ھەولێر-KDP.info- جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە ڕایگەیاند، لیژنەی گەڕاندنەوەی بەشێک لە داھاتی مەرزەکان بۆ ھەڵەبجە دروستکراوە و نوێنەری ئێمەشی تێدایە و بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە ھەڵەبجە دەبوژێتەوە.
کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە سەردانی سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی بۆ پارێزگای ھەڵەبجە، یاداشتێکی نۆ خاڵیمان پێدا، تێیدا داوامان کردبوو پەرە بە مەرزەکان بدرێت و مەرزی سازان بکرێتەوە و بەشێک لە داھاتی بگەڕێتەوە بۆ ھەڵەبجە و گرنگیدان بە پڕۆژەکان لە مەرزەکان و پڕۆژەکان بەگشتی".
ناوبراو گوتیشی: "سەرۆکی حکوومەت بڕیاریدا نسبەیەک لە داھاتی مەرزەکان بە بەردەوامی دەیگەڕێنێتەوە بۆ چاکسازی لە مەرزەکاندا، لیژنەیەکیش دروستکراوە لە ئەنجوومەنی وەزیران بە ئەندامییەتی پارێزگای ھەڵەبجە".
عەلی زیاتر دەڵێ: "لیژنەکە سەردانی ھەڵەبجە دەکات و لەگەڵ ئیدارەی پارێزگاکە یەکەمین کۆبوونەوەی خۆیان دەکەن، بۆ ئەوەی ڕێژەی داھاتی گەڕاوە بۆ ھەڵەبجە دیاری بکرێت و گرفتەکان دەست نیشانبکرێت، بەتایبەتیش کاراکردنی بەڕێوەبەرایەتی گومرگی پارێزگای ھەڵەبجە، تاوەکو ئێستاش داھاتی مەرزی پشتە و تەوێڵە ناگەڕێتەوە بۆ ھەڵەبجە".
جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە ئاماژە بەوەش دەکات: "سەرۆکوەزیران ئەم بڕیارەی تەنھا بۆ پارێزگای ھەڵەبجە داوە، جێبەجێکردنی بڕیارەکە بووژانەوە بە پارێزگای ھەڵەبجە دەدات بەھۆی ئەوەی داھاتی مەرزەکان زیاتر دەبێت، گرفتی ڕێگاوبان و ساحەکانی مەرزەکان چارەسەر بکرێ ئەوە داھاتیان چەندان قات دەبێت، بۆیە بەگشتی پارێزگای ھەڵەبجە سوودی باشی لێدەبینێت".
عەزیز ڕەسووڵ