قاره‌مان مه‌هدی
له مێژووی كوردستاندا شۆڕشی ئه‌یلوول به‌هێزترین شۆڕشه، چونكه ئه‌و شۆڕشه ته‌نیا شۆڕشێكی ناوچه‌یی و ته‌نیا چه‌كداریی نه‌بووه، به‌ڵكو ئه‌و قۆناغه به‌رجه‌سته‌یه‌ی له دیرۆكی كوردستان تێپه‌ڕاندووه و مێژوویه‌كی تازه‌ی له شۆڕشكردن و تێكۆشان خوڵقاندووه، خه‌باتێكی سه‌رتاسه‌ری و هه‌مه‌لایه‌نه‌ی هێناوه‌ته ئاراوه و وه‌رچه‌رخانێكی بابه‌تی له مه‌یدانی به‌رخودان و ئازادیخوازییدا بنیاتناوه. كاتێ مێژووی شۆڕشه‌كه ده‌خوێنینه‌وه و شرۆڤه‌ی رێكخستنی هه‌یكه‌لی سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی و پێكهاته ئیداری و كارگێڕی و پێشمه‌رگه‌یی و په‌روه‌رده و زانست و رۆشنبیری و میدیایی و به‌شدارییه فره‌ییه ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی ده‌كه‌ین به ڕوونی به‌و ڕاستیه ده‌گه‌ین كه، ده‌كرێ نه‌ك ته‌نیا به‌ناوی (شۆڕش)، به‌ڵكو به ناوی (حكوومه‌تی چیا)ش باسی ئه‌و شۆڕشه كاریگه‌ره بكرێت. زۆربه‌ی ئه‌و بنه‌ماو بوار و خه‌سڵه‌تانه‌ی له ده‌سه‌ڵات و كیانێكی ئاسایی‌دا هه‌ن له‌وێشدا رێكخراو و به‌رقه‌رار بوونه، زۆرینه‌ی بوار و كایه جیاجیاكان دامه‌زراوه و ناوه‌ند و ئه‌نجوومه‌نی تایبه‌تیان بۆ پێكهێنراوه، په‌یڕه‌و و سیاسه‌ت و ستراتیژیه‌تی نوسراوی هه‌بووه، هه‌وڵه‌كانی و دروشم و ئامانجه‌كانی ته‌نیا چه‌كداری و پارتیزانی و كاتی و سنووردار نه‌بوونه، به‌ڵكو قۆناغبه‌ندیه‌كی گشتگیر بوونه بۆ خه‌باتی هه‌نگاو به هه‌نگاو تا گه‌یشتن به رزگاری و ئه‌وجار بنیاتنان و دامه‌زراندنی كیانێك بۆ كوردستان.
له‌و شۆڕشه‌دا:
- پرۆسه‌ی دیموكراتی به رێكارێكی مه‌بده‌ئیانه په‌یڕه‌و كراوه، كۆنفرانس و كۆنگره‌ی حزبی هه‌بووه، كۆنفرانسی پیشه‌یی ئه‌نجامدراوه.
- ئه‌نجوومه‌نی دادگا هه‌بووه.
- ڕێكخراوه پیشه‌یی و جه‌ماوه‌رییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی (مامۆستایان، ئافره‌تان، لاوان، قوتابیان) دامه‌زراون و له‌كاردا بوونه.
- زانست و په‌روه‌رده بایه‌خی سه‌ره‌كیان پێدراوه.
- رێكخراوه‌كانی جووتیاران و زانایانی ئاینی كاریان كردووه.
- بواری ڕاگه‌یاندن و ڕۆژنامه‌گه‌ری به چه‌ندین لق و پۆپیه‌وه چالاك بووه.
- ئه‌نجوومه‌نی ته‌نفیزی له سه‌ركردایه‌تی شۆڕش هه‌بووه.
- پێكه‌وه‌ژیان و مافی پێكهاته‌كان ده‌ستبه‌ر بووه.
- ئازادی ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی رێچكه‌ی گرتووه و ته‌نانه‌ت پێكه‌وه له شۆڕشدا بوونه.
- كوردانی پارچه‌كانی تری كوردستان له‌م شۆڕشه‌دا به‌شداربوونه، هاوكات له‌پێناوی ئازاد ژیان هاتونه‌ته ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی شۆڕشه‌كه‌وه.
- دوای رێككه‌وتنامه مێژووییه‌كه‌ی 11ی ئازاری 1970 ئه‌و هه‌لومه‌رجه حكوومڕانیه ئۆتۆنۆمیه‌ی له‌م به‌شه‌ی كوردستان به‌ده‌ستهێنراوه بووه‌ته نموونه‌یه‌كی شارستانی گه‌وره له بنیاتنانی سیسته‌می حكوومڕانی و بوژاندنه‌وه و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ژێرخان و سه‌رخانی زۆربه‌ی بواره‌كانی ژیان كه له سه‌رچاوه مێژوویه‌كان و بیره‌وه‌ری و یاداشته‌كاندا وه‌ك چیرۆكی پێشكه‌وتن و سه‌ركه‌وتن باسی لێوه ده‌كرێت.
ئه‌و شۆڕشه له ته‌مه‌نی خۆیدا گه‌یشتووه به یه‌كێك له قۆناغه ستراتیژییه‌كانی كه ئه‌ویش به‌ده‌ستهێنانی رێككه‌وتننامه دیرۆكیه‌كه‌ی 11ی ئازاری ساڵی 1970 یه، كه ده‌سكه‌وت و به‌رهه‌مێكی گرنگه و یه‌كمجاربوو یه‌كێك له حكوومه‌ته داگیركه‌ره‌كانی كوردستان به فه‌رمی دان به بوونی كورد و خاوه‌ندارێتی كورد بۆ كوردستان بنێت. هه‌روها كاتێكیش شۆڕشه‌كه و ئه‌و ده‌سكه‌وته مێژووییه‌ی به ده‌ستیهێنابوو كه‌وتنه به‌ر پیلان و گه‌له‌كۆمه‌ی له‌باربردن و له‌لایه‌ن دووژمنان و داگیركه‌ران و وڵاته به‌رژه‌وه‌ندپه‌رسته‌كانه‌وه تووشی راوه‌ستانێكی كاتیی كرا، كه ئه‌وه‌ش ته‌نیا ناو و هه‌یكه‌لی شۆڕشه‌كه تووشی وه‌ستان بوونه، به‌ڵام باوه‌ڕ و ئامانجی شۆڕشه‌كه و سه‌ركرده و شۆڕشگێڕانی ئه‌و شۆڕشه هه‌رگیز له‌ژێر ئه‌و واقیعه دژواره و ئه‌و مه‌رامه دووژمنكارییه تووشی وازهێنان و نائومێدی نه‌بوونه، به‌ڵكو به هه‌مان ئیراده و به ناو و شێوازێكی تازه‌ی خۆڕێكخستنه‌وه‌وه به‌رده‌وام بوونه له شۆڕش و كوردستانیان به گۆڕه‌پانی راسته‌قینه‌ی خه‌بات داناوه، ته‌نانه‌ت ئه‌و وزه‌و هاندانه خه‌باتگێڕییه‌ی كه له‌و شۆڕشه‌دا ببوه فێرگه‌ی هه‌ستی نیشتیمانپه‌روه‌ری تاكه‌كانی ئه‌م نیشتیمانه كاریگه‌ری و ڕه‌نگدانه‌وه‌كه‌ی هێنده به‌تین و چه‌سپاو بووه له هزر و گیانی رۆڵه‌كانی كوردستان و هه‌موو ئه‌وانه‌ی ڕۆژێك له‌و شۆڕشه‌دا بوونه، ئه‌وه‌بوو دوای نسكۆی پڕ غه‌در دژی شۆڕشه‌كه هه‌مووان ژیله‌مۆی شۆڕشه‌كه له ناخیاندا گه‌رم بووه و وایلێكردوون كه شۆڕشگێڕی و پێشمه‌رگایه‌تی ببێت به فۆرمی ژیانیان و له‌و دۆخه دژواره‌شدا سه‌ركردایه‌تی و تێكۆشه‌رانی ره‌سه‌نی شۆڕشه‌كه ببنه پێشه‌نگی به‌رده‌وامیدان به خه‌بات و (گوڵان)ی به‌رده‌بازی په‌ڕینه‌وه به‌ره‌و راپه‌ڕین به‌رپا بكه‌ن.
به‌گشتی ئه‌و شۆڕشه، ئه‌و قۆناغ و سه‌رچاوه‌یه‌یه كه، بناغه‌ڕێژ و دروستكه‌ری شۆڕشه‌كانی دوای نسكۆی 1975 بووه به هه‌موو ده‌نگ و ره‌نگه جیاوازه‌كانیه‌وه و لێره‌شه‌وه بۆ راپه‌ڕین و ئه‌و ده‌سكه‌تانه‌ی هاتونه‌ته‌دی و ئه‌م قه‌واره فیدراڵیه‌ی ئێستا له‌م به‌شه‌ی كوردستان له ئارادایه. بیروباوه‌ڕ و هه‌ست و گیانی كوردایه‌تی و خه‌باتگێڕی و ئامانجه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كانی و ده‌سكه‌وت و به‌رهه‌مه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی شۆڕشه‌كه له ئێستا‌و داهاتووشدا به زیندوویی ماونه‌ته‌وه و ده‌مێننه‌وه و وه‌ك خۆر رۆشنایی ده‌به‌خشێته سه‌ر هۆشیاری و كۆی ئاسته جیاجیاكانی كۆمه‌ڵگه و پرۆسه‌ی سیاسی و حكومڕانیمان له هه‌رێمی فیدراڵی باشووری كوردستان.