Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SUN, 6 OCT 2024 12:28 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

شۆڕشی ئه‌یلوول ئەزموونێکی بێ وێنەی خەبات بوو
| KDP.info


قاره‌مان مه‌هدی

له‌ مێژووی كوردستاندا شۆڕشی ئه‌یلوول به‌هێزترین شۆڕشه‌، چونكه‌ ئه‌و شۆڕشه‌ ته‌نیا شۆڕشێكی ناوچه‌یی و ته‌نیا چه‌كداریی نه‌بووه‌، به‌ڵكو ئه‌و قۆناغه‌ به‌رجه‌سته‌یه‌ی له‌ دیرۆكی كوردستان تێپه‌ڕاندووه‌ و مێژوویه‌كی تازه‌ی له‌ شۆڕشكردن و تێكۆشان خوڵقاندووه‌، خه‌باتێكی سه‌رتاسه‌ری و هه‌مه‌لایه‌نه‌ی هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌ و وه‌رچه‌رخانێكی بابه‌تی له‌ مه‌یدانی به‌رخودان و ئازادیخوازییدا بنیاتناوه‌‌. كاتێ مێژووی شۆڕشه‌كه‌ ده‌خوێنینه‌وه‌ و شرۆڤه‌ی رێكخستنی هه‌یكه‌لی سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی و پێكهاته‌ ئیداری و كارگێڕی و پێشمه‌رگه‌یی و په‌روه‌رده‌ و زانست و رۆشنبیری و میدیایی و به‌شدارییه‌ فره‌ییه‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی‌ ده‌كه‌ین به‌ ڕوونی به‌و ڕاستیه‌ ده‌گه‌ین كه‌، ده‌كرێ نه‌ك ته‌نیا به‌ناوی (شۆڕش)، به‌ڵكو به‌ ناوی (حكوومه‌تی چیا)ش باسی ئه‌و شۆڕشه‌ كاریگه‌ره‌ بكرێت. زۆربه‌ی ئه‌و بنه‌ماو بوار و خه‌سڵه‌تانه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵات و كیانێكی ئاساییدا هه‌ن له‌وێشدا رێكخراو و به‌رقه‌رار بوونه‌، زۆرینه‌ی بوار و كایه‌ جیاجیاكان دامه‌زراوه‌ و ناوه‌ند و ئه‌نجوومه‌نی تایبه‌تیان بۆ پێكهێنراوه‌، په‌یڕه‌و و سیاسه‌ت و ستراتیژیه‌تی نوسراوی هه‌بووه‌، هه‌وڵه‌كانی و دروشم و ئامانجه‌كانی ته‌نیا چه‌كداری و پارتیزانی و كاتی و سنووردار نه‌بوونه،‌ به‌ڵكو قۆناغبه‌ندیه‌كی گشتگیر بوونه‌ بۆ خه‌باتی هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو تا گه‌یشتن به‌ رزگاری و ئه‌وجار بنیاتنان و دامه‌زراندنی كیانێك بۆ كوردستان.

له‌و شۆڕشه‌دا:

- پرۆسه‌ی دیموكراتی به‌ رێكارێكی مه‌بده‌ئیانه‌ په‌یڕه‌و كراوه‌، كۆنفرانس و كۆنگره‌ی حزبی هه‌بووه‌، كۆنفرانسی پیشه‌یی ئه‌نجامدراوه‌.

- ئه‌نجوومه‌نی دادگا هه‌بووه‌.

- ڕێكخراوه‌ پیشه‌یی و جه‌ماوه‌رییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی (مامۆستایان، ئافره‌تان، لاوان، قوتابیان) دامه‌زراون و له‌كاردا بوونه‌.

- زانست و په‌روه‌رده‌ بایه‌خی سه‌ره‌كیان پێدراوه‌.

- رێكخراوه‌كانی جووتیاران و زانایانی ئاینی كاریان كردووه‌.

- بواری ڕاگه‌یاندن و ڕۆژنامه‌گه‌ری به‌ چه‌ندین لق و پۆپیه‌وه‌ چالاك بووه‌.

- ئه‌نجوومه‌نی ته‌نفیزی له‌ سه‌ركردایه‌تی شۆڕش هه‌بووه‌.

- پێكه‌وه‌ژیان و مافی پێكهاته‌كان ده‌ستبه‌ر بووه‌.

- ئازادی ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی رێچكه‌ی گرتووه‌ و ته‌نانه‌ت پێكه‌وه‌ له‌ شۆڕشدا بوونه‌‌.

- كوردانی پارچه‌كانی تری كوردستان له‌م شۆڕشه‌دا به‌شداربوونه‌، هاوكات له‌پێناوی ئازاد ژیان هاتونه‌ته‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی شۆڕشه‌كه‌وه‌.

- دوای رێككه‌وتنامه‌ مێژووییه‌كه‌ی 11ی ئازاری 1970 ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ حكوومڕانیه‌ ئۆتۆنۆمیه‌ی له‌م به‌شه‌ی كوردستان به‌ده‌ستهێنراوه‌ بووه‌ته‌ نموونه‌یه‌كی شارستانی گه‌وره‌ له‌ بنیاتنانی سیسته‌می حكوومڕانی و بوژاندنه‌وه‌ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ژێرخان و سه‌رخانی زۆربه‌ی بواره‌كانی ژیان كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ مێژوویه‌كان و بیره‌وه‌ری و یاداشته‌كاندا وه‌ك‌ چیرۆكی پێشكه‌وتن و سه‌ركه‌وتن باسی لێوه‌ ده‌كرێت.  ‌

ئه‌و شۆڕشه‌ له‌ ته‌مه‌نی خۆیدا گه‌یشتووه‌ به‌ یه‌كێك له‌ قۆناغه‌ ستراتیژییه‌كانی كه‌ ئه‌ویش به‌ده‌ستهێنانی رێككه‌وتننامه‌ دیرۆكیه‌كه‌ی 11ی ئازاری ساڵی 1970 یه‌، كه‌‌ ده‌سكه‌وت و به‌رهه‌مێكی گرنگه‌ و یه‌كمجاربوو یه‌كێك له‌ حكوومه‌ته‌ داگیركه‌ره‌كانی كوردستان به‌ فه‌رمی دان به‌ بوونی كورد و خاوه‌ندارێتی كورد بۆ كوردستان بنێت‌. هه‌روها كاتێكیش شۆڕشه‌كه‌ و ئه‌و ده‌سكه‌وته‌ مێژووییه‌ی به‌ ده‌ستیهێنابوو كه‌وتنه‌ به‌ر پیلان و گه‌له‌كۆمه‌ی له‌باربردن و له‌لایه‌ن دووژمنان و داگیركه‌ران و وڵاته‌ به‌رژه‌وه‌ندپه‌رسته‌كانه‌وه‌ تووشی راوه‌ستانێكی كاتیی كرا، كه‌ ئه‌وه‌ش‌ ته‌نیا ناو و‌ هه‌یكه‌لی شۆڕشه‌كه‌ تووشی وه‌ستان بوونه‌، به‌ڵام باوه‌ڕ و ئامانجی شۆڕشه‌كه‌ و سه‌ركرده‌ و شۆڕشگێڕانی ئه‌و شۆڕشه‌ هه‌رگیز له‌ژێر ئه‌و واقیعه‌ دژواره‌ و ئه‌و مه‌رامه‌ دووژمنكارییه‌ تووشی وازهێنان و نائومێدی نه‌بوونه‌‌، به‌ڵكو به‌ هه‌مان ئیراده‌ و به‌ ناو و شێوازێكی تازه‌ی خۆڕێكخستنه‌وه‌وه‌‌ به‌رده‌وام بوونه‌ له‌ شۆڕش و كوردستانیان به‌ گۆڕه‌پانی راسته‌قینه‌ی خه‌بات داناوه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و وزه‌و هاندانه‌ خه‌باتگێڕییه‌ی كه‌ له‌و شۆڕشه‌دا ببوه‌ فێرگه‌ی هه‌ستی نیشتیمانپه‌روه‌ری تاكه‌كانی ئه‌م نیشتیمانه‌ كاریگه‌ری و ڕه‌نگدانه‌وه‌كه‌ی هێنده‌ به‌تین و چه‌سپاو بووه‌ له‌ هزر و گیانی رۆڵه‌كانی كوردستان و هه‌موو ئه‌وانه‌ی ڕۆژێك له‌و شۆڕشه‌دا بوونه،‌ ئه‌وه‌بوو دوای نسكۆی پڕ غه‌در دژی شۆڕشه‌كه‌ هه‌مووان ژیله‌مۆی شۆڕشه‌كه له‌ ناخیاندا گه‌رم بووه‌ و وایلێكردوون كه‌ شۆڕشگێڕی و پێشمه‌رگایه‌تی ببێت به‌ فۆرمی ژیانیان و له‌و دۆخه‌ دژواره‌شدا سه‌ركردایه‌تی و تێكۆشه‌رانی ره‌سه‌نی شۆڕشه‌كه‌ ببنه‌ پێشه‌نگی  به‌رده‌وامیدان‌ به‌ خه‌بات و (گوڵان)ی به‌رده‌بازی په‌ڕینه‌وه‌ به‌ره‌و راپه‌ڕین به‌رپا بكه‌ن. 

به‌گشتی ئه‌و‌ شۆڕشه‌، ئه‌و قۆناغ و سه‌رچاوه‌یه‌یه‌ كه‌، بناغه‌ڕێژ و دروستكه‌ری شۆڕشه‌كانی دوای نسكۆی 1975 بووه‌ به‌ هه‌موو ده‌نگ و ره‌نگه‌ جیاوازه‌كانیه‌وه‌ و لێره‌شه‌وه‌ بۆ راپه‌ڕین و ئه‌و ده‌سكه‌تانه‌ی هاتونه‌ته‌دی و ئه‌م قه‌واره‌ فیدراڵیه‌ی ئێستا له‌م به‌شه‌ی كوردستان له‌ ئارادایه.‌ بیروباوه‌ڕ و هه‌ست و گیانی كوردایه‌تی و خه‌باتگێڕی و ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كانی و ده‌سكه‌وت و به‌رهه‌مه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی شۆڕشه‌كه‌ له‌ ئێستاو داهاتووشدا به‌ زیندوویی ماونه‌ته‌وه‌ و ده‌مێننه‌وه‌ و وه‌ك خۆر رۆشنایی ده‌به‌خشێته‌ ‌سه‌ر هۆشیاری و كۆی ئاسته‌ جیاجیاكانی كۆمه‌ڵگه‌ و پرۆسه‌ی سیاسی و حكومڕانیمان له‌ هه‌رێمی فیدراڵی باشووری كوردستان.




دوایین هەواڵەکان

شیرین فوئاد مەعسووم بۆ KDP: پارتی حزبی خزمەتکردنە نەک خۆنمایشکردن

SUNDAY, 06 OCTOBER 2024 12:10:49

ھەولێر-KDP.info- کەسایەتیی دیاری سیاسیی کوردستان شیرین فوئاد مەعسووم دەڵێت، ھەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان، گرنگە بۆ نوێبوونەوەی شەرعیەتدان بە دەسەڵاتی یاسادانان و پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆیە پارتی لە ھەموو لایەنەکان زیاتر ھەست بە بەرپرسیارەتی دەکات و دەیەوێت ھەڵبژاردن بکرێت، ھەر بۆیە پارتی لە ژێر رێنمایی سەرۆک بارزانی بانگەشەیەکی ئارامی دەست پێکردووە، چونکە ئامانجی پارتی خزمەتکردنە و قوربانیی زۆری داوە و ئامادەشە قوربانیی زیاتر بۆ گەل و وڵاتەکەی بدات.

 
کاتژمێر 4ی ئەمڕۆ کەرنەڤاڵی پشتگیریی بۆ لیستی 190ی پارتی به‌ڕێوه‌ده‌چێت

SUNDAY, 06 OCTOBER 2024 11:10:41

ھەولێر-KDP.info- به‌ ئاماده‌بوونی نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان کەرنەڤاڵی پشتگیریی بۆ لیستی 190ی پارتی  لە  هەولێر  بەرێوەدەچێت.

 
کاتژمێر 12 كۆبوونەوەكەی مه‌سروور بارزانی لە دهۆک دەست پێدەكات

SUNDAY, 06 OCTOBER 2024 11:10:01

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ یەکشەممە 10/6، کاتژمێر 12ی نیوەرۆ  مەسروور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆ لە دهۆک کۆدەبێتەوە.

 
بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت 14 یاریگەی وەرزشی نۆژەن دەکرێنەوە

SUNDAY, 06 OCTOBER 2024 10:10:47

ھەولێر-KDP.info- بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان 14 یاریگەی تۆپی پێ بە گوژمەی 600 ملیۆن دینار، نۆژەن دەکرێنەوە.

 
پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ جەژنی جەما

SUNDAY, 06 OCTOBER 2024 09:10:33

ھەولێر-KDP.info- به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ په‌یامێكدا جه‌ژنى جه‌ماى له‌ خوشك و برایانى ئێزدى پیرۆز كرد، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact