆراوجۆری بۆ کراوە، ئەمەش بەپێی ناوچە و وڵات جیاوازیی هەیە و توانیویەتی چەندین ڕەهەندی قووڵ لە خۆی بگرێت، بۆیە بەهۆی ئەو ناکۆکی و سیراعاتەی لە ناوچەکەدا هەیە ئەم زاراوەیە زیاتر درەوشاوەتەوە و کەوتووەتە نێو باسە گرنگەکانی جیهانەوە.

زاراوەی ''پێکهاتە''، یان ''کەمینە''

هەندێک بۆچوون پێیاوان وایە پێکهاتەکان لە کۆمەڵگادا بەشێکی گرنگن و بەشیكیش پێیان وایە ئەوان کەمینەن لە کۆمەڵگادا، بۆیە هەندێک ڕای جیاواز هەیە لەسەر ئەم پرسە و ئەم زاراوەیە زیاتر لەو ناوچانە دەردەکەوێت کە ئەم بەشەی کۆمەڵگا تووشی پشتگوێخران بووە، یان ڕووبەڕووی ڕووداوێک بووەتەوە، بۆیە دنیای مافی مرۆڤ توانیویەتی لەو ناوچانەی ناکۆکی و ململانێیان تێدایە زیاتر فۆکسیان بخاتە سەر و بیانهێنێتە نێو دەسەڵاتی بڕیاردان و بە بەشێكی گرنگی بڕیاردانی سیاسی و ئیداری هەژمار بکرێن. یەکسانی لە نێوان تاکەکانی وەڵاتدا بە واتای جیاوازینەکردنە لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگەدا بە هەموو جیاوازییە ئایینی و ئیتنیکی و ئایینزایی و نەتەوەییەکانییەوە. هەرێمی کوردستان لەنێو ئەو وڵاتانەدایە کە ژمارەیەکی زۆر پێکهاتەی ئایینی و نەتەوەیییان تێدایە و جگە لەوەش، پێکهاتە و نەتەوە و ئایینەکانی تریش ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.

لەمپەری بەردەم پێکهاتەکان

پێکهاتەکان بە مەبەستی ڕیگریکردن لە سڕینەوەی ناسنامەیان پەنا دەبەنە بەر دەسەڵات و هێز بۆ ئەوەی دەسەڵاتیان هەبێت و هەست بە جیاوازی نەکەن و لەنێو تاکەکانی کۆمەڵگادا بن. زۆر جاریش هەیە ئەو کەمینە، یان پێکهاتانە ڕووبەڕووی ڕەگەزپەرستیی ئایینی، یان نەتەوەیی دەبنەوە و بێبەش دەبن لە پشکداربوونیان لە بڕیاری سیاسی و ئەگەر هێزێکی سیاسی، یان سەرکردەیەکی سیاسیی دەسەڵاتدار پشتیان بەر بدات ئەوا زۆر کێشەی سیاسی دێتە بەردەمیان. پێکهاتەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین لەبەردەم ئاستەنلی گەورەدان، جگە لە هەرێمی کوردستان. لە هەریمی کوردستان وەزارەتێک بە ناوی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینەکان لە دەسەڵاتی تەنفیزیدا دانراوە و ٨ نوێنەراتیی ئایینەکان لەوێ هەن و هەموو بەڕێوەبەرایەتیی گشتییان هەیە و کاروباری ئایینیی تایبەتی خۆیان بەڕێوە دەبەن لە هەموو هەرێمی کوردستاندا، ئەمەش بەپێی بڕیارێکی دەسەڵاتی یاساییی هەرێمی کوردستان کە ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٥یە بۆ پاراستنی مافی کەمینەکان و پێکهاتتەکان.

هەرێمی کوردستان و مامەڵەکردن لە دۆسیەی پێکهاتەکاندا

دەسەڵاتی کورد لە باشووری کوردستان لە چارەگە سەدەیەک زایاترە، بەڵام هەرێمی کوردستان توانیویەتی ڕوویەکی جوانی دەسەڵات نیشانی دەسەڵاتدارانی ناوچەکە بدات، چونکە تاکە هەرێمە توانیویەتی جوگرافیاکەی بکاتە چەترێک بۆ پاراستنی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکان و جگە لەوە توانیویەتی لە بڕیاردانی سیاسی و حکومەتیدا بەشدارییان پێ بکات، بەمەش توانیویەتی پەیام بە هەموو دنیای دەرەوە بگەیەنێت و وای کردووە کوردستان ببێتە زۆنی پاراستنی پێکهاتەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا. لەم بارەیەوە نەبەز ئیسماعیل کەمال، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەڵێت: "بەپێی یاسای ژمارە ٥ی ٢٠١٥، حەوت نوێنەراتیمان هەیە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی؛ ئێزدی، مەسیحی، زەردەشتی، کاکەیی، جوو، بەهائی و سابیئەی مەندائی. هەموو ئەم پێکهاتانە بەڕێوەبەراتیی خۆیان هەیە لەنێو وەزارەتی ئەوقافدا و هەموو کاروباری خۆیان بەڕێوە دەبەن لە حکومەتدا و مومامەرەسەی ڕێوڕسمەکانیان دەکەن."

ئەو گوتیشی: '' لە کاتی پێکهێنانی کابینەی ٩ی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا وەزارەتێکی نوێ دانرا بە ناوی وەزارەتی پێکهاتەکان، ئەویش بە پێکهاتەی تورکمان درا و ئایدن مەعرووف کرایە وەزیر. وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن کە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، پارتی ئەو پشکەی خۆی بە پێکهاتەی مەسیحی دا و ئانۆ جەوهەر کرایە وەزیر."

لەوبارەیەوە، سوزان خودێدە، یاساناس کە گرنگی بە کاروباری پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان دەدات پێی وایە: "لە کاتی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی و پێکهاتە ئایینییەکانی تر و هەروەها ئاوارەبوونی عەرەبەکانیش بە بڕیارێکی حکومەت دەرگای کوردستان بۆ تەواوی ئایین و ئایینزاکان کرایەوە و پارێزگاری لە هەموویان کرا و هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەکیان پێشکێش کرا و هەموو هەماهەنگییەک لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەڵەتییەکاندا کرا تا بە هانای پێکهاتەکانەوە بێن و هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە مرۆڤییەکان ڕەوشی پێکهاتەکانیان پێشانی جیهانیان دا تا وڵاتانی جیهان باش ئەوە بزانن کە ڕەوشی پێکهاتەکان لە ناوچەکانی دەرەوەی کوردستان سەقامگیر نییە و ئێستاش حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٢٠ کەمپی ئاوارەی هەن و زۆربەشیان لە کوردانی ئێزدین، هاوکات حکومەتی هەرێم هەمیشە بۆ سەقامگیربوونی ڕەوشی پێکهاتەکان کاری کردووە و بەردەوام لەگەڵ حکومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەر هێڵە بۆ باشترکردنی ڕەوشی پێکهاتەکان و موکڕە لەسەر ئەوەی کە پێکهاتەکان پارێزراو بن. بۆ نموونە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ باشتربوونی دۆخی ئێزدییەکان ڕێککەوتنێکی لە مانگی ئۆکتۆبەردا لەگەڵ حکومەتی عێراق کرد، بەڵام حکومەتی عێراق نایەوێت ئەو ڕێککەوتنە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و هەموو ئەمانە دەستکەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستانن.''

بەپێی قسەکانی سوزان خودێدا: "هەر لە دوای ٢٠١٤ـوە دەسەڵاتی جیبەجێکردن لە کابینەی ٨ کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکایەتیی حکومەتی دەکرد بە بڕیارێک نووسینگەیەکی تایبەت بە ئێزدییانی دامەزراند و تا ئێستا زیاتر لە ٣٥٠٠ کەسی ئێزدیی ڕزگار کردووە، ئەمەش هەنگاوێکی گەورە بوو بۆ تەواوی ئێزدیخان. هەروەها پێکهاتەکان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا کاریان بۆ نەهێشتنی جیاوازیی ئایینی کردووە و لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین حکومەتی هەرێمی کوردستان نموونەیەکی جوانی پێشکێشی وەڵاتانی جیهان کردووە."

بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی ھەرێمی کوردستان، سالار عوسمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئێمە لە هەیکەلیەتی وەزارەت دوو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پێکهاتەکانمان هەیە، ئەوانیش بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیریی تورکمان و مەسیحین. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە کوردستان هەرهی گەلی کورد نییە، بەڵکوو هی هەموو گەل و نەتەوەکانی نێو کوردستانە. ئێستا ئێمە لە بەردەم چەمکی جیاوازیداین، جیاوازی بە مانا بەرەهەمدارییەکەی، ئێستا لە هەرێمی کوردستان جیاوازیمان هەیە لە جیاوازیی ئایینی و فکری و نەتەوەیی و تێگەیشتنی کەلتووری بۆ ئەوەی بتوانین بەرهەمداری کەین بۆ فرەڕەنگی، بۆ ئەوەی بتوانین هێز لە یەکتری وەرگرین، ئەم تێگەیشتنەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرهی ئەمڕۆ نییە، هی سەرەتای ڕاپەڕینە، لە ڕێگای لیستی جیاوازەوە هەڵبژاردنی کردووە و دواجار لە هەیکەلیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا جێی بۆ هەموو نەتەوە و ئایینەکان کردووەتەوە و ئێستا ئەگەر سەیری کەین لە ئەوقاف و سەرۆکایەتیی حکومەت و پەرلەمان پێکهاتەکان هەن، ئەمەش مانای ئەوەیە حکومەتی هەرێم بڕوای بە جیاوازیی پێکهاتەکان و پێکەوەژیانی ئایینی هەیە، ئەمە هەر قسە و دروشم و تیۆر نییە، ئەمە لە واقیعی ژیانی جڤاکی و کۆمەڵایەتیدا هەیە، کورد لەگەڵ نەتەوەکانی تر و پێکهاتەکانی تر زۆر بە باشی ژیاوە و شارۆچکە و گوند هەن هەموو پێکهاتەکانیان تێدایە و نموونەیەکی سەیر گۆڕستان لە شەقڵاوە هەیە موسڵمان و مەسیحیی تێدایە، ئەمانە نیشانەی ئەوەیە ئێمە لەسەر ئەرزی واقیع پێکەوەهەڵکردن و جیاوازیمان هەیە. لەنێو یاسای وەزارەتی ڕۆشنبیری بڕوا بایەخی جیاوازی هەیە، بۆیەش ئەو بابەتەی خستووەتە نێو یاسای وەزارەتی ڕۆشنبیری."

دەسەڵاتی تەنفیزی هۆکارێک بۆ بەدەستهێنانی مافی پێکهاتەکان

بەپێی یاسای ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان- عێراق ژمارە (٣)ی ساڵی ١٩٩٢ و ماددەی (٨) و بڕگەی (٢) هاتووە کە ''پێشنیاز و ئامادەکردنی پرۆژەیاساکان و بەرزکردنەوەیانە بۆ ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستانی عێراق بۆ بڕیاردان''، ئەمەش مافی ئەوە دەدا بە ئەنجومەنی وەزیران کە پرۆژەیاساکانی پێوەندیدار بە مافی پێکهاتەوەکانەوە بەرز بکرێتەوە لەپێناو جەسپاندنی بیروباوەڕ و پرەنسیپی پێکەوەژیانی ئاشتیانە. هەروەها بەپێی یاسای ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکێ باڵای دەسەڵاتی تەنفیزییە و دەبێتە پاڵدەرێکی سەرەکیی سەقامگیریی سیاسی و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا و ئەمەش دەبیتە هۆکاری پاراستنی پێکهاتەکان و پاڵپشتیی سەرەکی و پێویست بۆ پاراستنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەنێو کۆمەڵگەدا. هاوکات بناغەی دەسەڵاتی جێبەجیکردن لە هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک یاسای هەیە کە مافی خوێندن و ڕۆشنبیری وکەلتووریی پێکهاتەکانی تێدایە و گرنگیی زۆریان پێ دراوە. لەو بارەیەوە پاڕیزەر، ملکۆ خۆشابا کە یەکێکە لە چالاکانی کرستیانەکان و پسپۆڕی کاروباری پیکهاتەکانە دەڵێت: "لە هەرێمی کوردستان ژماریەک یاسای جێبەجێکار هەن کاریان کردووە بۆ پێکهاتەکان، وەک مافی خوێندن و ڕۆشنبیری و کەلتووری و ئازادیی ئایینی و، ئەگەر فۆکس بخەینە سەر ئەو یاسایانە و یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان ژمارە (٥)ی ساڵی ٢٠١٥ی پەرلەمانی کوردستان، ئەم یاسایە پەیوەستە بە مافی خوێندن و ڕۆشنبیری کە گرنگییەکی زۆر و گەورە لەنێو ئەو یاسایەدا هەیە و بەربڵاوە لەنێو بڕگەکانیدا، ئەم یاسایانە ئەوە دەگەیەنن کە حکومەت مافی تاکەکەسیی بە هەموو کەسێکی نێو کۆمەڵگە داوە بەبێ جێاوازیی ئایینی و لەنێو ئەو پێکهاتانەش مافی یەکسانی و ژیانی سیاسی و ڕۆشنبیری. ئەم دەقانە ڕوون و ئاشکرا کەتوونەتە واری جێبەجێکرنەوە.''

ناوبراو دەشڵێت: ''دەبێ حکومەت پابەند بێت بە مافی زمانی دایک لە ناوەڕۆکی دابینکردنی مافی خوێندن و ڕۆشنبیری و بەڕێوەبردنی کەناڵەکانی ڕایگەیاندن و، حكومەت بەشەکانی تایبەت بە زمانی نەتەوەیی بۆ ئەو پێکهاتانە لە زانکۆکانی کوردستان و دامەزراندنی ئەکادیمیی زانستی و زمانی تایبەت بە ئەوانەش بکاتەوە بەپێی پێویستیان. ئێستا هەموو ئایینەکان لەنێو ناوەندەکانی خوێندندا و لە وەزارەت ئەوەیان بۆ چەسپێنراوە کە دەبێ هەموو پێکهاتەکان بە وانەی ئایینیی خۆیان بخوێنن، ئەمەش مافێکی زۆر گرنگە بۆ زێندووبوونەوەی پێکهاتەکان لەم وەڵاتەدا. هەروەها بەپێی یاسای وەزارەتی پەرەوەردە لە هەرێمی کوردستان زمانەکانی تورکمانی و سریانی و ئەرمەنی زمانی دایکن و دەبنە زمانی پەروەردە."

بەپێی قسەکانی خۆشابا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان: "یاسای وەزارەتی ڕۆشنبیری لە هەرێمی کوردستان جەخت لەو یاسایە دەکات کە بایەخێکی دیاری پێ بدرێت بۆ پاراستنی کاروباری ڕۆشنبیری و پاراستنی کلتووری پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان، هەروەها یاسای کۆتای هەڵبژاردن کە پیویستە لەنێو تۆمارێکی تایبەت پەڕی دەنگدان تایبەت بە لیستی پێکهاتەکان هەبێت بۆ دابینکردنی نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی پیکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە هەندێک یاسا هەن بایەخ بە پێکهاتەکان دەدەن، بەڵام ئەو یاسایە پێویستە بۆ دانانی میکانیزمێکی زیاتر کار بکات بۆ جێبەجێکردنی و گرنگیدان بە مافاکان کە دەبنە هۆکار بۆ دابینکردنی پرەنسیپی پێکەوەژیانی ئاشتیانە، ئەمەش جەخت لەوە دەکاتەوە سەرۆکایەتیی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە پاراستنی مافی پێکهاتەکان و ئەو دوو دەزگا باڵایەی وەڵات چەترێکی گرەنتیکارن بۆ پاراستن و زێندبوونەوەی پێکهاتەکان لە وەڵاتدا."

ئەمیر ئۆسمان مەولوود، بەڕێوەبەری پێکەوەژیانی ئایینەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارت دیموکراتی کوردستانی گوت: ''بەپێی یاسای حکومەتی هەرێم، هەموو دەسەڵاتێک بە ئایینەکان دراوە کە ئەوان نوێنەرایەتیی خۆیان دیاری بکەن و ئێمە لە وەزارەت هیچ دەستوەردانێک ناکەین و هەموو پشتگیرییەک دەکەین کە پێکهاتە ئایینییەکان ڕۆڵی گەورەیان هەبێت لە حکومەتدا و کاروباری ئایینیی خۆیان بکەن و بتوانین کوردستان بکەینە مەڵبەندی پێکەوەژیانی ئایینی، ئەوەی لە کورستانیش هەیە لە حکومەتدا پێکهاتەکان ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕن و دەتوانن بە ئازادانە و لە کەشێکی ئارامدا بۆنە و جەژن و مەراسیمە ئایینییەکانی خۆیان بگێڕن و حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانییەکی گەورەیان لێ دەکات."

لەسەر ئەم پرسە ئایدن مەعرووف، وەزیری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: ''ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو کارێک بۆ پێکهاتەکان دەکەین کەوا پێکهاتەکان بە ئازادانە بژین و حکومەتی هەرێم پشتیوانییەکی تەواو بە پێکهاتەکان دەدات و ئەمە بە یاسایا ڕێک خراوە، یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٥ هەنگاوێکی گرنگ بوو، ئەم یاسایە کەوتە بواری تەنفیزیشەوە و لە حکومەت پشتیوانیی بۆ پێکهاتەکان دەکرێت و ئەمەش ڕوویەکی جوانی ئازادیی ئایینیی داوەتە هەرێمی کوردستان و بووەتە نموویەک لە ناوچەکە و هاتنی پاپای ڤاتیکانیش بۆ هەرێمی کوردستان نموویەکی بەرچاو بوو."

هەمیشە هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی پێکهاتەکان توانیویەتی کارێک بکات نەک تەنیا لەنێو خۆیدا، بگرە لە دەرەوەشدا بیسەلمێنێت کار دەکات، سوزان گوتیشی: ''لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کە سەرۆکی حکومەتی ئەوکات نێچیرڤان بارزانی بوو، تیمێک بۆ پرسی بەجینۆسایدناساندنی کارەساتی ئێزدییەکان پێک هێنرا کە سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، بۆ ئەوەی کار بکات تا پرسی بەجینۆسایدناساندنی ئەو کارەساتە لە مەحفەلە نێودەوڵەتییەکان و لە دادگاکانی دنیادا ددانی پێدا بنرێت، چونکە پرسێکی گرنگ بوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان و خودی سەرۆکی حکومەت بە جددی کاری لەسەر ئەوەی کرد."

ئێستا لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ڕاوێژکارێک بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئێزدییان دانراوە.

سەرۆکایەتیی هەرێم چەترێک بۆ پێکهاتەکان

هەمیشە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ تەواوی لایەنە کوردستانییەکان و لە نێویشیاندا پێکهاتەکان بووەتە چەترێک و لەوبارەیەشەوە خودێدا گوتی: ''هەمیشە لە سەرۆکایەتیی هەرێم پێکهاتەکان وەک هەموو خەڵکی دیکە و بێ جیاوازی هەستیان بەوە کردووە کەوا وەک هەموو خەڵکی تر خاوەنی ئەم کوردستانەن و بینیشمان لە ڕۆژی یەکەمی کۆمەڵکوژیی ئێزدییان و لە ٢٠١٤ـوە تا ئێستا سەرۆکی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی، کار لەسەر ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزدی دەکات و هەمیشە دڵنیایی دەداتە ئێزدییان کە تا یەک کەسی ئێزدی بێسەروشوێن و ڕفێنراو مابێت ئەوان کار دەکەن بۆ ئەوەی ڕزگاری بکەن. جگە لەوەش، سەرۆکی هەرێم لە پرسی ناوچە جیناکۆکەکان چەندین گفتوگۆی لەگەڵ حکومەتی عێراق کردووە بۆ ئەوەی پێکهاتەکان بتوانن بە ئاشتیانە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و موڵکی خۆیان و ناوچەکانیان ئاوەدان بکەنەوە، هەروەها سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان چەندین جار لە ڕیگەی کۆبوونەوەی تایبەت بە پێکهاتەکانەوە لە نزیکەوە ئاگاداری ڕەوشی پێکهاتەکان بووە."

هاوکات وەزیری پێکهاتەکان، ئایدن مەعرووف، ئاماژەیشی دا: "سەرۆکایەتیی هەرێم لە چەندین کۆبوونەوەیدا پشتگیریی تایبەتی خۆی بۆ پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان دیار کردووە و چەندین کۆبوونەوەی تایبەتی بۆ پێکهاتەکان و گوێگرتن لە داواکارییەکانیان ساز کردووە و ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت کە پێکهاتەکان دەتوانن بە ئاسانی کێشەکانیان بگەیەننە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان."

هۆگر چەتۆ، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی هاوپەیمانیی پێکهاتەکانی عێراقیش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''سەرۆکایەتیی هەرێم ئێستا کۆمەڵێک ڕاوێژکاری تایبەت بە پێکهاتەکانی داناوە بۆ ڕیکخستنی کارەکانیان و دەیەوێت لە سەرۆکایەتیی هەرێم دەستەیەکی ڕاوێژکاری تایبەت بە پێکهاتەکان هەبێت. کاری سەرۆکایەتیی هەرێم زیاتر دیپلۆماسییەت و پەیوەندییەکانە و سەرۆکایەتیی هەرێم ئێستا لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی حکومەتی هەرێم و کۆبوونەوەکانی تریشیدا پشکداری بە پێکهاتەکان دەکات، ئەم ڕۆحیەتی پشکداریکردن و گرنگیدانە بە پێکهاتەکان جێگای گرنگیدانە و ئەگەر ئەم پرۆژەیە سەر بگرێت، سەرۆکایەتیی هەرێم دەتوانێت ڕۆڵێکی گەورەتر بگێڕێت و ئەوان بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی ئەو پرۆژەیەن و ئامادەکاریی خۆیان دەربڕیوە و چاوەڕێی ئەوەن ئەم بڕیارە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە."

 

ئامادەکردن و بەدواداچوونی کاروان باعەدری

 

 




دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی: ھەموو داواکاری بەغدامان بۆناردنی مووچە جێبەجێ کردووە

MONDAY, 06 MAY 2024 14:05:52

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی دارایی  حکومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ھەموو داواکارییەکانی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراقمان جێبەجێکردووە و لیستی مووچەشمان بۆ رەوانە کردوون، پێویستە بەغدا مووچە رەوانە بکات، چونکە ھیچ بیانوویەک نەماوە بۆ ئەوەی مووچەی مانگی نیسان رەوانە بکەن.

 
سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی خوێندنی باڵا و زانكۆكانی ئەردەن دەكات

MONDAY, 06 MAY 2024 14:05:03

ھەولێر-KDP.info-  ڕۆژی دووشەممە 6ی ئایاری 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی خوێندنی باڵا و زانكۆكانی ئەردەن كرد كە پێكهاتبوو لە دكتۆر مەئمون ئەلدوبعی جێگری وەزیری خوێندنی باڵای ئەردەن و سەرۆكەكانی نۆ زانكۆی ئەو وڵاتە و هەروەها بەڕێز فواد ئەلمەجالی كونسوڵی گشتیی ئەردەن لە هەولێر.

 
مەکتەبی سیاسی پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی (مام باپیر قەمتەرانی) دەکات

MONDAY, 06 MAY 2024 14:05:26

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی خوالێخۆشبوو (عەزیز محەمەد رەسووڵ) ناسراو بە(مام باپیر قەمتەرانی) دەکات.

 
جێگری پارێزگار بۆ KDP: تا ئێستا ھۆکاری سووتانی قەیسەری دیار نیە

MONDAY, 06 MAY 2024 13:05:58

ھەولێر-KDP.info- جێگری پارێزگاری ھەولێر ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی قەیسەری ھەولێر بەردەوامە و کەمتەرخەمیەکان دیاری دەکرێن و رێکاری پێویست دەگرینەبەر بۆ ئەوەی چیتر ئەو ڕووداوانە دووبارە نەبنەوە، چونکە خەریکە دەبێتە دیاردە.

 
مەسروور بارزانی پێشوازی لە لیژنەی شەهیدان و قوربانییان و زیندانییانی سیاسی پەرلەمانی عێراق کرد

MONDAY, 06 MAY 2024 13:05:36

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە، 05-06-2024، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە لیژنەی شەهیدان و قوربانییان و زیندانییانی سیاسی سەر بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact